بەرپرسیارێتی حەوزە لە کاراکردنەوەی ڕۆڵی قورئاندا
بەرپرسیارێتی حەوزە لە کاراکردنەوەی ڕۆڵی قورئاندا
لێرەدا تەنها ئاماژە بۆ یەک فەرموودە دەکەم کە بەرپرسیارێتیی حەوزەی پیرۆز ڕوون دەکاتەوە لە بەرانبەر ڕێنمایی و چاکسازیی کۆمەڵگە. لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله) ڕیوایەت کراوە کە وتاری دا و سوپاسی خودای کرد، پاشان باسی چەند تاقمێکی لە موسوڵمانان کرد و ستایشـی کردن، پاشان فەرمووی: ئەوە ئەو کەسانە چییانە کە لە هاوسێکانیان شت فێر نابن و تێ ناگەن و وریا نابنەوە؟ سوێند بەو کەسەی نەفسی منی بەدەستە یان دەبێت هاوسێکانیان فێر بکەن، یان دەبێت تێ بگەن، یان وشیار ببنەوە، یان بە سزادان لەم دونیایە چاریان دەکەم. پاشان دابەزی و چووە ماڵەکەی خۆیەوە. هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) وتیان: مەبەستی کێیە؟ وتیان: جگە لە ئەشعەرییەکان کەسی تر شک نابەین مەبەستی بووبێ، ئەوان فەقیهـ و زانان و دراوسێکانیان وشک و نەزانن.
دەستەیەک لە ئەشعەرییەکان کۆ بوونەوە و چوونە لای پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) وتیان: بە باشی باسی کەسانێکت کرد لە موسوڵمانان و باسی ئێمەت بە خراپی کرد، چیمان کردووە؟ پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) فەرمووی: یان هاوسێکانتان فێر بکەن و تێیان بگەیەنن و ئەمر و نەهییان بەسەردا بکەن، یان سزاتان بۆ پێش دەخەم بۆ دونیا. وتیان: ئەی پێغەمبەری خودا! ساڵێک مۆڵەتمان پێ بدە، لە ساڵێکدا فێریان دەکەین و ئەوانیش فێر دەبن. ساڵێک مۆڵەتی پێ دان و ئەم ئایەتەی خوێندەوە: [لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُواْ مِن بَنِي إِسْرَائِيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُودَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوا وَّكَانُواْ يَعْتَدُونَ، كَانُواْ لاَ يَتَنَاهَوْنَ عَن مُّنكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُواْ يَفْعَلُونَ] واتە: نەفرەت لە کافرەکانی بەنی ئیسـرائیل کرا لەسەر زمانی داود و عیسای کوڕی مەریەم، لەبەر ئەوەی سەرپێچی و دەستدرێژییان دەکرد، هەروەها ڕێگرییان نەدەکرد لەو خراپانەی ئەنجامیان دابوو، ئەوە خراپترین کار بوو کە دەیانکرد([1]).
ئەمە هەندێک پێشنیازە دەیخەمە بەردەستی حەوزەی شەریف لەم بوارەدا و ئەرکی هاوبەشی هەمووان بریتییە لە بەردەوامی لەسەر خوێندنی قورئان و سوودبینین لێی لە نیوەی شەو و بەیانیان و ئێواراندا، لەڕێی ئەو فەرموودە پیرۆزانەی باس دەکرێن زۆرتر لەم بارەیەوە دەزانیت.
ئەم ئەرکە تایبەت نییە بە حەوزە، بەڵکو بۆیە ناوی ئەوانمان هێنا چونکە واجبە لەسەریان زیاتر لە غەیری ئەوان. ئەگینا کۆمەڵگا بە گشتی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە بەپێی توانای هەر تاکێک، پێویستە کەسانی خاوەن زانستی کەم دەست بکەن بە خوێندنەوەی تەفسیرە سادەکان وەک تەفسیری شبر.
