لەبارەی گەورەیی قورئان و کاریگەری و ئادابی خوێندنەوەی
چل فەرموودە
لەبارەی گەورەیی قورئان و کاریگەری و ئادابی خوێندنەوەی
لێرەدا تەنها بە ناوهێنانی دەقی فەرموودەکان لەگەڵ دانانی ناونیشانی گونجاو بۆ ناوەڕۆکەکەیان و پۆلێنی فەرموودەکان بەگوێرەی ناوەڕۆک دەوەستم و ڕاڤە و ڕوونکردنەوەی ئەو خاڵانەی تێیاندایە، ڕەنگە پێویست بێت لە شوێنی تردا ئەوە بکرێت. سنوورداریش نابم بە ژمارەی چلەوە، چونکە ئەو فەرموودانەی هانمان دەدەن بۆ لەبەرکردنی چل فەرموودە، ئەوەی لێ تێ ناگەین کە زیاد لە چلی کردبێت بە مەرج، کەواتە زیاد لە چل باشترە.
1. زەروورەتی فێربوونی
لە ئەبو عەبدوڵڵا (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرموویەتی: پێویستە ئیماندار نەمرێت تا فێری قورئان دەبێت، یان لە کاتی فێربوونیدا بێت.([1])
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) ڕیوایەت کراوە دەفەرموێت: خودا عەزابی دڵێک نادات کە لە قورئان تێ گەیشتبێت.(2)
هەر لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: باشترینتان ئەوەیە کە فێری قورئان دەبێت و خەڵکیش فێر دەکات.(3)
هەر لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: هەڵگرانی قورئان لە دونیا، عارفانی ئەهلی بەهەشتن لە ڕۆژی قیامەتدا. (4)
هەر لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: قورئان دەوڵەمەندییە کە هیچ دەوڵەمەندییەک جگە لەو نییە و هیچ هەژارییەکیشی لەدوا نییە. (5)
هەر لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: کاتێک مامۆستا بە منداڵ دەڵێت: بسم الله الرحمن الرحیم، منداڵەکەش دەڵێت: بسم الله الرحمن الرحیم، ئەوە دەبێتە پاکبوونەوەی منداڵەکە و باوک و دایکی و مامۆستاکەشی. (6)
لە ئەبو عەبدوڵلاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: حافزی قورئان کە کاریشی پێ بکات، لەگەڵ سەفیرانی بەڕێزدان (السفرة الکرام البررة). ([2])
2. فێربوونی قورئان گەورەترین نیعمەتە
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: هەرکەسێک قورئان بخوێنێت و گومان بکات کەسێک شتێکی لەوە باشتری پێ دراوە، ئەوە ئەو شتەی بە کەم زانیوە کە خودا بە گەورەی زانیوە و شتێکی بە گەورە زانیوە کە خودا بە کەمی زانیوە.([3])
3. قورئان تکاکارێکی قسەوەرگیراوە و سکاڵاکارێکی باوەڕپێکراوە
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێرنەوە فەرمووی: کاتێک فیتنەکان چواردەوریان گرتن وەک شەوی تاریک، دەست بە قورئانەوە بگرن، چونکە قورئان تکاکارێکی قسەوەرگیراوە و سکاڵاکارێکی متمانەپێکراوە، هەرکەسێک بیکات بە ڕابەری خۆی بەرەو بەهەشتی دەبات، ئەو کەسەش کە پشتگوێی بخات، پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ئاگر. قورئان ڕێنوێنە و باشترین ڕێگە نیشان دەدات، کتێبێکە درێژەی شتەکانی تێدایە و ڕێگای بەدەستهێنانی تێدا ڕوون کراوەتەوە، تا ئەوەی فەرمووی: سەرسووڕهێنەرەکانی تەواو نابێت و شتە غەریبەکانی بە کۆتا ناگات، چرای هیدایەتە و هێمای حیکمەتە.([4])
4. سیفەتی قورئان خوێنان
لە ئەبوو عەبدوڵلاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: پێویستە ئەوەی قورئان دەخوێنێت، ئەگەر بەلای ئایەتێکدا تێپەڕی کە لێپرسینەوە و ترساندنی تێدا بوو، لەو کاتەدا باشترین شت کە ئاواتی پێ دەخوازرێت داوا بکات و داوای سەلامەتی بکات لە ئاگر و عەزاب.(4)
هەروەها لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) ڕیوایەت کراوە فەرمووی: من سەیرم لێ دێت چۆن پیر نابم کاتێک قورئان دەخوێنم.(5) لە وتاری ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام)د الە وەسفی ئەهلی تەقوادا دەفەرموێت: شەوانیش بەپێوە دەوەستن تا بەشەکانی کتێبی خودا یەک لە دوای یەک دەخوێنن، پێی خەمبار دەبن و ناڕەحەتییەکانی خۆیانی پێ چارە دەکەن، بۆ گوناهەکانیان دەگرین و برینەکانیان پێ دەکولێننەوە، کاتێکیش بەلای ئایەتێکدا تێپەڕن ترساندنی تێدا بێت، گوێی لێ دەگرن بە دڵ و بینایی، موویان گرژ دەبێت بەهۆیەوە و دڵیان ڕادەچڵەکێت، گومان دەکەن کە دەنگ و کڵپە جەهەنەم لە گوێچکەیاندایە، کاتێکیش بەلای ئایەتێکدا تێ دەپەڕن کە ئومێد و مژدەی تێدایە، بە ئومێدەوە ڕووی تێ دەکەن و نەفسیان بە شەوقەوە بۆلای دەچێت و وا هەست دەکەن لەبەر چاویانە.([5])
5. ڕێزگرتن لە هەڵگرانی قورئان واجبە و بێڕێزیکردن پێیان حەرامە
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: ئەهلی قورئان لە بەرزترین پلەی مرۆڤەکاندان جگە لە پێغەمبەران، کەواتە مافی ئەهلی قورئان پێشێل مەکەن، ئەوانە لای خودای عەزیز و جەبار جێگەیان هەیە.([6])
6. پاداشتی ئەو کەسەی فێربوون و لەبەرکردنی قورئانی لا دژوارە
لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: ئەوەی قورئان لەسەری قورس بێت دوو پاداشتی هەیە، ئەوەش کە ئاسان بێت بۆی لەگەڵ یەکەمەکانە.([7])
هەر لە ئیمام سادقەوە (علیه السلام) فەرمووی: ئەوەی قورئان دەخوێنێت و لەبەری دەکات بە قورسی دوو پاداشتی هەیە.([8])
7. واجبێتیی خوێندنی بیسمیللا پێش سوورەتەکان
لە ئیمام سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: کاتێک کەسێک ئیمامەت دەکاتم شەیتانێک دەچێت بۆلای شەیتانێکی تر کە قەرینی ئیمامەکەیە و دەڵێت: ئایا زیکری خودای کرد؟ واتە ئایا بیسمیللای خوێند؟ ئەگەر بڵێ بەڵێ، ڕا دەکات و ئەگەر بڵێ نەخێر، سواری گەردنی ئیمام دەبێت و قاجەکانی شۆڕ دەکاتەوە بەسەر سنگیدا و بەردەوام شەیتان لەپێش خەڵکەکەوەیە تا لە نوێژ دەبنەوە.([9])
8. سوننەتە کاتی سەردانی قەبر قورئان بخوێنرێت
لە کتێبی (من لا یحضـره الفقیه)دا لە ئیمامی ڕەزا (علیه السلام) ڕیوایەت دەکات کە فەرمووی: هەر بەندەیەکی ئیماندار زیارەتی قەبری ئیماندارێکی کرد و سوورەتی قەدری حەوت جار خوێند، خودا کە گوناهی ئەو و خاوەنی قەبرەکەش خۆش دەبێت.([10])
لە ڕیوایەتێکی تردا هاتووە: لە ترسانە گەورەکە ڕزگاری دەبێت. لەم واتایەدا ڕیوایەتی جۆراوجۆر هاتووە.
