هەندێک وانە بە سوودوەرگرتن لە ڕێکاری قورئان بۆ چاکسازیی کۆمەڵگە

| |عدد القراءات : 596
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

هەندێک وانە بە سوودوەرگرتن لە ڕێکاری قورئان بۆ چاکسازیی کۆمەڵگە

لێرەدا پیویستە ئاماژە بە هەندێک وانە بکەین بە سوود وەرگرتن لە ڕێکاری قورئان بۆ چاکسازیی کۆمەڵگە و ڕێنوێنی کردنی:

1.     سەرنجدانی لایەنی هۆکارەکان زیاتر لە ئەنجامەکان لەکاتی چارەسەری حاڵەتێلی دیاریکراودا شتێکی گرنگ و پیویستە. کاتێک نەخۆشێک سەردانی پزیشک دەکات و نیشانەکانی نەخۆشییەکەی بۆ باس دەکات کە بە دەستیەوە دەناڵێنێت، گرنگترین کار کە پزیشکەکە ئەنجامی دەدات بریتییە لە دیاریکردنی هۆکارەکە و دەستنیشانکردنی چارەسەرەکەی، بەڵام وەستان لە چارەسەرکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا وەک سەرئێشە و سکئێشە یان تا، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی دیاری بکات، ئەوە لاوازیی بیرکردنەوەیە، بۆ نموونە کەسێک بیەوێت دیاردەی خۆ دەرخستن و خاوبوونەوە و چاولێکەریی لاوان بۆ ڕۆژاوا چارەسەر بکات، یان چارەسەری پێنەدانی خومس لەلایەن خەڵکەوە، یان نوێژنەکردن چارەسەر بکات، یان ئەنجامدانی تاوانی وەک خواردنەوەی شەراب و نێربازی، یان دوورکەوتنەوەی گشتیی خەڵک لە جێبەجێکردنی شەرعی خودا و لادانیان لێی بە ئەنقەست، تەنها ئەوە بەس نییە کە پییان بڵێت ئەوە واجبە و دەبێ ئەنجامی بدەن و ئەمەیان حەرامە و دەبێ وازی لێ بینن، چونکە ئەوانە موسوڵمانن و ئەوانە دەزانن. کەواتە پێویستە هۆکارەکەی دەستنیشان بکرێت کە بووەتە هۆی لاوازیی ڕێگریی دینی لایان کە دەبێتە هۆی هاندانیان بۆ ئەنجامدانی، پاشان چارەسەرکردنی. لاوازیی ڕێگریی دینی لە لاوازیی لایەنی ئەخلاقی و عەقیدەییەوە سەرچاوە دەگرێت لەلای کۆمەڵگە. لەبەر ئەوە قورئان لە مەککە –واتە سەرەتای دابەزینی- جەختی لەسەر ئەم دوو لایەنە دەکردەوە، بەوەی عەقیدەی دەخستە ڕوو و بە بەڵگەی جۆراوجۆر بەرگریی لێ دەکرد و وەڵامی ڕەخنەکانی دەدایەوە کە ڕووبەڕوی دەکرایەوە. زۆر جاریش فیترەتی ناخیانی دەبزواند چونکە ئەوە بەڵگەیەکی ویژدانییە کە لە دەروونی هەموو مرۆڤێکدایە و کەس ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکات و خۆی لێ بێبەری بکات. لەبەر ئەوە گرنگیی بە دیمەنەکانی ڕۆژی دوایی و ڕێسا خوداییەکان دەدا لە ئوممەتەکانی پێشوودا و زۆر ڕەهەندی پەند و عیبرەتی نیشان دەدا تا عەقڵیانی بەهۆش دەهێنایەوە و دڵیانی پاک دەکردەوە، پاشان ئەرکی پێ دەدان ئەحکامەکان جێبەجێ بکەن و ئەوانیش بە گوێڕایەڵییەوە قبووڵیان دەکرد. ئێمە دەزانین کە ماوەی پەروەردە لە مەککە زیاتر بوو لەوەی لە مەدینە هەبوو، لێرەشەوە گرنگیی زیاد لە ئەندازەی لایەنی هۆکار دەزانین لەچاو ئەنجامەکاندا.

