فیقهـ و فەقیهـ لە زاراوەی قورئانیدا

| |عدد القراءات : 640
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

فیقهـ و فەقیهـ لە زاراوەی قورئانیدا

کەمەێک لەمەوبەر چەمکی جاهیلییەتمان خستە بەر باس لە زاراوەی قورئانیدا و سیفەت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی جاهیلی و جێگرەوە ئیلاهییەکانمان باس کرد کە قورئان پێشکەشیان دەکات وەک نموونەیەک بۆ چەمکی کۆمەڵایەتی.

ئێستاش تێگەیشتنی قورئانی دەخەمە روو بۆ لەفزێکی حەوزەوی کە بریتییە لە فیقهـ وەک نموونەیەکی تر. فیقهـ لای ئێمە بۆ حوکمەکانی شەریعەت بەکار دێت، وێڕای ئەوەی لە بەکارهێنانی قورئانیدا بە واتای ناسینی خودا دێت و هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە وەک دەر دەکەوێت، بەڵکو لە هەندێک شوێندا پەیوەندیی گشتی لە نێوانیاندا هەیە.

لە ئایەتی پیرۆزی: [فَلَوْلاَ نَفَرَ مِن كُلِّ فِرْقَةٍ مِّنْهُمْ طَآئِفَةٌ لِّيَتَفَقَّهُواْ فِي الدِّينِ وَلِيُنذِرُواْ قَوْمَهُمْ إذا رَجَعُواْ إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ] (التوبة: ١٢٢)  واتە: بۆچی لە هەر دەستەیەک تاقمێک کۆچ ناکەن تا لە دین تێ بگەن و نزیکەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە گەڕانەوە بۆ لایان، بەو هیوایەی حەزەر بکەن. لەم ئایەتە پیرۆزەدا: ئێمە دەزانین حەزەر و تەقوا لە زانینی ئەحکامی شەریعەتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو دۆخی ڕۆحی و دەروونی و عەقڵی سەرچاوەی حەزەرن و پاش بەدەستهاتنی تەقوا و ناسین لە دڵدا هاندان بۆ فێربوونی ئەحکامی شەریعەت و جێبەجێکردنی ڕوو دەدات و دەتوانیت خۆت ئەوە تەجروبە بکەیت، کتێبەکانی فیقهـ بخوێنەوە و تێیدا ڕۆ بچۆ لە سەرەتاوە تا کۆتایی، ئایا هەست بەوە دەکەیت ڕۆحتی پاراو کردووە و حەزەر و تەقوای تێدا زیاد کردوویت؟ چەندمان فەقیهـ بە واتای وشە بینیوە کە ڕووی لە دونیا بووە و یەکجار زۆر دوور بووە لە خودای گەورەوە.

قورئان چیرۆکی ئەم جۆرە فەقیهەمان بۆ باس دەکات: [وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ الَّذِيَ آتَيْنَاهُ آيَاتِنَا فَانسَلَخَ مِنْهَا فَأَتْبَعَهُ الشَّيْطَانُ فَكَانَ مِنَ الْغَاوِينَ، وَلَوْ شِئْنَا لَرَفَعْنَاهُ بِهَا وَلَكِنَّهُ أَخْلَدَ إِلَى الأَرْضِ وَاتَّبَعَ هَوَاهُ فَمَثَلُهُ كَمَثَلِ الْكَلْبِ إِن تَحْمِلْ عَلَيْهِ يَلْهَثْ أَوْ تَتْرُكْهُ يَلْهَث ذَّلِكَ مَثَلُ الْقَوْمِ الَّذِينَ كَذَّبُواْ بِآيَاتِنَا فَاقْصُصِ الْقَصَصَ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ] (الأعراف: 175 - 176). واتە: باسی هەواڵی ئەو کەسەیان بۆ بکە ئایەتەکانی خۆمان پێ بەخشی، بەڵام خۆی لێ داماڵی و شوێن شەیتان کەوت و بوو بە یەکێک لە گومڕاکان. ئەگەر بمانویستایە پلەیمان بەو زانستەی بەرز دەکردەوە، بەڵام بەرەو دونیا و نزمایی زەمین چوو و شوێن هەوای نەفس کەوت. نموونەی ئەو وەک سەگێک وایە کە هێرشی بۆ بەری زمان دەردێنێ و ئەگەر پشتگوێشی بخەیت هەر زمان دەردێنێ. ئەمە نموونەی ئەوانەیە کە ئایەتەکانی ئێمە بەدرۆ دەخەنەوە، کەواتە چیرۆکەکانیان بۆ بگێڕەوە بەو هیوایەی بیر بکەنەوە.