لە دانەیەکی تردا هاتووە کە سوننەتە سورەتی فاتیحە و مەعوەزەتەین و تەوئید و ئایەتەلکورسی هەریەکەی سێ جار بخوێنرێت و لەبارەی پاداشتەکەیەوە هاتووە: خودای گەورە فریشتەیەکی بۆ دەنێرێت لای گۆڕەکەی عیبادەت دەکات و پاداشتی ئەوەی فریشتەکە ئەنجامی دەدات بۆ ئەو و مردووەکەش دەنووسرێت، کاتێک خودا لە گۆڕەکەی زیندووی دەکاتەوە بەلای هەر مەترسییەکدا بڕوات خودا لای دەدات بەو فریشتە دیاریکراوە تا دەیباتە بەهەشتەوە.
9. گەورەیی فێربوونی قورئان لە لاویدا و کاریگەرییەکانی
لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: هەرکەسێک قورئان بخوێنێت لە کاتێکدا کە لاوێکی ئیماندارە، قورئان تێکەڵی گۆشت و خوێنی دەبێت و خودا دەیکات بە سەفیری بەڕێز و گرانبەها و قورئان لە ڕۆژی دواییدا بۆی دەبێت بە پارێزەر و دەڵێت: خودایە! هەموو کرێکارێک کرێی کارەکەی خۆی وەرگرت کرێکارەکەی من نەبێت، خودایە باشترین بەخششی خۆتی پێ ببەخشە، دەڵێت خودای گەورە و عەزیز و جەبار دوو کراسی لە کراسەکانی بەهەشت دەکاتە بەر و تاجی کەرامەت لەسەر سەری دادەنرێت، پاشان پێی دەگوترێت: ئایا لەبارەیەوە ڕازیمان کردنیت؟ قورئان دەڵێت: خودایە من حەزم لە شتی لەوە زیاتر بوو، دەڵێت: ئەمن دەدرێت بە دەستی ڕاستیەوە و خولد دەدرێتە دەستی چەپی پاشان دەخرێتە بەهەشتەوە، پاشان پێی دەڵێن: ئایەتێک بخوێنە و پلەیەک بەرز ببەرەوە، پاشان پێی دەڵێن: ئایا مافی خۆیمان پێ دا و ڕازیمان کردیت؟ دەلێت: بەڵێ.([11])
10. زەروورەتی منداڵان فێری قورئان کردن
لە پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: دایک و باوکی هەڵگری قورئان ئەگەر ئیماندار بن دوو جلیان لەبەر دەکرێت، پاشان پێیان دەگوترێت ئەمە لەبەر ئەوەیە کە فێری قورئانتان کردووە.([12]) لە فەرموودەیەکدا لە ئەمیری ئیماندارانەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: خودا دەیەوێت هەموو ئەهلی زەوی عەزاب بدات بە جۆرێک کەسیان لێ دەرنەچێت کاتێک کە تاوان و سەرپێچییان ئەنجام دا، بەڵام کاتێک دەبینێت پیرەکان بەرەو نوێژ هەنگاو دەنێن و منداڵان دەبینێت فێری قورئان دەبن، بەزەیی پێیاندا دێتەوە و سزاکەیان دوا دەخات.([13])
11. جۆرەکانی قوئانخوێنان و سیفەتی قورئانخوێنی ڕاستەقینە
لە ئەبو جەعفەر (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرمووی: قورئانخوێنان سێ جۆرن: کەسێکیان قورئان دەخوێنێت و دەیکات بە کاڵا و بەهۆیەوە بە دەوری پاشا و دەسەڵاتداراندا دەخولێتەوە و ستەمی پێ لە خەڵک دەکات، کەسێکیان قورئان دەخوێنێت، پیتەکانی لەبەر دەکات بەڵام سنوورەکانی دەشکێنێ([14]) و وەک ئامێرێک سوودی لێ دەبینێت. خوا نموونەی ئەو جۆرە قورئانخوێنە زۆر نەکات! کەسێکی تریان قورئان دەخوێنێت و دەرمانی قورئان لەسەر دەردی دڵی دادەنێت، شەوان بەهۆی قورئانەوە بێدار دەمێنێت و بە ڕۆژ بەهۆیەوە تینووی دەبێت و لە مزگەوتەکاندا بەهۆیەوە دەمێنێتەوە و نوێژ دەکات و لە جێگەی نووستنەکەی دوور دەکەوێتەوە. خوای گەورە بەهۆی ئەوانەوە بەڵا دوور دەخاتەوە و بەهۆی ئەوانەوە دوژمن شکست دەدات و بەهۆی ئەوانەوە باران لە ئاسمان دەبارێنێت، سوێند بە خودا ئەو قورئانخوێنانە لە کبریتی سوور کەمتر دەست دەکەون.([15])
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: ئەی هەڵگری قورئان! خاکی بە خودا بەرزت دەکاتەوە، فیزی پێوە لێ مەدە چونکە خودا زەلیلت دەکات، ئەی هەڵگری قورئان! خۆتی پێ بڕازێنەرەوە لەبەر خودا، خودا بەهۆی قورئانەوە دەتڕازێنێتەوە، لەبەر خەڵک خۆتی پێ مەڕازێنەوە خودا ناشیرینت دەکات.(2)
12. تێگەیشتن لە قورئان، ئاستێکی نزیکە لە پێغەمبەرایەتییەوە
لە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: هەرکەسێک قورئان خەتم بکات، پێغەمبەرایەتی لە نێوان دوو دەستیدایە، بەڵام وەحیی بۆ نایەت.(3)
13. کامڵترین ڕێگە بۆ خوێندنەوەی قورئان ئەوەیە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بیخوێنیتەوە نەک هەر سوورەتەو بەجیا.