2.     لێرەوە باسی وانەی دووەم دێتە پێش بە سوودوەرگرتن لە ڕێکاری قورئان بۆ چاکسازیی نەفس و کۆمەڵگە کە زەروورەتێکی بونیاتنەرە بۆ لایەنی ئەخلاقی و عەقیدەیی تاکی موسوڵمان. قورئانی پیرۆز پشتی بە چەند ڕێکارێک بەستووە بۆ ئەم بونیاتنانە کە لە وانەکانی (با بگەڕێینەوە بۆ لای خودا) باسم کردوون. لەوێدا گوتوومانە: قورئان ڕێگەی سێ جیهانی گرتۆتە بەر کە مرۆڤ تێیدا دەژی: عەقڵ و دڵ و ڕۆح. بۆ نموونە لە نێوان ڕێگریی ئاسمان و زەوی لە بەرەکەتەکانیان و  زاڵبوونی خراپەکاران و قبووڵنەبوونی دوعا پێکەوە گرێ دەدات و هۆکارەکەی بە دوورکەوتنەوەی خەڵک لە شەرعی خودا و تەرکی فەرزەکان و ئەمرکردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە دیاری دەکات. کەواتە هەرکەسێک بیەوێت لەم ئەنجامە خراپانە دەربازی ببێت، با فەرزەکان بەجێ بهێنێت. لە فەرموودەیەکدا هاتووە: ئەگەر ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپەتان تەرک کرد، بەرەکەت لە نێوتاندا هەڵدەگیرێت و بەڵاتان بۆ نازڵ دەبێت و خراپەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن، پاشان دوعا دەکەن و دوعاکانتان گیرا نابیت.([1])

لە سەرووی هەموو ئەو ڕێکارانەوە کە باسمان کردن لە نیشاندانی دیمەن و ئازارەکانی مەرگ و پاش ئەو و ڕۆژی دوایی، هەروەها وتووێژی نێوان کافر و فاسقەکان لە ئاگردا لەگەڵ شەیتانەکانیاندا، هەروەها بیرخستنەوەی سوننەتەکانی خودای گەورە لەوانەدا کە پشت دەکەنە تاعەتی خودا، خودای گەورە دەفەرموێت: [دَمَّرَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ وَلِلْكَافِرِينَ أَمْثَالُهَا] (محمد: 10) واتە:  خوای گەورە بەسەر یەکدا تێکی دان و کافرەکانیش شتی هاوشیوەیان تووش دەبێت. هەروەها: [فَأَخَذَهُمُ اللّهُ بِذُنُوبِهِمْ وَاللّهُ شَدِيدُ الْعِقَابِ] (آل عمران: 11) واتە: خوای گەورە بەهۆی گوناهەکانیانەوە گرفتاری کردن و سزای خودا سەختە. ژمارەی نیعمەتەکانی خوای گەورە لە ژماردن نایەت، وێڕای ئەوەی دان بە ڕاستیی فیتریدا دەنێن: [هَلْ جَزَاء الإِحْسَانِ إِلا الإِحْسَانُ] (الرحمن: 60) واتە: ئایا پاداشتی چاکە هەر چاکە نییە؟ پاشان باسی ئەو خۆشبەختییە دەکات کە دڵی مرۆڤ ئاوەدان دەکاتەوە و ژیانی و کۆمەڵگاکەی دەبووژینێتەوە ئەگەر بە پێی شەرعی خودا بێت. خودای گەورە دەفەرموێت: [وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُواْ وَاتَّقَواْ لَفَتَحْنَا عَلَيْهِم بَرَكَاتٍ مِّنَ السَّمَاء وَالأَرْضِ](الأعراف:96) واتە: ئەگەر ئەهلی ئاوەدانییەکان ئیمان بێنن و تەقوایان هەبێت، دەرگای بەرەکەتی ئاسمان و زەوییان بۆ دەکەینەوە.