یەکێک لە بەڵگەکان کە مانای فیقهـ بریتییە لە ناسینی خودا ئەوەیە کە شوێنی فیقهـ لە ئایەتە پیرۆزەکاندا دڵە کە شوێنی ناسینی ڕاستەقینەی خودایە، لە کاتێکدا زانینی ئەحکامی شەریعەت شوێنەکەی عەقڵە. خوای گەورە دەفەرموێت: [رَضُواْ بِأَن يَكُونُواْ مَعَ الْخَوَالِفِ وَطُبِعَ عَلَى قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لاَ يَفْقَهُونَ] (التوبة: 87) واتە: بەوە ڕازی بوون کە لەگەڵ بەجێماواندا بن، خوا مۆری لە دڵیان دا و ئەوانی تێناگەن (فیقهیان نییە). هەروەها دەفەرموێت: [لَهُمْ قُلُوبٌ لاَّ يَفْقَهُونَ بِهَا] (الأعراف: 179) واتە: دڵیان هەیە، بەڵام بیری پێ ناکەنەوە (فیقهی پێ ئەنجام نادەن).

لەبەر ئەمە ئەو ئایەتە فیقهـ، واتە ناسینی قووڵی خودا و سەرەتا و کۆتایی بە هۆکاری چەندهێندەبوونی هێز تا دە بەرامبەر داناوە. خودای گەورە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ حَرِّضِ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى الْقِتَالِ إِن يَكُن مِّنكُمْ عِشْرُونَ صَابِرُونَ يَغْلِبُواْ مِئَتَيْنِ وَإِن يَكُن مِّنكُم مِّئَةٌ يَغْلِبُواْ أَلْفاً مِّنَ الَّذِينَ كَفَرُواْ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌ لاَّ يَفْقَهُونَ] (الأنفال: 65) واتە: ئەی پێغەمبەر! ئیمانداران هان بدە بۆ جەنگ، ئەگەر بیست نەفەی ئارامگریان تێدا بێت، بەسەر دووسەد کەسدا سەر دەکەون، ئەگەر سەد کەس بن، بەسەر هەزار کەسدا لە کافرەکان سەردەکەون، لەبەر ئەوەی ئەوان کەسانێکن تێ ناگەن.

ئەم واتایە لە فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەریشدا (صلی الله علیه وآله) جەختی لێ کراوەتەوە کە فەرموویەتی: ئایا پێتان بڵێم فەقیهی ڕاستەقینە کێیە؟ ئەوەیە کە خەڵک نائومێد ناکات لە ڕەحمەتی خودا و لە سزای خودا بێخەمیان ناکات و لە بەزەیی خودا هیوابڕاویان ناکات و ڕوخسەت نادات بە سەرپێچیی خودا و قورئان پشتگوێ ناخات بەهۆی خواستنی غەیری قورئانەوە. هیچ خێرێک لە زانستێکدا نییە تێگەیشتنی تێدا نەبێت، خێر لە قورئان خوێندنێکدا نییە تێڕامانی تێدا نەبێت، خێر لە عیبادەتێکدا نییە فیقهی تێدا نەبێت. ([1]) ئەمە لە کتێبی (الوسائل)دا هاتووە. لە سەرچاوەی تریشدا([2]) درێژەی فەرموودەکە هەیە بەم شێوەیە: کاتێک قیامەت دێت، کەسێک بانگەواز دەکات: ئەی خەڵکینە! نزیکترین کەستان لە خوداوە ئەوەیە کە زۆرتر لێی بترسێت، خۆشەویستترینتان لای خوا کەسێکە کردەوەی باشتر بێت، ئەوەتان زۆرترین بەشی هەیە لای خودا کە زۆرترین ئارەزووی هەبێ بۆ دیداری، پاشان خودا دەفەرموێت: ئەمڕۆ سەرگەردانیی دونیا و ئاخیرەتتان لا کۆ ناکەمەوە، فەرمان دەکات کورسییان بۆ بهێنن و لەسەری دادەنیشن. خودای جەببار ڕوویان تێ دەکات بە شێوەیەک کە لێیان ڕازییە و بە باشترین شێوە پاداشتیان دەداتەوە.