لە زوهری دەگێڕنەوە وتی: بە عەلیی کوڕی حوسەینم (علیهم السلام) وت: باشترین کردەوە چییە؟ وتی: (الحالّ المرتحل) وتم ئەوە چ شتێکە؟ وتی: کردنەوەی قورئان و خەتم کردنی، هەرکاتێک لە سەرەتاوە دەستی پێ بکەیت، بیگەیەنیتە کۆتایی.(4) لە (النهایة)دا هاتووە: پرسیار کرا: چ کردەوەیەک باشترینە؟ فەرمووی: (الحال المرتحل)، وتیان چ شتێکە؟ وتی: کەسێکە کە خەتمەکەی بە دەسپێکی خەتمێکی تر دوایی دێنێت لە سەرەتاوە، چوێندراوە بە ڕێبوارێک کە دەگاتە مەنزڵێک و تێیدا نیشتەجێ دەبێت، پاشان دەست دەکاتەوە بە گەشت، قورئانخوێنەکانی مەککەش وا بوون، کاتێک قورئانیان خەتم دەکرد دەستیان دەکرد بە خەتمێکی تر و سوورەتی فاتیحە و پێنج ئایەتی سەرەتای سوورەتی بەقەرەیان دەخوێندەوە تا دەگاتە (هم المفلحون) و دەوەستان، ئەوەی وای بکردایە، ناویان دەنا (الحال المرتحل) واتە نیشتەجێی ڕاگوزەر، بە واتای کەسێک کە قورئان خەتم دەکات و دەست پێ دەکاتەوە بە خوێندنی سەرەتای قورئان بەبێ ئەوەی مەودای کاتی بخاتە نێوانەوە.
لەم واتایەدا فەرموودەیەک لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە: پێیان گوت: ئەی کوڕی پێغەمبەری خودا! باشترین پیاو کێێە؟ فەرمووی: (الحال المرتحل) وتیان: ئەی کوڕی پێغەمبەری خودا! (الحال المرتحل) کێیە؟ فەرمووی: دەسپێکەری خەتمکەر، ئەوەی قورئان دەخوێنێت و خەتمی دەکات، لای خودا دوعای گیرا دەبێت.([16])
14. وەسێت بە زۆر خوێندنەوەی قورئان
لە وەسێتی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وآله) بۆ ئیمامی عەلی (علیه السلام) هاتووە فەرمووی: پێویستە لە هەموو حاڵەتێکدا قورئان بخوێنیتەوە.([17])
15. پاداشتی خوێندنەوەی قورئان
لە ئیمام سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: لەسەرتانە قورئان بخوێننەوە، چونکە پلەکانی بەهەشت بەپێی ژمارەی ئایەتەکانی قورئانە، کاتێک ڕۆژی قیامەت دێت، بە قورئانخوێن دەوترێت: بخوێنە و بەرزبەرەوە، هەر ئایەتێک دەخوێنێتەوە پلەیەک بەرز دەبێتەوە.([18])
لە ئەبوو جەعفەرەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) فەرمووی: هەرکەسێک دە ئایەت لە شەودا بخوێنێت لە بێئاگایان هەژمار ناکرێت، هەرکەسێک پەنجا ئایەت بخوێنێت، لە زیکرکەران دەژمێرێت، ئەوەی سەد ئایەت بخوێنێت لە قانیتان دەژمێردرێت و ئەوەی دووسەت ئایەت بخوێنێت لە خاشیعان دەژمێردرێت و ئەوەی سێسەد ئایەت بخوێنێت لە براوەکان دەژمێردرێت، ئەوەی پێنجسەد ئایەت بخوێنێت لە موجتەهیدین حساب دەکرێت، ئەوەی هەزار ئایەت بخوێنێت قینتارێکی بۆ دەنووسرێت، قینتار پەنجا هەزار مسقاڵ زێڕە، مسقاڵێک بیست و چوار قیراتە، بچووکترینیان وەک کێوی ئوحەد وایە و گەورەترینیان بە ئەندازەی نێوانی ئاسمان و زەوییە.([19])
16. زەروورەتی پاراستنی ئەوەی لە قورئان فێری بوویت و پشتگوێ نەخستنی تا لەبیر نەچێتەوە.
لە یەعقووبی ئەحمەڕەوە ڕیوایەت کراوە کە دەڵێ: بە ئەبو عەبدوڵا (علیه السلام)م وت: قەرزێکی زۆرم لەسەرە و خەریکە قورئانم لەبیر دەچێتەوە، فەرمووی: ئاگات لە قورئان بێت! ئایەتێک لە قورئان و سوورەتێکی لە ڕۆژی قیامەتدا دێت تا دەگاتە سەد پلە –واتە لە بەهەشتدا- و دەڵێت: ئەگەر منت لەبەر بکردایە دەمگەیاندیتە ئێرە.([20])
منیش دەڵێم: باس کرا کە پاراستنی مەعنەویی قورئان بە واتای ڕەچاوکردنی سنوورەکانی و واتاکانی و پابەندبوونە بە ئەمر و نەهیەکانیەوە.
17. سوننەتە قورئانخوێندن بە دەسنوێژەوە بێت
لە موحەمەدی کوڕی فوزەیلەوە ڕیوایەت کراوە لە ئەبو حەسەن (علیه السلام) دەڵێت: لێم پرسی: قورئان دەخوێنم، پاشان تەنگاو دەبم، دەچمە سەر ئاو و خۆم پاک دەکەمەوە و دەستم دەشۆم و دەگەڕێمەوە بۆ لای قورئانەکەم، ئایا بۆم هەیە بیخوێنم؟ فەرمووی: نەخێر تا دەسنوێژ نەگریت وەک بۆ نوێژی دەگریت.([21])
هەروەها لێیەوە ڕیوایەت کراوە (علیه السلام): هەر قورئانخوێنێک کە پیتێک لە قورئان دەخوێنێت لە نوێژدا بە پێوە سەد چاکەی بۆ دەنووسرێت و بە دانیشتنەوە پەنجا چاکە و بە دەسنوێژەوە لە دەرەوەی نوێژ بیست و پێنج چاکە و بە بێ دەسنوێژ دە چاکە. مەبەستم ئەوە نییە تەنها بۆ وشەی (المر)، بەڵکو بۆ ئەلف دە و لام دە و میم دە و راء دە.([22])
18. سوننەتە پێش قورئان خوێندن ئیستیعازە بکرێت
لە حەلەبییەوە لە ئەبو عەبدوڵاوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە، دەڵێت: لێم پرسی لەبارەی پەنا گرتن لە شەیتان لە سەرەتای هەموو سوورەتێکدا، فەرمووی: بەڵێ، پەنا بە خودا بگرە لە شەیتانی وەدەرنراو.([23])
لە ئەمیری ئیماندارانەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە، فەرمووی: پەناگرتن بە خودا لە شەیتان شتێکە خودا فەرمانی بە بەندەکانی کردووە پیی کاتی خوێندنی قورئان و فەرموویەتی: [فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ] واتە: کاتێک قورئان دەخوێنیت، پەنا بە خودا بگرە لە شەیتانی وەدەرنراو. ئەوەی بە ئەدەبی خودا خۆی بڕازێنێتەوە، بەرەو سەرکەوتنی هەمیشەیی دەیبات.([24])
19. قورئان پەیمانی خوایە و پیویستە موسوڵمان ڕۆژانە بیخوێنێتەوە
لە ئەبوعەبدوڵاوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە فەرمووی: قورئان پەیمانی خودایە بۆ بەندەکانی، پێویستە مرۆڤی مسوڵمان سەرنجی پەیمانەکەی بداتت و ڕۆژانە پەنجا ئایەتی لێ بخوێنێتەوە.([25])
دەڵێم: بە حسابێکی سادە بەوە دەگەین کە کەمترین بڕ کە پێویستە ئیماندار خەتمی بکات لە ساڵێکدا سێ جارە، چونکە ژمارەی ئایەتەکانی قورئان زیاترە لە شەش هەزار ئایەت، بەم پێیە، لە (١٢٠) ڕۆژدا کە دەکاتە چوار مانگ، یەک خەتمی دەکات، بە چاوپۆشین لە دووهێندەبوونی لە مانگی ڕەمەزاندا.