عەقیدە و ئەخلاق ئەو دوو شتەن کە ئەو ئامانجە دیاری دەکەن کە مرۆڤ لە پیناویدا دەژی و نیشانەکانی ڕێگەکەی دیاری دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بیەوێت شتێک ببەخشێت بۆ پڕۆژەیەکی خێرخوازی یان یارمەتیدانی خاوەن پێداویستییەک. کێ دەسپێشخەری دەکات بۆ بەشداربوون؟ ئیماندارێک کە ڕەزای خودای دەوێت و  هیوای بە قەرەبووکردنەوە هەیە لەلایەن خوداوە، یان کەسێکی دوورەدین کە ئەوپەڕی هیممەتی بریتییە لە کەڵەکەکردنی ماڵی دونیا؟ ئەوانەی کە: [قَدْ يَئِسُوا مِنَ الآخِرَةِ كَمَا يَئِسَ الْكُفَّارُ مِنْ أَصْحَابِ الْقُبُورِ] (الممتحنة: 13) واتە: بە دڵنیاییەوە نائومێد بوون لە دواڕۆژ هەروەک چۆن کافرەکان نائومێد بوون لە گەڕانەوەی مردووەکان. بێگومان یەکەمیان خێراتر بەشداری دەکات. ئەمە نموونەیەکە بۆ کاریگەریی عەقیدە و ئەخلاق لە هاندانی مرۆڤ بۆ جێبەجێکردنی ئەرک. ئیماندار ئامانجەکەی خودای گەورەیە. کەواتە ڕۆڵەی دواڕۆژ بن و ڕۆڵەی دونیا مەبن. ئوممەت تەنها لەبەر ئەوە داڕووخاوە و گومڕا بووە لەبەر ئەوەی ئامانجەکەی لەدەست داوە کە لە پێناویدا دەژی، لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان دوور کەوتۆتەوە و پەرتەوازە بووە. خوای گەورە دەفەرموێت: [وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيماً فَاتَّبِعُوهُ وَلاَ تَتَّبِعُواْ السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] (الأنعام: 153) واتە: ئەمە ڕێگە ڕاستەکەی منە و شوێنی بکەون، شوێن ئەو ڕێچکانە مەکەون کە پەرتەوازەتان دەکەن و لە ڕێی خودا دوورتان دەخەنەوە. بەم شێوەیە ڕام سپاردن بەو هیوایەی تەقواتان هەبێت.

کەواتە هیچی ترمان لەسەر نییە جگە لە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە لە عەقڵ و دڵی کۆمەڵگەدا تا ئەو کاتەی ڕێگاکەیان بۆ ڕاست دەکەینەوە و ژیانیان ڕێک دەبێتەوە بە پێی ئەوەی خودا دەیەوێت و ئەوەش کە ڕێگای قورئان بگرین لە زیندووکردنەوەی دڵ و پاککردنەوەیدا و پاککردنەوەی نەفس و پڕکردنەوەی بە عەقیدەی حەق کە سەرچاوەی ئەخلاقی باڵایە. خودای گەورە دەفەرموێت: [أَلَمْ يَأْنِ لِلَّذِينَ آمَنُوا أَن تَخْشَعَ قُلُوبُهُمْ لِذِكْرِ اللَّهِ وَمَا نَزَلَ مِنَ الْحَقِّ وَلا يَكُونُوا كَالَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِن قَبْلُ فَطَالَ عَلَيْهِمُ الأَمَدُ فَقَسَتْ قُلُوبُهُمْ وَكَثِيرٌ مِّنْهُمْ فَاسِقُونَ] (الحديد: 16). واتە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئیمانداران دڵیان بە زیکردی خودا و بەو حەقیقەتەی دابەزیوە بلەرزێ و وەک ئەوانە نەبن کە پێش خۆیان کتێبیان پێ دراوە، بەڵام پاش تێپەڕینی کات دڵیان ڕەق بوو و زۆربەشیان فاسق بوون.

ئەمە باسێکە کە پێویستە بیرمەندان و پەروەردەکاران بچنە ناویەوە کە بریتییە لە ڕێکاری قورئان لە ئامۆژگاری و زیندووکردنەوەی دڵ. هەموو ئەو ئایەتانەی لەم بارەیەوەن، ئەگەر مرۆڤی عاقڵ تێیان ڕابمێنێ بە مەنهەجی ژیانیدا دەچێتەوە. خوای گەورە لە سوورەتی دوخان دەفەرموێت: [كَمْ تَرَكُوا مِن جَنَّاتٍ وَعُيُونٍ، وَزُرُوعٍ وَمَقَامٍ كَرِيمٍ، وَنَعْمَةٍ كَانُوا فِيهَا فَاكِهِينَ، كَذَلِكَ وَأَوْرَثْنَاهَا قَوْماً آخَرِينَ، فَمَا بَكَتْ عَلَيْهِمُ السَّمَاء وَالأَرْضُ وَمَا كَانُوا مُنظَرِينَ] (الدخان: 25 - 29) واتە:  چەند باخ و کانی، چەند کێڵگە و شوێنی باش، چەند نیعمەت کە تێیدا خۆشحاڵ بوون هەموویان بەجێ هێشت! بەم شێوەیە خەڵکانی ترمان کرد بە جێگرەوەیان، نە ئاسمان بۆیان گریا و نە زەوی و هیچ دەرفەتێکیشیان نەدرایە.

