ڕێگەی گێڕانەوەی ڕۆڵی قورئان چۆنە؟
ڕێگەی گێڕانەوەی ڕۆڵی قورئان چۆنە؟
ئێستا دەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی خستمانە ڕوو کە بریتییە لە چۆنیەتیی ڕێگەی گێڕانەوەی ڕؤڵی قورئان لە ژیان و چۆنیەتیی بەکارهێنانی. دوو لایەن بەرپرسیاریتیی ئەوەیان لەسەر شانە: کۆمەڵگە و حەوزەی پیرۆز کە بریتییە لە ڕەمزی وشیاریی ئوممەت و هزر و ئاستی دینیی کۆمەڵگە. وتمان گرنگترین ئەرکی حەوزە لە کۆمەڵگەدا بریتییە لە خستنەڕووی مەفهوومەکانی قورئان و دیدگا و عەقیدە و ئەخلاقی -کە ئاماژەمان بۆ هەندێکی کرد- بۆ کۆمەڵگە بە تێگەیشتنی دروست و پاک وەک ئەوەی قورئان دەیەوێت و بە شێوەی گونجاو تا ڕۆڵەکەی کارا بێت لە ژیانی ئوممەتدا و ئەمەش بە چەند ڕێگەیەک دەبێت، وەک مینبەری حوسەینی و وانە و کۆڕ و وتاری جومعە و جەماعەت و کتێب و بڵاوکراوە و هاوشێوەکانی.
بەڵام پێش ئەوە، پێویستە قورئان بگەڕێتەوە بۆ مەنهەجەکانی خوێندنی حەوزە، ئەوەش لەسەر دوو ئاست دەبێت:
یەکەم: خوێندنە سەرەتاییەکان، واتە ئاستی پێشەکی و سەرەتایی، دەبێت ئەم مەنهەجانە وەرگرن([1]):
1. لەبەرکردن و خوێندنی قورئان و نووسینەوەی بە دروستی بە گوێرەی قەواعیدی زمانی عەرەبی و فێربوونی تەجوید لە چوارچێوەی شەرعدا.
2. تەفسیرێکی کورت و پوخت هەرچەند بە شێوەی ڕاڤەی وشەکان بێت، هەروەک لە تەفسیری شبر و هاوشێوەکانیدا هەیە، بۆ ئەوەی فێرخواز بیرۆکەیەکی گشتیی لەسەر واتاکانی قورئان هەبێت.
3. خوێندنی زانستەکانی قورئان، باشترین کتێبیش لەم بوارەدا کتێبی (البیان)ە، یان پێشەکیی کتێبی (آلاء الرحمن) کە لە سەرەتای تەفسیری شبردا چاپ کراوە.
4. بەڕێوەبردنی پێشبڕکێ لە زانستە جۆراوجۆرەکانی قورئاندا و دیاریکردنی خەڵات بۆ براوەکان.
دووەم: خوێندنی باڵا، بە شێوەی چەند هەنگاوێک دەبێت:
1. کردنەوەی دەرگای پسپۆڕی لە زانستەکانی قورئاندا، باشترین کاتیش بۆ ئەمە دوای تەواوکردنی ئاستە باڵاکانە چونکە فێرخوازی پسپۆڕ مەنهەجێکی تایبەت بە خۆی ئامادە دەکات و دەتوانرێت سوود لە هەندێک کتێب ببینرێت پاش ئەوەی تاقیکردنەوەیەکی دیاریکراو ئەنجام دەدات بۆ دەرخستنی توانای خوێندکار کە دەیەوێت ببێت بە پسپۆڕ لەو بوارەدا و خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو خوێندنە، وێڕای فەراهەمکردنی سەرچاوەی پەیوەندیدار، تا ببێت بە وانەبێژ، یان ڕاڤەکار، یان توێژەری قورئانی.
2. خوێندنی تەفسیر بە شێوەیەکی قووڵ، چ هەموو قورئان بێت، یان هەندێک ئایەت و بڕگەی دیاریکراو لێی هە مەبەستێکی دیاریکراویان هەیە. دەکرێت دەقی یەکێک لە تەفسیرەکان وەربگیرێت و وانەبێژ ڕاڤەی بکات و تێبینیی لەسەر بدات و ئەوەی پێویست بێت بیخاتە سەری لەو زانیارییە بەسوودانەی لە تەفسیر و سەرچاوەکانی تردا هەن، بە ڕای ناچیزی من، باشترین تەفسیر بریتییە لە تەفسیری (المیزان) و (في ظلال القرآن)، لەبەر ئەوەی هەر یەکەیان مەنهەجێکی تایبەتیان بۆ تەفسیرکردن گرتۆتە بەر کە جیاوازە لەوەی تر، ئەو کەسەی زانیارییەکانیانی چەشتبێت تێی دەگات.
3. دانانی مەنهەج بۆ وانەی واتاکانی قورئان و دیدگاکانی و تیۆرییەکان و پێشنیارەکان و فەلسەفەکەی بۆ ژیان، پاش ئەوەی فێرخواز تەفسیرێکی سەرەتایی دەخوێنێت بۆ تێگەیشتن لە وشەکانی قورئان لە ئاستی پێشووتریدا. ئەم بابەتە بە خوێندنی ئایەتەکانی قورئان بە شێوەی بابەتی دەبێت نەک بە شێوەی بەشبەشی باو. هەرچەند ئەم ڕێوشوێنە بنەمایە بۆ ئەوەیان. هەردوو مەنهەجەکەم بەراورد کردووە لە کتێبە دەستنووسەکەمدا (مدخل الی تفسیر القرآن) کە ئەم باسە پێشەکییەکە بۆی.
پێویستە تەرکیز لە بابەتی زانستی بکرێتەوە کە واقیعی ژیاندا هەیە، چ کەسەر ئاستی عەقیدە بێت یان ئەخلاق و هزر. بۆ نموونە: باسی تەقوا، ئارامگرتن، فیقهـ، تەوحید، ئیمامەت، ویلایەت، شەیتان، زیندووبوونەوە، کۆمەڵگەی ئیسلامی و هۆکارەکانی دروستکردن و داڕووخانی، ئومێد و ئارەزوو، ئامۆژگاری و پەند، سوننەتەکانی خودا لە ئوممەتەکانی پێشوودا و بەم شێوەیە . ئەو دەمە زۆربەی بیرەکانمان دەگۆڕێت چونکە ئەو واتایانەی ئێستا باون بۆ وشەکانی قورئان، بە تەواوی یەکسان نین بە تێگەیشتنی قورئانی بەپێی بەراوردکردنی بابەتەکانی لە قورئاندا، بەهۆی نیشتنی تۆزی تەئویلات و تەفسیر بە ڕای تاکەکەسی و تێکەڵبوونی هەواو هەوەس و دەمارگیری و هێرشی نیەتپیسان و تاد.
([1]) جەنابی شێخ هەموو ئەم زاراوانەی داخڵی بەرنامەی دەرسیی زانکۆی ئاینیی سەدر کردووە کە خۆی سەرپەرشتیی دەکات.