20. ئایەتەکانی قورئان گەنجینەن، کەواتە سوود لە هەمووی وەرگرە
لە عەلیی کوڕی حەسەینەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە فەرمووی: ئایەتەکانی قورئان گەنجینەن، هەرکاتێک ئەو گەنجینانە دەکەیتەوە، پێویستە سەرنج بدەیت چییان تێدایە.([26])
21. سوننەتە لە ماڵەکاندا قورئان بخوێنرێت
لە ئەبو عەبدوڵاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە وتیڵ ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) فەرمووی: ئەو ماڵەی قورئانی تێدا دەخوێنرێت و زیکری خودای تێدا دەکرێت، بەرەکەت تییدا زۆر دەبێت و مەلایکەت تیایدا ئامادە دەبن و شەیتان لێی دوور دەکەوێتەوە و لای ئەهلی ئاسمان دەدرەوشێتەوە وەک چۆن ئەستێرەکان لای ئەهلی زەوی دەدرەوشێنەوە. ئەو ماڵەش کە قورئانی تێدا ناخوێنرێت و زیکری خودای تێدا ناکرێت، بەرەکەت تێیدا کەم دەبێتەوە و فریشتەکان لێی دوور دەکەونەوە و شەیتان دەچنە ناوی.([27])
22. کاسبی و کۆکردنەوەی ڕۆزی ڕێگری ناکات لەسەر بەردەوامیدان بە خوێندنەوەی قورئان
لە ئەبووعەبدوڵڵاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ بازرگانێکتان لە بازاڕەکەیدا ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی نەخەوێت تا سووەەتێکی قورئان دەخوێنێت، ئەو کاتە لەبری هەر ئایەتێک کە دەیخوێنێت دە چاکەی بۆ دەنووسرێت و دە خراپەی دەسڕدرێتەوە.([28])
23. سوننەتە خوێندنەوەی قورئان بە شێوەی ڕوانین لە موسحەف بێت تەنانەت کەسێک قورئانیشی لەبەر بێت
لە ئەبو عەبدوڵڵاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: ئەوەی قورئان بخوێنێتەوە چێژ بە چاوەکانی دەبەخشێت و سزای دایکوباوکی سووک دەکات هەرچەند کافریش بن.([29])
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرمووی: هیچ شتێک بۆ شەیتان لەوە قورستر نییە لە خوێندنەوەی قورئان بە شێوەی ڕوانین لە موسحەف.([30])
لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە: سەیرکردنی موسۆەف بەبێ خوێندنەوەش عیبادەتە.([31])
دەڵێم: ئەمە لانیکەمی ئەرکێکە کەسێک ئەنجامی بدات کە ناتوانێت بە باشی قورئان بخوێنێتەوە، ئەگەرنا دەبێت گوێ لە قورئان بگرێت.
لە ئیسحاقی کوڕی عەمارەوە، لە ئەبوعەبدوڵاوە (علیه السلام) دەگێڕێتەوە: پێم گوت: بەقوربانت بم! من قورئانم لەبەرە و هەر لەبەر بیخوێنمەوە باشترە یان سەیری قورئان بکەم؟ فەرمووی: بە سەیرکردنی قورئان بیخوێنەوە ئەوەیان باشترە، ئایا نازانیت سەیرکردنی قورئان عیبادەتە؟([32])
24. سوننەتە نوسخەیەک قورئان لە ماڵدا هەبێت.
لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: پێم خۆشە لە هەموو ماڵێکدا قورئانێک هەبێت چونکە خوای گەورە شەیتانی پێ ڕاو دەنێت.([33])
25. سوننەتە بخوێنرێتەوە و مەکرووهە پەلەی تیدا بکرێت
لە عەبدوڵای کوڕی سولەیمانەوە دەگێڕنەوە وتی: لە ئەبوعەبدوڵلا (علیه السلام)م پرسی لەبارەی فەرموودەی خودای گەورەوە کە دەفەرموێت: [وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلاً] فەرمووی: ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) فەرموویەتی: بە جوانی بیخوێنەوە و وەک شیعر مەیخوێنەوە و وەک دەنکە لم لێکیان جیا مەکەرەوە بەڵکو دڵە ڕەقەکانتانی پێ نەرم بکەنەوە و کەستان پەلەی ئەوەتان نەبێت کە بگەنە کۆتایی سوورەتەکە.([34])
لە تەفسیری ئایەتی: [الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَتْلُونَهُ حَقَّ تِلاَوَتِهِ] واتە: ئەوانەی کتێبمان پێ داون و بە باشی دەیخوێننەوە، لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرموویەتی: بە باشی خوێندنەوەی ئەوەیە کاتێک باسی بەهەشت و دۆزەخ دەکات لەسەری بوەستیت و داوای یەکەمیان بکەیت و پەنا بگریت لە دووەمیان.([35])
لە فەرموودەیەکی ئیمامی سادقدا (علیه السلام) هاتووە: قورئان بە پەلە ناخوێنرێتەوە، بەڵکو بە تەرتیل دەخوێنرێتەوە، ئەگەر ئایەتێکت خوێند باسی بەهەشتی کرد ڕاوەستە و داوای بەهەشت لە خودا بکە، کاتێکیش ئایەتێکت خوێند باسی دۆزەخی کرد، بوەستە و پەنا بە خودا بگرە لە ئاگر.([36])
26. سوننەتە قورئان بە خەمباری بخوێنرێتەوە وەک ئەوەی قسە لەگەڵ مرۆڤێک بکەیت و ئەوەی سۆفییەکان دەیکەن لە خۆ بووراندنەوە و هاوار کردن حەرامە
لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: قورئان بە خەمەوە دابەزیوە، بە خەمەوە بیخوێننەوە.([37])
لە حەفسەوە دەگێڕنەوە وتی: کەسم نەبینیوە لە موسای کوڕی جەعفەر (علیه السلام) زیاتر ترسی لێ بنیشێت و ئومێدی زیاتر بێت بۆ خەڵک، قورئان خوێندنیشی بە خەمەوە بوو، کاتێک قورئانی دەخوێند وەک ئەوە وا بوو لەگەڵ کەسێکدا دەدوێ.([38])
جابر لە ئەبو جەعفەرەوە (علیه السلام) دەیگێڕێتەوە: پێم گوت: کەسانێک کاتێ هەندێک لە قورئانیان لا بخوێنیت یان باسی بکرێت دەبوورێنەوە، تەنانەت بینراوە کەسانێکیان ئەگەر دەستی یان پێی ببڕدرێت هەستی پێ ناکات، فەرمووی: سوبحانەڵا ئەوە لە شەیتانەوەیە، بەو شێوەیە باس نەکراوە، قورئان نەرمی و ناسکی و فرمێسک و ڕاچڵەکینە.([39])