من ئامۆژگاریتان دەکەم کتێبی (القلب السلیم) بخوێننەوە کە لە دوو بەش پێک دێت، یەکەمیان لەبارەی عەقیدەوەیە و دووەمیان لەبارەی ئەخلاقەوە و لە دڵێکی پاک و بێگەردەوە دەرچووە.

3.     پلەبەندی لە هیدایەت و چاکسازیدا و گرتنی دەستی خەڵکی بە نەرمی و نموونەی سەرەکی لەمەدا بریتییە لە پلەبەندیی حەرامکردنی شەراب، بەو پێیەی عادەتێکی زۆر باو بوو لە کۆمەڵگەدا ڕەگی داکوتابوو و لە دڵ و عەقڵیاندا جێی خۆش کردبوو، بۆیە حەرامکردنی بە چەند قۆناغێک پلەبەندی کرا، یەکەمیان: :[يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ] (البقرة: 219) واتە: لەبارەی شەراب و قومارەوە لێت دەپرسن، بڵێ: خراپەی زۆر و هەندێک سوودیان تێدایە بۆ خەڵک. هەندێکیان وتیان ئیدی نایخۆینەوە چونکە خراپە و خودا هەموو خراپەیەکی ئاشکرا و نهێنیی حەرام کردووە، هەندێکیان وتیان: بە ئەندازەی سوودەکەی دەیخۆینەوە، پاشان ئەم ئایەتە دابەزی: [لاَ تَقْرَبُواْ الصَّلاَةَ وَأَنتُمْ سُكَارَى حَتَّىَ تَعْلَمُواْ مَا تَقُولُونَ] (النساء: 43) واتە: کاتێک کە مەستن نزیکی نوێژ مەکەونەوە تا بزانن چی دەڵێن. هەندێکیان وازیان لێ هێنا و وتیان شتێک ناخۆینەوە کە دژ بێت لەگەڵ نوێژ، پاشان ئایەتەکەی سوورەتی مائیدە دابەزی کە بە ڕوونی حەرامی کرد و بڕییەوە: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالأَنصَابُ وَالأَزْلاَمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ] (المائدة: 90) واتە: ئەی ئەو کەسانەی ئیمانتان هێناوە، شەراب و قومار و بت و قورعە پیسن و کردەوەی شەیتانن و لێیان دوور کەونەوە.

خودی دابەزینی قورئان بەش بەش لە ماوەی ٢٣ ساڵدا بە مەبەستی ئەوە بووە چارەسەری هەنووکەیی بکات و کات و شوێن ڕەچاو بکات و بارودۆخی بابەتی و جیاوازیی ئاستی خەڵک و توانای وەرگرتن و جێبەجێکردنی لەبەرچاو بگرێت.

دەکرێت ئەو پلەبەندییە بە چەند شێوەیەک بێت، کاتێک مەبەست چارەسەرکردنی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕیشەدار بێت، وەک ڕێساکانی خێڵ، سەرەتا دەبێت هەندێک ڕەخنە ببزوێنرێت سەبارەت بە ڕاستی و سوودی ئەو ڕێسایەنە، پاشان گومانیان بخەینە سەر، پاشان خستنەڕووی جێگرەوە و بژاردەی تر کە دەبنە ڕێگریان، ئەگەر ئەو گومان و ڕەخنانە لە دڵدا جێگیر بوون و سەرنجەکان بەرەو جێگرەوەی باشتر هاتن، ئەو دەمە قەناعەتکردن بە گۆڕینیان  ڕوو دەدات. لەو کاتەدا دەگونجێت بەرەنگاریان ببینەوە. بەڵام هەوڵی ڕاستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان بەبێ زەمینەسازی بە واتای شکست دێت. تا ئەو کاتەی ڕەگی داکوتابێت و مرۆڤ لەسەر ئەوە ڕاهاتووە کە ڕێز لە شتی باو بگرێت و لەسەری بڕوات، ئەو دەمە هەموو ئەوانەی لەسەری دەڕۆن دژی هەموو هەوڵێک دەبن بۆ گۆڕینی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە.