من ئامۆژگاریی هەموو موسوڵمانێک دەکەم –ئەمە شتێکە خۆم ئەزموونم کردووە- کە ژیانی بە قورئان دەست پێ بکات بەوەی لە کتێبێکی تەفسیرکراودا بیخوێنێتەوە وەک ئەوەی باسمان کرد بۆ ئەوەی بەهۆی خوێندنەوەیەوە لە واتای وشەکانی تێ بگات و لەسەر ئەم حاڵەتە بەردەوام بێت تا چەند خەتمێک دەکات، تا ئەو ڕادەیەی زانستێکی سەرەتایی لە قورئان دەست دەکەوێت، پاشان بگەڕێتەوە بۆ قورئان و بیخوێنێتەوە وێڕای گەشەدان بە توانای خوێندنەوەی کتێبە پێشکەوتووەکانی تەفسیر وەک (المیزان) و (في ظلال القرآن) و ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە کە ڕاڤەی وشەکانی قورئانیان کردووە یان بەپێی بابەت ڕاڤەی بابەتەکانی کردووە، بە جۆرێک کە بابەتێکیان هەڵبژێرێت بۆ توێژینەوە، پاشان هەموو قورئان بگەڕێت و هەموو ئایەتەکان کە پەیوەستن بەو بابەتەوە کۆ بکاتەوە تا لەڕێی ئەوەوە وێنا و دیدگای قورئانی بۆ دەرکەوێت. من لێرەدا هەندێک لەو زاراوە هزرییانە دەخوازمەوە لەپێناو ئاشناکردنی بیری خەڵک سەرەڕای هەندێک تێبینی. ئەمە لەبەر ئەو بابەتەی کە گریمانە دەکرێت کێشەیەکی واقیعی چارەسەر بکات کە کۆمەڵگا تێیدا دەژی، جا چ عەقیدەیی بێت، یان ئەخلاقی و فیکرئ و شتی تر.
باش وایە ئەو بابەتە لەگەڵ هەندێک لە زانایانی حەوزە جێبەجێ بکرێت تا شتەکانیان ئاڕاستە بکرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە و ڕێنماییان بکەن بۆ ئەو شتانەی سوودیان پێ دەگەیەنن. چونکە کۆمەڵگە و حەوزە تەواوکەری یەکترن. حەوزە کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکات و کۆمەڵگەش پەستان دەخاتە سەر حەوزە تا لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت و لە ئاستی پێویستیی ئوممەت و چاوەڕوانییەکانیدا بێت و لەگەڵ ئەو سەردەمەدا بڕوات کە تێیدا دەژی، لەو کاتەدا حەوزەش کەسانی لێهاتوو پێشکەش دەکات لە حەوزە و غەیری حەوزە و ئوممەتیش تێ دەگات کێ باشترینە.
قورئان وەک پێویست دەرک ناکرێت مەگەر کاتێ کە مرۆڤ وەک پەیامێک کە خۆی و خەڵکانی چواردەوری پێ چاکسازی دەکات هەڵی گرێ و بەهۆیەوە بەرەنگاری هەڵە و لادان ببێتەوە کە زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت. لەو کاتەدا لە دۆخێکدا دەژی وەک ئەو دۆخەی قورئانی تێدا دابەزیوە، ئەو دەمەش ڕازەکانی بۆ دەکرێتەوە و تەنها خوێندنەوەی بۆ پیرۆزی بەس نییە، هەرچەند ئەوەش باشە و ئینکار ناکرێت.
زەروورە کە یەکێک لە توێژینەوەکان تایبەت بکرێت بە قورئان بە پێی مێژووی دابەزینی ئایەتەکانی، هەرچەند گرنگی دان بەمە بە تێروتەسەلی کارێکی قورسە لەبەر نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەری، بەڵام دەکرێت هەندێک لایەنی دیاری بکرێت و سوودی زۆری لێ وەربگیرێت لە بواری ناسینی هەنگاوەکانی قورئان لە چاکسازیی کۆمەڵدا لەو ڕووەوە کە بە قۆناغ دابەزیوە بە گوێرەی ڕووداوەکان.
ئەم دابەزینەی قورئان بە قۆناغ لەبری ئەوەی بە یەک جار دابەزێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئەو حاڵەتانەی چارەسەریان دەکات. خوای گەورە دەفەرموێت: [وَقُرْآناً فَرَقْنَاهُ لِتَقْرَأَهُ عَلَى النَّاسِ عَلَى مُكْثٍ وَنَزَّلْنَاهُ تَنزِيلاً] (الإسراء: 106) واتە: قورئانمان کردووە ەب چەند بەشێک تا بە وچان بەسەر خەڵکدا بیخوێنیتەوە و بە قۆناغ دامان بەزاندووە. مادام قورئان کتێبی پەروەردە و هیدایەت و ژیانەوەیە، کەواتە دەبێت بە قۆناغ و بە نەرمی بێت، چونکە چارەسەری گونجاو لە کاتی گونجاودا دەنووسرێت و بە ژەمی گونجاو دەدرێت، بە زیاتر و نە کەمتر، نە پێش وادەی خۆی و نە دوای. بەم شێوەیە قورئان دەستی ئەم ئوممەتە دەگرێت بە نەرمی تا دوای دوو دەیە خۆی لە لوتکەی بەرزی و کەماڵ و عیززەت و سەربەرزیدا ببینێتەوە.
([1]) الميزان في تفسير القرآن: 6 / 84 ڕاڤەی ئایەتەکە، لە کتێبی الدر المنثور.