27. سوننەتە بە دەنگی بەرز قورئان بخوێنرێت
موعاویەی کوڕی عەمار دەڵێ: بە ئەبو عەبدوڵا (علیه السلام)م وت: کەسانێک هەن هەست بە هیچ ناکەن لە کاتی قورئان خوێندن و نزادا تا دەنگیان بەرز نەکەنەوە، فەرمووی: قەینا، عەلیی کوڕی حوسێن (علیه السلام) لە هەموو کەس دەنگی خۆشتر بوو بۆ قورئان خوێندن و دەنگی بەرز دەکردەوە تا خەڵکی ناو ماڵەکە گوێیان لێی دەبوو و ئەبوو جەعفەر (علیه السلام) لە هەموو کەس دەنگی خۆشتر بوو، کاتێک شەونوێکی دەکرد و قورئانی دەخوێند دەنگی بەرز دەکردەوە و ڕێبواران بەلایدا تێ دەپەڕین و دەوەستان و گوێیان لە قورئان خوێندنەکەی دەگرت.([40])
28. حەرامە قورئان وەک گۆرانی بخوێنرێت
لە ئەبو عەبدوڵا (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) فەرمووی: قورئان بە لەحنەکان و دەنگی عەرەب بخوێنن، وریا بن بە لەحنی ئەهلی فیسق و ئەهلی کەبائیر مەیخوێنن چونکە پاش من کەسانێک دێن قورئان بە شێوەی گۆرانی و لاوانەوەی ڕاهیبەکان دەخوێنن، ئەوە جایز نییە و دڵەکانیان وەرگەڕاوە و دڵی ئەو کەسانەش کە بە باشی دەزانن وەک هی ئەوانە.([41])
29. لەڕووی ئەخلاقیەوە واجبە گوێ لە قورئان خوێندن بگیرێت و لە ڕووی شەرعیشەوە سوننەتە لە نوێژدا نەبێت
لە عەبدوڵڵای کوڕی ئەبو یەعفەەرەوە لە ئەبو عەبدوڵڵاوە (علیه السلام) دەگێڕێتەوە وتی: پێم وت: کەسێک قورئان بخوێنێت ئایا واجبە گوێی لێ بگرم؟ فەرمووی: بەڵێ، ئەگەر قورئانی لەلا خوێندیت واجبە گوێی لێ بگریت و بێدەنگ بیت.([42])
لە فەرموودەی زورارە لە ئەبوو جەعفەرەوە (علیه السلام) دەگێڕێتەوە: فەرموویڵ کاتێک قورئان دەخوێنرێت لە نوێژی فەرزدا لە دوای ئیمامەوە، بە بێدەنگی گوێی لێ بگرن بەو هیوایەی بەر ڕەحمەتی خودا بکەون.([43])
30. خەتم کردنی قورئان مانگی جارێک سوننەتە
موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا دەڵێت: بە ئەبوعەبدوڵڵا (علیه السلام)م وت: لە شەوێکدا [هەموو] قورئان بخوێنم؟ فەرمووی: لام پەسەند نییە لە کەمتر لە مانگێکدا بیخوێنیت. ([44])
31. سوننەتە پاداشتی قورئان خوێندنەکەت پێشکەش بکەیت بە مەعسوومەکان (علیهم السلام) تا پاداشتەکەت چەند هێندە ببێ
عەلیی کوڕی موغەیرە لە ئەبو حەسەن (علیه السلام) دەگێڕێتەوە، دەڵێ پێم وت: لە ڕۆژی جەژندا خەتمێکم هەدیە کرد بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله)([45]) و بۆ ئیمامی عەلی (علیه السلام) خەتمێک و بۆ فاتیمە (علیها لسلام) خەتمێک، پاشان بۆ ئیمامەکان (علیهم السلام) تا گەیشتم بە تۆ، خەتمێکیشم پێشکەش کرد بە تۆ، ئایا شتێکی تێدایە بۆ خۆم؟ فەرمووی: پاداشتەکەت ئەوەیە لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵیان دەبیت، وتم: الله اکبر! ئایا ئەوەم پێ دەدرێت؟ سێ جار فەرمووی: بەڵێ.([46])
32. گریان و خۆ خستنە گریان سوننەتە کاتی بیستنی قورئان
لە ئیمامی سادق (علیه السلام) دەگێڕنەوە، فەرمووی: پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) چووە لای هەندێک لە لاوانی ئەنسار، فەرمووی: من دەمەوێت قورئانتان بۆ بخوێنم، ئەوەی بگری بەهەشتی پی دەدرێ، کۆتایی سوورەتی زومەری خوێند[وَسِيقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى جَهَنَّمَ زُمَراً] تا کۆتایی سوورەتەکە، لاوەکان هەموویان گریان جگە لە یەکێکیان، وتی: ئەی پێغەمبەری خودا! من خۆم خستە گریان و چاوەکانم فرمێسکی پێدا نەهات، فەرمووی: من دووبارە قورئانتان بۆ دەخوێنم، ئەوەی خۆی بخاتە گریان بەهەشتی پێ دەدرێ، دووبارە خویندی و لاوەکان گریان و ئەو لاوەش خۆی خستە گریان، هەموویان خرانە بەهەشتەوە.([47])
33. هەموو زانستەکان لە قورئاندایە
لە ئیمامی عەلی (علیه السلام) دەگێڕنەوە، پییان وت: ئایا شتێکتان لایە لە وەحی؟ فەرمووی: نەخێر! سوێند بەو کەسەی تۆوی دانەوێڵەی تەقاند و بوونەوەری دروست کرد، جگە لەوەی تێگەیشتنێکی داوە بە بەندەی خۆی لە کتێبەکەی.([48])
ئیبراهیمی کوڕی عەباس دەڵێ: نەمدیوە شتێک لە ئیمام ڕەزا (علیه السلام) بپرسن و نەیزانیبێت، نەمدیوە کەس لەو زاناتر بووبێ لە سەردەمی کۆنەوە تا سەردەمی خۆی، مەئموون تاقیی دەکردەوە بە پرسیار کردن لە هەموو شتێک، وەڵامی هەمووی دەدایەوە، قسەکانی و وەڵامەکانی هەمووی لە قورئان وەرگرتبوو.([49])
لە نەهجولبەلاغەدا هاتووە: ئەوە قورئانە بدوێنن، وەڵامتان ناداتەوە، بەڵام من لەبارەیەوە هەواڵتان پێ دەدەم: زانستی ئەوەی ڕوو دەدات و ئەوەی ڕابردووە تێیدایە، دەرمانی دەردەکانتانە و ڕێکخستنی نێوانتانە.([50])
34. قورئان شیفای هەموو دەردێکە
لە ئەبووعەبدوڵڵاوە (علیه السلام) دەگێڕنەوە فەرمووی: ئەگەر سوورەتی فاتیحە حەفتا جار بەسەر مردوودا بخوێنرێت و ڕۆحی بگەڕێتەوە سەیر نەبێت لاتان.([51])
35. قورئان ڕووناکی بەخشی دڵە
لە پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە فەرموویەتی: ئەم دڵانە ژەنگ دەکەن وەک چۆن ئاسن ژەنگ دەکات، پاککەرەوەی ئەو ژەنگە خوێندنی قورئانە.([52])