کاتێک پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) بە پێغەمبەرایەتی نێردرا، ڕاستەوخۆ بەرەنگاری بتەکان نەبووەوە، بەڵکوو خۆی و عەلی (علیه السلام) و خەدیجە (علیها السلام) لەبەر چاوی قورەیش عیبادەتیان دەکرد بەبێ بەرەنگاربوونەوەی خراپ. بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) دەرگای زۆر پرسیاری کردەوە: ئەو سیانە چی دەکەن؟ بۆچی عیبادەت دەکەن و لەبەر چی ڕێگای گەلەکەیان واز لێ هێناوە؟ ئەوە چ ئازایەتی و ئیمانێکی قووڵە لە دڵیاندا کە بەوپەڕی دڵنیاییەوە بەرانبەر هەموو لایەک وەستاون؟ ... ئەم پرسیارانە بووە هۆی موسوڵمانبوونی دەستەیەک، سەرنجی چیرۆکی عەبدوڵای کوڕی مەسعوود بدە لە کتێبەکانی سیرەدا. هیچ کەسیش لە قوڕەیش بەرەنگاری نەبووەوە چونکە بێزاری نەکردبوون و تووڕەی نەکردبوون وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرەنگاری بتەکانیان ببێتەوە.

4.     گرنگیدان و ڕاکێشانی سەرنجی ئوممەت بۆ لای خاڵە سەرەکییەکانی کیانی ئوممەت کە بەبێ ئەوانە ناپارێزرێت، بەتایبەت ئەوانەی دەزانرێت ئوممەت پشتگوێی خستوون پاش پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) و زۆر توند بووە لەسەری، وەک ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە و ئیمامەت و ویلایەتی ئیمانداران و دابڕان لە کافران و خۆشویستنی ئەهلی بەیت و دەسگرتن بە قورئان و ئەهلی بەیتەوە و پابەندبوون بە مزگەوت و جومعە و جەماعەتەوە. هەر ئەوەندە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لەناوماندا نەما، ئوممەت ئەم بنەما بەهێزانەی پشتگوێ خست بۆ پاراستنی کیانی خۆی، بۆیە بە خێرایی لادان دەستی پێ کرد، کەواتە هەر گەڕانەوەیەک بۆ چاکسازی لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕۆڵی ئەو بنەمایانەوە بۆ ژیانی ئوممەت پێویستی بە توێژینەوەی سەربەخۆ هەیە بە پشتیوانی خودا.

