هەندێک ئاداب و سوننەتی تایبەت بە قورئان خوێندن
هەندێک ئاداب و سوننەتی تایبەت بە قورئان خوێندن
پێم خۆشە لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە ئاداب و سونەتەکانی قورئان خوێندن بکەم کە لە فەرموودە پیرۆزەکان وەرگیراون:
1. سوننەتە مانگی جارێک قورئان خەتم بکرێت و خەتمێک لە چوار مانگ زیاتری پێ نەچێت، واتە لە ساڵێکدا سێ جار، ئەمە جگە لەو زیادانەی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەخرێتە سەری.
2. خوێندنەکە بە شێوەی خەتم بێت، واتە لە سەرەتای قورئانەوە دەست پێ بکات تا کۆتایی، نەک خوێندنەوە سوورەتەکان بە جیا، هەرچەند گرنگیش بێت، بۆ ئەوەی بەسەر هەموو قورئاندا بچێت و هەموو بەرەکەتەکانی وەرگرێت کە لە فەرموودەی پیرۆزدا بە شێوەی (الحالِّ المرتحل)([1]) گوزارشتی لێ کراوە.
3. خەتم بکەوێتە ڕۆژی هەینییەوە و کاتی خەتمی قورئان دوعای تایبەت بە خەتم بخوێنێت کە لە (الصحیفة السجادیة)دا هاتووە.
4. کاتی خەتمی قورئان لەسەر کۆتاییهاتنی نەوەستێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ گرێی بداتەوە بە خەتمێکی تری راستەوخۆ، هەرچەند بە سوورەتی فاتیحە و پێنج ئایەتی سەرەتای سوورەتی بەقەرەش بێت.
5. دەستنوێژی هەبێت و لە شوێنی نوێژەکەی ڕوو لە قیبلە بێت.
6. لە تەفسیری ئایەتی: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اصْبِرُواْ وَصَابِرُواْ وَرَابِطُواْ] (آل عمران: 200) هاتووە: (المرابطین) کەسانێکن کە لە شوێنی نوێژەکەی جێگیر دەبێ و چاوەڕوانی هاتنی کاتی نوێژەکەی دەکات. کەواتە بۆ دەستخستنی ئەو چاکەیە، ئیماندار سوود لەو دەرفەتە وەردەگرێت کە بریتییە لە ماوەی چاوەڕوانیی نوێژ و قورئانی تێدا دەخوێنێت و پاداشتەکەی زۆر دەبێت هەرچەند لە مزگەوتدا بێت و چاوەڕوانی نوێژی جەماعەت بێت.
7. نەقڵ کراوە کە سوننەتە بە دەستنوێژەوە بخەویت و پێش ئەوەی ئیماندار بچێتە ناو جێگەی نووستنەوە قورئان بخوێنێت، لە فەرموودەیەکدا هاتووە: هەرکەسێک دەسنوێژی شکا و دەسنوێژی نەگرتەوە جەفای بەرانبەرم کردووە، ئەوەش کە دەسنوێژ بگرێ و دوو ڕکەعەت نوێژ نەکات جەفای بەرانبەر کردووم، ئەوەش دوو ڕکەعەت بخوێنێت و لێم نەپاڕێتەوە، جەفای لەگەڵم کردووە، ئەوەش کە لێم بپاڕێتەوە و وەڵامیم نەدایەوە ئەوە من جەفام بەرانبەری کردووە و من خودایەکی جەفاکار نیم.([2]) ئەگەر ئەم سوننەتە شەونوێژیشـی بخرێتە سەر کە سوننەتی موئەکەدە، هەروەها سوننەتی چوونە سەر ئاو پێش نووستن، هەروەها سوننەتی سیواک کردن، لە کۆی ئەوانە دەگەین بە شتێکی گرنگ کە بریتییە لەوەی ئیماندار پێش ئەوەی بچێتە ناو جێگەی نووستنەوە دانی بشوات و دەسنوێژ بگرێت و شەونوێژ بکات، جا هەمووی یان هەندێکی، باقییەکەی هەڵگرێت بۆ پێش بانگی بەیانی، پاشان هەندێک قورئان بخوێنێت و دوعا بکات بۆ خۆی و ئیمانداران، ئەو کاتە هەموو ئەم سوننەتانە کۆ دەکاتەوە. بەڵام ئەو مرۆڤەی شەو بەخەبەر دەمێنێتەوە و سەیری تەلەفزیۆن و فیلمە خراپەکان دەکات کە مێشکی ماندوو دەکات لە دژواری و ماندوویەتیدا دەژی.