36. زۆر خوێندنی قورئان لە مانگی ڕەمەزاندا
لە ئەبوو جەعفەرەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرمووی: هەموو شتێک بەهاری هەیە، بەهاری قورئانیش مانگی ڕەمەزانە.([53])
عەلیی کوڕی حەمزە دەڵێ: چوون بۆ لای ئەبو عەبدوڵڵا (علیه السلام)، ئەبوو بەسیر پێی وت: بەقوربانت بم! ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا [هەموو] قورئان لە شەوێکدا بخوێنم؟ فەرمووی: نەخێر! [وتی]: لە دوو شەودا بیخوێنم؟ فەرمووی: نەخێر! وتی: لە سێ شەودا بیخوێنم؟ فەرمووی: بەڵێ! و بە دەستی ئاماژەی کرد، پاشان فەرمووی: ئەی باوکی موحەمەد! ڕەمەزان ماف و ڕێزێکی هەیە کە هیچ مانگێکی تر هاوشێوەی نییە.([54])
لە وتاری پێغەمبەردا (صلی الله علیه وآله) لە دوایین هەینیی مانگی شەعباندا هاتووە، فەرمووی: هەرکەسێک ئایەتێکی قورئانی تێدا بخوێنێت –واتە لە مانگی ڕەمەزاندا- پاداشتی وەک خەتمێکی قورئان وایە لە مانگەکانی تردا.([55])
37. خوێندنەوەی قورئان بە باشی
ئیمامی سادق (علیه السلام) لە ڕاڤەی ئایەتی: [الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَتْلُونَهُ حَقَّ تِلاَوَتِهِ] (البقرة: 121) واتە: ئەوانەی قورئانمان پێ داون و بە باشی دەیخوێننەوە. فەرموویەتی: ئەوانەن کە دیخوێننەوە و لێی تێ دەگەن و کار بە حوکمەکانی دەکەن و ئومێدیان بە بەڵێنەکانی هەیە و لە هەڕەشەکانی دەترسن و پەند لە چیرۆکەکانی وەر دەگرن و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکەن و خۆیان دەگرنەوە لەوەی نەهیی لێ کردووە. سوێند بە خودا مەبەستی لەبەرکردنی ئایەتەکانی و وتنەوەی پیتەکانی و خوێندنەوەی سوورەتەکانی و دە ئایەت و پێنج ئایەتی نییە. [کەسانێک هەن] پیتەکانی دەخوێننەوە و سنوورەکانی دەبەزێنن، مەبەستی قووڵبوونەوەیە لە ئایەتەکانیدا و کارکردنە بە حوکمەکانی. خوای گەورە فەرموویەتی: [كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِّيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ] واتە: کتێبێکی پیرۆزمان بۆ دابەزاندووی بۆ ئەوەی لە ئایەتەکانی ڕابمێنن.([56])
38. زانایان لە قورئان تێر نابن
لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) دەگێڕنەوە لە فەرموودەیەکدا وەسفی قورئان دەکات و دەفەرموێت: قورئان حەبلی بەهێزی خودایە و زیکری حەکیمە و ڕێگای راستە، ئارەزووەکان بە لاڕێدا نابات و زانایان لێی تێر نابن و زمانەکان تێیدا بەهەڵەدا ناچن و بە دووبارە کردنەوەی کۆن نابێت و سەرسووڕهێنەرەکانی تەواو نابن. ئەوەی بە قورئان بدوێ ڕاست دەڵی و ئەوەی حوکمی پێ بکات دادپەروەرە و ئەوەی کاری پێ بکات پاداشت وەردەگرێ و ئەوەی خەڵکی بۆ بانگ بکات ڕێگای ڕاستی نیشان دەدرێ.([57])
39. قورئان لە نەهجولبەلاغەدا
فێری قورئان ببن چونکە باشترین وتەیە و تێیدا ڕۆ بچن چونکە بەهاری دڵەکانە و شیفا لە نوورەکەی وەرگرن، چونکە شیفای دڵەکانە و باش بیخوێننەوە چونکە بەسوودترین چیرۆکە و ئەوەی کار بە زانستەکەی نەکات وەک نەزانێکی سەرلێشێواو وایە کە لەدەست نەزانییەکەی ڕزگاری نابێت، بەڵکو بەڵگە لەسەر تاوانباریی گەورەتر دەبێت و پەشیمانیی بەدوادا دێت و لای خودا لە هەمووان زیاتر سەرکۆنە دەکرێ.([58])
40. دوعای ئیمامی سەجاد (علیه السلام) لە کاتی خەتمی قورئاندا
خودایە! تۆ یارمەتیدەرم بوویت بۆ خەتمکردنی کتێبەکەت کە وەک نوورێک داتبەزاندووە و بەسەر هەموو کتێبەکاندا زاڵت کردووە و بەسەر هەموو وتەیەکدا هەڵت بژاردوە، کردووتە بە جیاکەرەوە، حەڵاڵ و حەرامت پێ جیا کردۆتەوە، قورئانێکە کە شەریعەت و حوکمەکانت پێ ڕوون کردۆتەوە. کتێبکە بە درێژە بۆ بەندەکانت ڕوون کردۆتەوە، وەحییە، داتبەزاندووە بۆ پێغەمبەرەکەت موحەممەد سەڵات و سەلامی تۆ لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی و کردووتە بە نوورێک لە تاریکیی گومڕایی و نەفامیدا ڕێ پێ دەدۆزینەوە بەهۆی شوێنکەوتنیەوە و شیفایە بۆ ئەوەی بەبێ دەنگی گوێی لێ دەگرێت بە تێگەیشتن و باوەڕپێکردنەوە. ترازوویەکی دادپەروەرە زمانی لە گوتنی حەق ناکەوێ، نووری هیدایەتە نیشانەکانی بۆ بینەرانی ناکوژێتەوە، زانستی ڕزگارییە ئەوەی بە ڕێگەکەیدا بڕوات گومڕا نابێت. دەستی لەناوچوون ناگات بەوەی خۆی بە حەبلە پارێزراوەکەیەوە گرێ بدات. خودایە! ئەگەر یارمەتیت داین لەسەر خوێندنەوەی و باش خوێندنەوەی ئایەتەکانیت لەسەر زمانمان ئاسان کرد، کەواتە بمان کە بەوانەی بە باشی ڕەچاوی دەکەن و ئەوانەی بە تەسلیمبوونەوە بۆ ئایەتە موحکەمەکانی دینداری دەکەن و دان بە ئایەتە موتەشابیهەکانیدا و ڕوونکردنەوە ئاشکراکانیدا دەنێن. خودایە تۆ بە پوختی داتبەزاندووە بۆ پێغەمبەرەکەت موحەممەد (صلی الله علیه وآله) و زانستی سەرسووڕهێنەرەکانیت بە ئیلهام بۆ ناردووە و زانستەکەیت وەک ڕاڤە بە میرات بە ئێمە داوە و ئێمەت هەڵبژاردووە بەسەر ئەوانەی زانستەکەی نازانن و ئێمەت بەهێز کردووە بۆی تا بکەوینە سەروو ئەوانەوە کە توانای هەڵگرتنیان نییە. خودایە! هەر وەک چۆن