5.     ئاسوودەکردنی مێشک و بیر و کەمکردنەوەی دژواری و ماندووبوونەکانی کەسێک کە هەوڵی چاکسازیی کۆمەڵگە و ڕێنمایی دەدات، یان ئەوەی ناومان ناوە هەڵگری قورئان وەک پەیامی چاکسازی. خوای گەورە دەفەرموێت: [المص، كِتَابٌ أُنزِلَ إِلَيْكَ فَلاَ يَكُن فِي صَدْرِكَ حَرَجٌ مِّنْهُ لِتُنذِرَ بِهِ وَذِكْرَى لِلْمُؤْمِنِينَ](الأعراف: 1-2) واتە: ئەلیف لام میم ساد، قورئان کتێبێکە کە بۆ تۆ دابەزیوە، کەواتە هیچ هەست بە قورسایی مەکە لەوەدا کە هۆشداریی پێ بدەیت و بیری موسوڵمانانی بخەیتەوە. هەروەها: [فَلَعَلَّكَ تَارِكٌ بَعْضَ مَا يُوحَى إِلَيْكَ وَضَآئِقٌ بِهِ صَدْرُكَ أَن يَقُولُواْ لَوْلاَ أُنزِلَ عَلَيْهِ كَنزٌ أَوْ جَاء مَعَهُ مَلَكٌ] (هود: 12) واتە: ڕەنگە هەندێک لەوەی خودا بۆی ناردوویت پشتگوێی بخەیت و دڵت پێی تەنگ ببێت کە دەڵێن ئەگەر گەنجینەیەکی بۆ دابەزیایە، یان فریشتەیەکی لەگەڵ بووایە. هەروەها: [وَاصْبِرْ وَمَا صَبْرُكَ إِلاَّ بِاللّهِ وَلاَ تَحْزَنْ عَلَيْهِمْ وَلاَ تَكُ فِي ضَيْقٍ مِّمَّا يَمْكُرُونَ، إِنَّ اللّهَ مَعَ الَّذِينَ اتَّقَواْ وَّالَّذِينَ هُم مُّحْسِنُونَ] (النحل: 127 - 128) واتە: ئارام بگرە و تەنها بە پشتبەستن بە خودا ئارام بگرە، خەفەتیان لێ مەخۆ و خۆت مەخەرە تەنگانەوە بەهۆی ئەو فێڵانەی دەیکەن، خوا لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە تەقوایان هەیە و چاکەکارن. هەروەها: [لَتُبْلَوُنَّ فِي أَمْوَالِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ وَلَتَسْمَعُنَّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُواْ الْكِتَابَ مِن قَبْلِكُمْ وَمِنَ الَّذِينَ أَشْرَكُواْ أَذىً كَثِيراً وَإِن تَصْبِرُواْ وَتَتَّقُواْ فإن ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الأُمُورِ] (آل عمران: 186) واتە: لە ماڵ و نەفستاندا تووشی تاقیکردنەوە دەبن و لەو کەسانەوە کە کتێبیان پێ دراوە پێش ئێوە شتانێک دەبیستن، هەروەها لە موشریکەکانەوە ئازاری زۆرتان پێ دەگات، ئەگەر ئارام بگرن و تەقواتان هەبێت باشترە، ئەوە لەو کارانەیە کە پێویستە. جوانترین دەربڕین ئەوەیە کە خەدا فەرمویەتی: [وَاصْبِرْ لِحُكْمِ رَبِّكَ فَإِنَّكَ بِأَعْيُنِنَا] (الطور:48) واتە: لەسەر حوکمی خودای خۆت ئارام بگرە، تۆ لەلایەن خوداوە پارێزراویت. ئەمە خودی لوتف و ڕەحمەت و چاودێری و ئاڕاستەکردن و بەرچاوڕوونی و تاد...ە.

دەبینین چەند سوورەتێک بە کامڵی بۆ ئەم مەبەستە دابەزیون وەک سوورەتی یووسف کە هەست دەکەیت لەو قۆناغی دەرمارگرژییەدا دابەزیوە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) تێیدا ژیاوە لە مەککە پێش کۆچ. ئەو کاتەی پشتیوانانی لە دەست دا بە مردنی ئەبوتاڵیب و خەدیجە (علیهما السلام) و نائومێد بوو لە موسوڵمانبوونی قوڕەیش و هەوڵی دا پەنایەکی تر بدۆزێتەوە جیاواز لە مەککە، وەک تائیف، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و دونیا لە موسوڵمانان تەنگ بوو. لەو کاتەدا سوورەتی یووسف دابەزی کە چیرۆکی پیلانگێڕیی براکان دەگێڕێتەوە دژ بە برا بچووکەکەیان و هەڵیان دایە بیرێکەوە، ئەمەش واتا مردن بەپێی هۆکارە سروشتییەکان، بەڵام خودای گەورە کاروانێک دەنێرێت و ڕزگاری دەکات و بە پاشای میسری دەفرۆشن، پاشان دەکەوێتە فیتنەی ژنەکەی عەزیز و ژنەکانی ترەوە و ساڵانێک زیندانی دەکرێت، بەڵام خودای گەورە لە بەند ڕزگاری دەکات و فێری لێکدانەوەی خەون و قسەی دەکات. بە بەرەکەتی ئەوەوە دەستی بە پلەوپایەی ئەمیندارێتیی گەنجینەکانی میسر ڕادەگات. پاشان دەبێت بە پاشای میسر پاش ئەوەی دەبێت بە پاشای دڵەکان بەهۆی ئەخلاقی جوانی و بەرنامەی جوانیەوە. لێرەدا ئەو برا پیلانگێڕانە بە زەبوونی دێنە بەردەستی، ئەویش بە نەفسە بەرزەکەیەوە و دڵە میهرەبانەکەیەوە لێیان دەبوورێ و دەڵێت: [لاَ تَثْرَيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ يَغْفِرُ اللّهُ لَكُمْ وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ] (يوسف: 92) واتە: ئێستا هیچ سەرکۆنەیەکتان لەسەر نییە، خودا لێتان خۆش دەبێت و ئەو لە هەموو کەس بەبەزەییترە. خوای گەورە لەگەڵ باوکی و براکانی کۆیان دەکاتەوە. پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) هەمان وشەی بەکار هێنایەوە کاتێک قوڕەیش هەمان کاریان کرد تا ئەوەی خودا بەسەریاندا سەری خست و بەسەریاندا زاڵ بوو لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا لە مەککە، ئەو وتەیەی برا بەڕێزەکەی، یووسفی (علیه السلام) دووپات کردەوە و فەرمووی: هیچ سەرکۆنەیەکتان لەسەر نییە، بڕۆن ئێوە ئازادن. پاش ئەوەی هێنانیە قسە و فەرمووی: پیتان وایە چیتان لێ دەکەم؟ وتیان: برا و ئامۆزایەکی بەڕێزی ئێمەیت.([2]) ئەمەش دانپێدانان بوو بە گەورەیی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وآله).