- قورئانخوێندنەکەی، بەتایبەتی ئەوانەی سەرەتایین، لە تەفسیری شبردا بێت کە سوودی زۆری هەیە، نوسخەیەکی قورئانی پیرۆزی تێدایە و تەفسیرێکی کورتیشی لەگەڵدایە بۆ واتاکانی قورئان، ئەمە ئەوەیە کە وتمان لە چوارچێوەی مەنهەجی خوێندنی سەرەتایی قورئاندا بێت، پێشەکییەکی زانستەکانی قورئانیشی تێدایە کە ئەوە وانەیەکی ترە، هەروەها پاشکۆیەکی تێدایە بۆ پێڕستی وشەکانی قورئان بە جۆرێک کە هەر ئایەتێک بتەوێت شوێنەکەی بزانیت لەم پێڕستە دەری دەهێنیت و شوێنی هەموو وشەیەکی تێدایە، هەروەها لە پەراوێزدا خوێندنەوە جیاوازەکانی یەک وشەی تێدایە ئەگەر هەبێت. هەروەها تەرتیبی دابەزینی سوورەتەکانی تێدایە، لە ناونیشانی هەر سوورەتێکدا دەڵێت پاش فڵان سوورەت دابەزیوە، هەموو ئەم سوودانە لەم کتێبە بەنرخەدایە.
- یەکەم خەتمی کە دەستی پێ دەکات، پێشکەشی بکات بە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله)، دووەم بۆ ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) و بەم شێوەیە بۆ هەموو چواردە مەعسومەکە (علیهم السلام)، ڕیوایەتێکی پیرۆز لەم بارەیەوە هاتووە ئەوانە بەخشندەترین کەسانن، ڕۆژی قیامەت پاداشتی دیارییەکەت بە جۆرێک دەدەنەوە کە شیاوی بەخشەندەییان بێت.
- خوێندنەوەی قورئان بە دەنگی بەرز و بە دەنگێکی خەمناک و لە ماناکانی ڕابمێنێت و بیری لای کۆتایی سوورەتەکە نەبێت، هەروەک لە فەرموودەدا هاتووە.
- سوننەتە لە موسحەفدا قورئان بخوێنرێت هەرچەند قورئانیشت لەبەر بێت، سوننەتیشە هەموو تاکێک لە ئەندامانی خێزان قورئانێکی تایبەتی هەبێت کە نیشانەی هەبێت.
- گوێگرتن بە بێدەنگی و ڕامانەوە کاتێک ئایەتێکت گوێ لێ بێت لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆ بیستنی قورئان بێتە پێش.
داواکارم لە خودای گەورە بە ژیانی قورئان بمان ژیێنێت و شەفاعەتی قورئانمان بە نسیب بکات و بمانکات بە یەکێک لەوانەی هیدایەتی قورئان وەردەگرن و خۆیان بە ڕووناکیی زانستەکەی ڕووناک دەکەنەوە، ئەو خاوەنی نیعمەتەکانی و میهرەبانە لەگەڵ بەندەکانی، یەکێک لە لوتفەکانی لەگەڵمان هیدایەتدانمانە بۆ دینە باشەکەی و پێدانی دیاریی کتێبە بەنرخەکەی و پێغەمبەرە گەورەکەی و ئەهلی بەیتی بەڕێز و نوورانی.
(الحمد لله الذي هدانا لهذا وما كنا لنهتدي لولا أن هدانا الله)
([1]) الكافي: 2 / 605.
([2]) وسائل الشيعة: كتاب الطهارة، أبواب الوضوء، باب 11، حديث2.