دڵمانت کردووە بە هەڵگری و گەورەیی و فەزڵیت بە ڕەحمەتی خۆت بە ئێمە ناساندووە، کەواتە دروود بنێرە بۆ موحەممەد کە قورئانی بۆ هاتووە و بۆ بنەماڵەکەی کە پارێزەر و گەنجینەین و بمانکە بەوانەی دانی پێدا دەنێن کە لەلای تۆوە هاتووە تا هیچ گومانێک ڕێمان لێ نەگرێت لە دانپێدانانیدا و هیچ لادانێک لە ڕێگەکەیدا شەرمەزارمان نەکات، خودایە دروود بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و بمانکە بەوانەی دەستی پێوە دەگرن و لە موتەشابیهەکانیدا پەنا بۆ پارێزەری قەڵاکەی دەبەن و لە سێبەری بەهەشتەکەیدا جێگیر دەبن و بە ڕووناکیی بەرەبەیانی ڕێ دەدۆزنەوە و شوێن ڕووناکیی ڕێگەکەی دەکەون و بە ڕووناکییەکەی خۆیان ڕۆشن دەکەنەوە و هیچ هیدایەتێک لە غەیری ئەوە داوا ناکەن. خودایە! هەر وەک چۆن موحەممەدت بۆ دەستنیشان کردووە وەک مەشخەڵێک بۆ نیشاندانی ڕێگەکەی و ڕێگەی ڕەزای بەرەو تۆت داوە بە بنەماڵەکەی، کەواتە دروود بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و قورئان بکە بە هۆکارێک بۆمان بۆ باشترین مەنزڵی کەرامەت و بیکە بە پەیژەیەک بەهۆیەوە بەرز بینەوە بۆ جێگەی سەلامەت و بیکە بە هۆکارێک ڕزگاریمان دەست بکەوێت لە مەیدانی قیامەتدا و بیکە بە دەلاقەیەک بەهۆیەوە بەرەو نیعمەتەکانی ماڵی قیامەت هەنگاو بنێین. خودایە! سەلەوات بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و بەهۆی قورئانەوە قورسایی گوناهەکانمان لەسەر لابە و جوانی و باشیی چاکانمان پێ ببەخشە و بمانکە بە شوێنکەوتەی ئەوانەی لە نیوەشەو و بەیانیان و ئێواراندا لە پیناوی تۆدا زیکریان دەکرد بەهۆی قورئانەوە تا پاکمان دەکەیتەوە لە هەموو پیسییەک و بمانکە بە شوێنکەوتووی ئەوانەی بە نوورەکەی خۆیان ڕۆشن کردەوە و هیوا وای لێ نەکردن واز لە کردار بهێنن و بە فێڵ ڕێی لێ نەگرتن. خودایە سڵاوات بنێرە بۆ سەر پێغەمبەر و بنەماڵەکەی و قورئان بکە بە هاودەممان لە تاریکایی شەواندا و لە کەڵکەڵە و وەسوەسەی شەیتان بیکە بە پارێزەرمان و بیکە بە ڕێگری پێیەکانمان کاتێک بەرەو تاوانێکمان دەبەن و بیکە بە هۆی لاڵیی زمانمان بەبێ دەرد و بەڵا کاتێک ڕۆ دەچێت لە شتی بەتاڵ و پووچدا و بیکە بە دوورخەرەوەی ئەندامانی لەشمان کاتێک تاوانمان بۆ کەڵەکە دەکەن و کاتێک بێئاگایی و غەفڵەت دەفتەری پەندوەرگرتنمان لوول دەکات بە هۆی قورئانەوە بۆمان بکەرەوە تا تێگەیشتن لە سەرسووڕهێنەرەکانی بگات بە دڵمان و نموونە و پەندە ڕاچڵەکێنەرەکانیمان پێ بگات کە کێوە سەرکەشەکان چەند بەهێزن لەبەر دەم هەڵگرتنیدا لاوازن. خودایە دروود بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و بە هۆی قورئانەوە بەردەوام دیوی دەرەوەمان چاک بکە و وەسوەسە و کەڵکەڵە لە سەلامەتی و دروستیی دەروونمان دوور بخەرەوە بە هۆی قورئانەوە و چڵک و پیسیی دڵەکانمانی پێ بشۆرەوە و تاوانەکانمان بە هۆیەوە لا ببە و کاروبارە پەرش و بڵاوەکانمانی پێ کۆ بکەرەوە و لە کاتێکد کە دێینە بەر دەمت لە تینوویەتیی گەرمادا تێراومان بکە بە قورئان و بە هۆیەوە جلوبەرگی ئەمان بکە بەرمان لە ڕۆژی ترسانی گەورەدا لە ڕۆژی هەستانەوەماندا. خودایە! دروود بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و بەهۆی قورئانەوە هەژاریمان بۆ قەرەبوو کەرەوە و بە هۆی قورئانەوە بەرەو ژیانی خۆشبەختی و زۆریی ڕزق بمانبە و لە شتە ناپەسەندەکان و ئەخلاقە خراپەکان دوورمان بخەرەوە و لە هۆکارەکانی کافربوون و بانگخوازانی نیفاق بمان پارێزە بە هۆی قورئانەوە، تا لە قیامەتدا بۆ ڕەزای تۆ و بەهەشتەکەت ببێ بە ڕێبەرمان، لە دونیاشدا ڕێگر بێت لە تووڕەبوونی تۆ و بەزاندنی سنوورەکانت، بشیکە بە شایەت بەسەرمانەوە لە بەحەڵاڵزانینی حەڵاڵەکانی و بە حەرام زانینی حەرامەکانی. خودایە! درووس بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و کاتی سەرەمەرگ ناڕەحەتیی گیانکێشان و ناڵەناڵی مەرگ و هەناسە تەنگبوونمان بۆ ئاسان کە بە هۆی قورئانەوە ئەو کاتەی گیان دەگاتە غەرغەرە و دەگوترێت: کێ هەیە فریان بکەوێت؟ و فریشتەی گیانکێشان بۆ گیانکێشانی لە پەردەی غەیبەوە دەردەکەوێت و لە کەوانی مەرگەوە تیری فیراق و ترسی تەنهایی تێ دەگرێت و جامی ژەهرینی تاڵی مەرگی بۆ ئامادە دەکات و سەفەری دوایی و ڕۆیشتن بەرەو دواڕۆژ نزیک دەبێتەوە لێمان و کردەوەکان دەبێت بە زنجیر و دەکرێتە ملمان و گۆڕ دەبێتە جێ و مەنزڵ تا ڕۆژی پێکگەیشتنەوە. خودایە! دروود بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی و بەرەکەت بخەرە نیشتەجێبوونمان لە ماڵی داڕزان [و تیاچوونی دونیا] و درێژەکێشانی مانەوەمان لە چینەکانی خاکدا و پاش بەجێهێشتنی دونیا، گۆڕەکانمان بکە بە باشترین مەنزڵمان و تەنگیی گۆڕەکانمان بە ڕەحمەتی خۆۆت بۆ فراوان بکە و لە نێوان ئامادەبووانی قیامەتدا بە گوناهەکانمان ڕووڕەشمان مەکە و بەهۆی قورئانەوە بەزەییت پێماندا بێتەوە کاتێک زەلیلیمان نیشانت دەدرێت و ڕۆژی تێپەڕین بەسەر پردی جەهەنەمدا لە کاتی