6.     هاندان بۆ فێربوونی زانست و فێربوون و ڕۆچوون لە هەموو شتێکدا کە دەبێتە هۆی نزیکخستنەوە لە خودا و زیاتر ناسینی. وتراوە لە قورئاندا زیاتر لە پێنجسەد ئایەت هەیە باسی زانست و بیرکردنەوە دەکات و وەسفی زانایان دەکات و باسی خراپەی نەزانی و نەزانان و چارەنووسیان دەکات. تەنانەت قورئان تێگەیشتن و زانین و خوداناسیی کردووە بە هۆی چەند هێندە بوونی هێزی ئیمانداران لە بەرانبەر دوژمنانیاندا بە ئەندازەی دە هێندە بەپێی ئەو لێکدانەوەیەی لەم ئایەتە وەردەگیرێت کە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ حَرِّضِ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى الْقِتَالِ إِن يَكُن مِّنكُمْ عِشْرُونَ صَابِرُونَ يَغْلِبُواْ مِئَتَيْنِ وَإِن يَكُن مِّنكُم مِّئَةٌ يَغْلِبُواْ أَلْفاً مِّنَ الَّذِينَ كَفَرُواْ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌ لاَّ يَفْقَهُونَ] (الأنفال: 65) واتە: ئەی پێغەمبەر! ئیمانداران هان بدە بۆ جەنگ، ئەگەر بیست نەفەری بەسەبر بن، بەسەر دووسەد نەفەردا سەردەکەون، ئەگەر سەد نەفەر بن بەسەر هەزاردا سەردەکەون لە کافرەکان، چونکە ئەوانە کەسانێکی نەفامن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئارامگرتنی بە هۆکاری بەهێزبوونی دووهێندە داناوە لەکاتێکدا خودی سەبر یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتن: خوای گەورە دەفەرموێت: [الآنَ خَفَّفَ اللّهُ عَنكُمْ وَعَلِمَ أَنَّ فِيكُمْ ضَعْفاً فإن يَكُن مِّنكُم مِّئَةٌ صَابِرَةٌ يَغْلِبُواْ مِئَتَيْنِ وَإِن يَكُن مِّنكُمْ أَلْفٌ يَغْلِبُواْ أَلْفَيْنِ بِإِذْنِ اللّهِ وَاللّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ](الأنفال: 66) واتە: ئێستا خودا لەسەری ئاسان کردن و دەزانێت لاوازیتان تێدایە، ئەگەر سەد کەسی بەسەبرتان تێدا بێت، بەسەر دووسەد کەسدا سەر دەکەون، ئەگەر هەزار نەفەر بن بەسەر دووهەزاردا زاڵ دەبن بە ئیزنی خودا، خودا لەگەڵ کەسانی ئارامگرە.



([1]) تهذيب الأحكام: 6 / 176.

([2]) تفسير نور الثقلين: 2 / 460.