زەروورەتی گەڕانەوە بۆ لای قورئان
زەروورەتی گەڕانەوە بۆ لای قورئان
ئایا پاش ئەو هەموو شتە پێویستمان بەوەیە باسی پاڵنەری زیاتر بکەین بۆ گەڕانەوە بۆ لای قورئان و ژیان لە سایەیدا؟ ئایا کەسێک ماوە گەورەیی ئەو خەسارەیە هەست پێ نەکات کە بە هۆی دوور کەوتنەوەمان لە قورئان تووشی بووین؟ کەواتە با هەموومان بگەڕیینەوە بۆ قورئان و تەوبە بکەین و پەشیمان ببینەوە و دەستی پێوە بگرین و لێی بپاڕێینەوە کە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە پێشەوامان و هیدایەتمان بکات بەرەو لای خودای گەورە و پێویستە لەسەرمان بیر لە ڕێگەیەک بکەینەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەم کتێبە پیرۆزە لە دوورەپەرێزییەک کە بە سەریدا سەپاندومانە و دیسان ڕۆڵی بۆ بگێڕینەوە لە ژیانی کۆمەڵگادا.
ڕەنگە بڵێیت: ئەوە هاتۆتە دی لە ڕێی ئەوەی دەیبینین لە زۆریی خولە فێرکارییەکان و خولی لەبەرکردن و تەجوید و فێرکردنی یاساکانی و نووسینەوەی.
دەڵێم: لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەوانە، بەڵام ئەوانە گرنگیدانە بە توێکڵ و گرنگ ئەوەیە گرنگی بە ناوەڕۆک بدەین. لەفز تەنها دەفرێکە کە مانا دەگەیەنێت و توێکڵێکە بۆ پاراستنی مانا کە کرۆکە و لەفز ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مەعنا بۆ مێشک. ئایا گرنگیدان بە توێکڵ کافییە لە کاتێکدا کرۆک پشتگوێ بخرێ؟ کەواتە ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە قورئان بە ڕووح و ناوەڕۆک و مەعنا و بیر و مەفهوومەکانیەوە بگێڕینەوە. گومانی تێدا نییە هەنگاوی یەکەم بریتییە لە گرنگیدان بە خوێندنەوەی و تێگەیشتن لە واتای لەفزەکانی و جێبەجێکردنی ڕێساکانی عەرەبی بەسەر دەنگ و پیتەکانیدا.