ناسەقامگیریی پردەکەدا هەنگاوەکانمان جێگیر بکە بەهۆی قورئانەوە و لە هەموو ناڕەحەتیەکی قیامەت و دژوارییەکانی ڕزگارمان بکە و ڕوومان سپی بکەرەوە لەو ڕۆژەدا کە ڕووی ستەمکاران ڕەش دەبن لە ڕۆژی حەسرەت و پەشیمانیدا و لە دڵی ئیمانداراندا خۆشەویستیمان بچێنە و ژیانمان لەسەر تاڵ مەکە. خودایە دروود بنێرە بۆ سەر بەندە و پێغەمبەرەکەت موحەممەد کە پەیامەکەتی گەیاندووە و بە پێی فەرمانەکانت جووڵاوەتەوە. خودایە! پێغەمبەرەکەمان دروود و سەلامی تۆ لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی بێ لە ڕۆژی قیامەتدا بکە بە نزیکترین کەس لێت لە نێوان پێغەمبەراندا و لە هەموویان شەفاعەتی زیاتری بەنسیب بکە و لە هەموویان ڕێزی زیاتری لێ بگرە و لە هەموویان پایەی باشتری پێ ببەخشە. خودایە! دروود بنێرە بۆسەر موحەممەد و بنەماڵەکەی و ماڵەکەی بەرز و شەرافەتمەند کە و بەڵگە و نیشانەکانی گەورە کە و ترازووەکەی قورس کە و شەفاعەتەکەی قبووڵ کە و وەسیلەکەی نزیک کەرەوە و ڕووی سپی کەرەوە و نوورەکەی بۆ کامڵ کە و دەرەجەی بەرز کەرەوە و لەسەر سوننەتەکەی بمان ژیێنە و لەسەر دینەکەی بمان مرێنە و بمانخەرە سەر ڕێبازەکەی و بە ڕێگەکەیدا بمان بە و بمان کە بە ئەهلی تاعەتی و لە دەستەی ئەودا حەشرمان بکە و لەسەر حەوزەکەی کۆمان بکەرەوە و بە جامەکەی تێراومان کە و دروود و سەلام بنێرە بۆ موحەممەد و بنەماڵەکەی، دروودێک کە باشترین ئەو شتانەی لە خێر و چاکە و بەخششی تۆ هیوای پێیەتی پێی بگەیەنێت، تۆ خاوەنی ڕەحمەتی فراوان و فەزل و بەخششی زۆریت. خودایە پاداشتی بدەرەوە کە پەیامەکانتی گەیاندووە و ئایەتەکانتی جێبەجێ کردووە و بەندەکانتی ئامۆژگاری کردووە و لە پێناوی تۆدا تێکۆشاوە بە باشترین شێوە کە یەکێک لە فریشتە نزیکەکانت و پێغەمبەرە مورسەلە هەڵبژێراوەکانتی پێ پاداشت دەکەیت و سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خودای لێ بێت و لە بنەماڵە پاکەکەشی. ([59])
([1]) و(2) و(3) و(4) و(5) و(6) وسائل الشيعة: كتاب الصلاة، أبواب قراءة القرآن ولو في غير الصلاة، باب1، الأحاديث 4، 5، 6، 15، 11، 16 بە پێی ڕیزبەندی.
([2]) سەرچاوەی پێشوو، باب 5، حديث 1.
([3]) سەرچاوە، باب2، حديث3.
([4]) و(4) و (5) سەرچاوە، باب 3، فەرموودەکانی 3، 2، 6 بەپێی ڕیزبەندی.
([5]) سەرچاوە، هەمان باب، حديث 6.
([6])سەرچاوە ، باب 4، حديث 1.
([7])سەرچاوە ، باب 5، ح3.
([8])سەرچاوە ، حديث2.
([9]) بحار الأنوار: 82/20.
([10]) وسائل الشيعة: كتاب الطهارة، أبواب صلاة الجنائز، باب 57، حديث 5.
([11]) الكافي: 2/604.
([12]) نهج السعادة: 7 / 223.
([13]) وسائل الشيعة: كتاب الصلاة، أبواب أحكام المساجد، باب 3، حديث3.
([14]) ئەوانەش ئەو کەسانەن کە بە وردی یاساکانی تەجوید دەخوێنن و کە دایان ناوە، بەڵام لە مانای ئەوەی دەیخوێننەوە بێئاگان.
([15]) و (2) وسائل الشيعة: كتاب الصلاة، أبواب قراءة القرآن ولو في غير الصلاة، باب 8، حديث 3، 1.
(3) سەرچاوەی پێشوو، باب 11، حديث 18.
(4) سەرچاوەی پێشوو، باب 11، حديث 2.
([16]) سەرچاوە ، حديث 8.
([17]) سەرچاوە ، باب 11، حديث 1.
([18]) سەرچاوە ، حديث 10.
([19]) سەرچاوە ، باب 17، حديث 2.
([20]) سەرچاوە ، باب 12، حديث3.
([21]) سەرچاوە ، باب 13، حديث1.
([22]) سەرچاوە ، حديث 3.
([23]) سەرچاوە ، باب 14، حديث2.
([24]) سەرچاوە ، حديث 1.
([25])سەرچاوە ، باب 15، حديث1.
([26])سەرچاوە ، حديث 2.
([27])سەرچاوە ، باب 16، حديث 2.
([28])سەرچاوە ، باب 11، حديث 6.
([29]) سهرچاوه، باب 19، حديث 1.
([30]) سهرچاوه، حديث 2.
([31]) سهرچاوه، حديث 6.
([32]) سهرچاوه، باب 19، حديث 4.
([33]) سهرچاوه، باب 20، حديث1.
([34]) سهرچاوه، باب 21، حديث 1.
([35]) سهرچاوه، باب 27، ح7.
([36]) سهرچاوه، حديث 3.
([37]) سهرچاوه، باب 22، ح1.
([38]) سهرچاوه، حديث 3.
([39]) سهرچاوه، باب 25، حديث1.
([40]) سهرچاوه، باب 23، حديث 2.
([41]) باب 24، حديث 1.
([42]) سهرچاوه، باب 26، حديث 4.
([43]) سهرچاوه، حديث 5.
([44]) سهرچاوه، باب 27، حديث1.
([45]) لەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا خوێندیەوە.
([46]) سهرچاوه، باب 28، حديث1.
([47]) سهرچاوه، باب 29، حديث1.
([48]) تفسير الصافي: 1/39 پێشتر لە ڕێی عامەوە باسی سەرچاوەکانی کراوە.
([49]) سهرچاوه، باب 27، حديث 6.
([50]) وتاری 158 لە بەشی یەکەم.
([51]) الكافي: 2/624.
([52]) إرشاد القلوب: لاپەرە 78.
([53]) ثواب الأعمال : 129/ 1، باب ثواب قراءة القرآن.
([54]) وسائل الشيعة: كتاب الصلاة، أبواب قراءة القرآن في غير الصلاة، باب 27، ح3.
([55]) عيون أخبار الرضا: صفحة 162.
([56]) الميزان في تفسير القرآن: 1 / 260، لە کتێبی إرشاد القلوب للديلمي.
([57]) سنن الدارمي:2/435، كتاب فضائل القرآن، ومثله في كتب الخاصة.
([58]) نهج البلاغة: بە شی یەکەم، وتاری 110.
([59])الصحيفة السجادية: دوعای ئیمام (علیه السلام) لە کاتی خەتمی قورئاندا.