بەرپرسیارێتی حەوزە لە گێڕانەوەی ڕۆڵی قورئان
بەرپرسیارێتی حەوزە لە گێڕانەوەی ڕۆڵی قورئان
بڕوام وایە یەکەمین چینی کۆمەڵ کە بەرپرسیارە بریتییە لە حەوزەی پیرۆز، بە خوێندکاران و مامۆستایان و وتاربێژان و زانایانیەوە، چونکە چاکسازیی کۆمەڵگە لە ڕێی چاکسازیی حەوزەوە دەبێت و گەندەڵیی کۆمەڵگەش لەڕێی گەندەڵیی حەوزەوە دەبێت –پەنا بە خودا- لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا هاتووە لە پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیه وآله) کە فەرموویەتی: دوو تاوم هەن لە ئوممەتەکەم، ئەگەر چاک بوون، ئوممەتەکەم باش دەبێ، ئەگەر گەندەڵ بوون، ئوممەتەکەم گەندەڵ دەبێت. پییان وت: ئەی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) ئەو دوو دەستەیە کێن؟ فەرمووی: زانایانی ئاینی و دەسەڵاتداران([1]).
لە هەندێک لە کتێبەکانمدا ([2])گوتوومە: بەڕاستی جێی داخە قورئان لە مەنهەجی خوێندنی حەوزەدا ونە. بەرنامەی حەوزە بە جۆرێک ڕێک خراوە کە خوێندکار پێویستی بە قووڵبوونەوە لە قورئانی پیرۆز نابێت لە سەرەتای خوێندنیەوە تا دەگاتە کۆتایی و هیچ بەلاشیدا ناچێ مەگەر جاروبار بۆ بەڵگە هێنانەوە بۆ یاسایەکی نەحوی یان بابەتێکی ئوسوڵی یان شتێکی فیقهی. بەم شێوەیە بووە بە شانۆیەک بۆ وردەکارییە عەقڵییەکان و نەکراوە بە خۆراکی دڵ و ڕووح و دەرمانی نەفس. جاری وا هەیە کەسێکی حەوزەوی بگاتە ئاستێکی بەرزی فیقهـ و ئوسووڵ، بەڵام لەگەڵ قورئاندا نەژیاوە و هەرگیز ئەزموونی ژیانی لەگەڵ قورئان نەبووە و وەک پەیامێکی چاکسازی وەری نەگرتووە. جاری وا هەیە ڕۆژ و هەفتەکان تێ دەپەڕن و خوێندکارێکی حەوزەکان نابینیت دەست بداتە قورئانی پیرۆز بۆ ئەوەی ئایەتەکانی بخوێنێتەوە و تێیدا ڕۆ بچێت چونکە پەیوەندییەکی ڕۆحیی قووڵ لە نێوان ئەو و قورئاندا نییە. بەڵام ئەگەر خۆراکی ڕۆحیی خۆی تێدا ببینێتەوە کە بێنیازی دەکات لە غەیری خۆی، نەیدەتوانی تەرکی بکات. ئەمەش موسیبەتێکی گەورەیە بۆ حەوزە و کۆمەڵگا، ڕەنگە هەندێک هەبن نەتوانن قورئان بە جوانی بخوێننەوە.
لەبەر ئەوەی پەیامی حەوزەی پیرۆز کە بەنیازی هەڵگرتنیەتی، بریتییە لە چاکسازیی کۆمەڵگا و نزیککردنەوەی لە خودای گەورە، کەواتە یەکەم ئەرکی بریتییە لە تێگەیشتنی قورئان و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی، چونکە ئوممەت لە خێر و خۆشیدا نابێت مەگەر دەست بە قورئانەکەیەوە بگرێت و ڕێنمایی لێ وەرگرێت و سوود لە نوورەکەی وەربگرێت هەر وەک چۆن دەقی فەرموودە بەناوبانگەکە دەفەرموێت: من دوو شتی گرانبەهام لەپاش خۆم بۆ بەجێ هێشتوون، کتێبەکەی خودا و ئەهلی بەیت، ئەگەر دەستیان پێوە بگرن هەرگیز گومڕا نابن([3]).
([1]) الخصال: أبواب الاثنين، حديث 12.
([2]) ئامۆژگاری و ڕاسپاردە بۆ وتاربێژان و خوێندکارانی حەوزەی پیرۆز (لەم بەرگەدا پێشتر باس کرا).
([3]) پێشتر باس کرا.