دەبینیت سیفەتەکانی فەقیهـ ئەوەیە کە لە خودا نزیک بووبێتەوە. لە فەرموودەیەکی تردا لە ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) هاتووە دەفەرموێت: کاتێک فەقیهەکان و حەکیمەکان بۆ یەکیان دەنووسی، سێ شتیان دەنووسی کە چوارەمی نییە: هەرکەسێک هیممەتی بۆ دواڕۆژ بێت، خودای گەورە لە هیممەتی دونیا ڕزگاری دەکات، هەرکەسێک نهێنیی باش بکات، خودای گەورە ئاشکرای باش دەکات، هەرکەسێک نێوانی خۆی و خودا باش بکات، خودای گەورە نێوانی ئەو و خەڵکی باش دەکات. ([3])

لە فەرموودەیەکدا لە ئەبوحەسەنەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە: لە نیشانەکانی فیقهـ، حیلم و زانست و بێدەنگییە. بێدەنگی یەکێکە لە دەرگاکانی حیکمەت، بێدەنگی خۆشەویستی دەهێنێت و ڕێنیشاندەری هەموو چاکەیەکە. ([4])

دەکرێت سوود لەم مانایە وەر بگیرێت بۆ کۆکردنەوەی نێوان دوو فەرموودە. لە (الخصال)دا لە پێغەمبەرەوە دەگێڕێتەوە: دوو تاقم لە ئوممەتەکەم هەن ئەگەر چاک بن ئوممەتەکەم چاک دەبن، ئەگەر گەندەڵ ببن ئوممەتەکەم گەندەڵ دەبێت، ئەوانیش دەسەڵاتداران و فەقیهەکانن. ([5]) لە کتێبی (الوسائل) لە (الامالی)ەوە لەبری ئەوە وشەی زانایانی قورئانخوێنی هێناوە. ئەگەر ئەو فەرموودەیەی لەگەڵ گرێ بدەین لەبارەی سیفەتەکانی قورئانخوێنەوە، دەگەین بە واتای ناوبراو.

لە نێوان زاراوەی فەقیهـ لە قورئان و لای حەوزەوییەکان پێوەندی و گشتی و تایبەتی هەیە، کەواتە دەکرێ فەقیهـ بە واتای قورئانی هەبێت کە بە واتای حەوزەوی وا نەبێت، دەبینین زۆر لە ئەولیای خودا و عارفەکان کە کەراماتی ئاشکرایان هەیە، بەڵام نەگەیشتوونەتە پلە بەرزەکانی زانستی حەوزەوی، دەشکرێ بە پێچەوانەوە بێت، دەگونجێ کەسێک هەبێت مێشکی پڕ بووبێت لە تیۆری و بیر و ڕای ئوسوولی و عەقڵی و بابەتی فیقهی، بە جۆرێک کە ئاگای لە وردترین بابەت هەبێت، بەڵام دڵی ئاوەدان نییە بە زیکری خودا، ئەگەر سادەترین شتی لەبارەی چاکسازیی نەفس و ڕێگای خواناسی و پاککردنەوەی دەروون و دڵ لێ بپرسیت، بە سەرلێشێواوی دەمێنێتەوە. کەسانی وا بە واتا قورئانییەکە فەقیهـ نین، کەسی کامڵ ئەوەیە کە هەردوو واتاکەی تێدا کۆ بووبێتەوە، هەروەک حاڵی زۆربەی زانا پیرۆزەکانمان وا بووە کە گەیشتوون بە پلەی بەرزی فیقهـ و ئوسوول و لە عیرفانیشدا لە لوتکەدا بوون. ئەوەی لە فەرموودەکەدا هاتووە: فەقیهەکان ئەمینی پێغەمبەرانن،([6]) مەبەستی ئەمانەیە. بەم دیدگا قورئانییەوە، پێویستە فەرموودە پیرۆزەکان تێ بگەین تا مانا بەرزەکانیمان لەدەست دەرنەچێت.



([1]) بحار الأنوار: 2/49، باب: صفات العلماء وأصنافهم، حديث 8.

([2]) مدينة البلاغة: صفحة 98، لە کتێبی الجعفريات.

([3]) الخصال: صفحة 129 باب ٣.

([4]) الاختصاص: 232.

([5]) سەرچاوەکەی لە سەرەتای ئەم کتێبەدا باس کرا.

([6]) بحار الأنوار: 2/36 حديث 38.