ژیان لە سایەی قورئاندا
ژیان لە سایەی قورئاندا
لە سەرەتای تەمەنی لاویمدا ژیانم لە ژێر سایەی قورئاندا تاقی کردۆتەوە و لە ژێر چاودێرییدا ژیاوم. ساڵانە بیست تا بیست و پێنج جار خەتمم دەکرد تا تێکەڵ بوو بە گۆشت و خوێن و بیر و زمان و دڵم. هاوکات لەگەڵ خوێندنیدا بە دیقەتەوە دوو تەفسیری گرنگم دەخوێندەوە کە بە شکۆمەندیان دەزانم و دان بەوەدا دەنێم کە چاکەیان بەسەرمەوە هەیە لە دروستکردنی کەسایەتیی زانستی و فیکریمدا، ئەوانیش بریتین لە تەفسیری (المیزان) و تەفسیری (في ظلال القرآن)، تا تەواوم کردن و پوختەیەکم لە سەرباسەکانیان ئامادە کرد تا بەردەوام بۆیان بگەڕێمەوە و ئەو بیرۆکانە و ئەو ساتە خۆشانە لە مێشک و ڕۆح و دڵمدا بمێننەوە.
لە سایەی قورئاندا چیم بینی؟ ئەوەی لە سایەی قورئاندا بژی چی دەبینێت؟ گەورەیی خودا دەبینێت کە لە ئایەتەکانیدا و لە یاساکانی و سوننەتەکانیدا دەرکەوتووە و قودرەتی خودا لە هەموو شتێکدا دەبینێت. هەموو زەوی لە ناو دەستی قودرەتیدایە و ئاسمانەکان بە دەستی ڕاستی پێچراونەتەوە و عیززەت هەمووی هەر هی خودایە، هێز و دەستەڵات هەر هی ئەوە. هەر ئەوە میراتگری زەوی و ئەوەی تیایدایە و گەڕانەوەی بەندەکان هەر بۆ لای ئەوە. لە ڕەگی گەردن لێیانەوە نزیکترە و لە نێوان مرۆڤ و دڵیدا جێ دەگرێت، هیچ شتێک سوود و زیانی بۆ شتی تر نییە بە ئیزنی ئەو نەبێت. لەو حاڵەتەدا هەرچی غەیری خودا هەیە لە بەردەم هەڵگری قورئاندا بچووک دەبێتەوە، هەرچەند گەورەش بێ لە ڕواڵەتدا، یان هاوەڵانی و شوێنکەوتوانی هەوڵی گەورەکردن و فووتێکردنی وێنەکەی بدەن. ئەگەر خودا بیەوێ ئەوەی بە درۆ بۆیان هەڵبەستووە هەمووی لەناو دەچیت. نە شارستانییەتی ئیرەم و ستوونەکانی، نە فیرعەون و هەرەمەکانی، نە خاوەنی گەنجینەکان کە کلیلی خەزێنەکانی بە کۆمەڵە پیاوێک هەڵدەگیران، هیچیان خاوەن هێز نین. بەڵام هەڵگری قورئان هێزەکەی بەستراوە بە خودای گەورەوە و لە غەیری ئەو ناترسێ: [مَثَلُ الَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِ اللَّهِ أَوْلِيَاء كَمَثَلِ الْعَنكَبُوتِ اتَّخَذَتْ بَيْتًا وَإِنَّ أَوْهَنَ الْبُيُوتِ لَبَيْتُ الْعَنكَبُوتِ لَوْ كَانُوا يَعْلَمُونَ](العنكبوت:41) واتە: نموونەی ئەو کەسانەی کە لە غەیری خودا دەیکەن بە پشت و پەنای خۆیان، وەک ئەو جاڵجاڵۆکەیە وایە کە ماڵێک دروست دەکات، لاوازترین ماڵ هی جاڵجاڵۆکەیە ئەگەر بزانن. هەروەها: (ئەوەی لە خودا بترسێت، خودا وا دەکات هەموو شتێک لیی بترسێن)([1]).
لەم کاتەدا دەبینیت کە زلهێزەکان کە وەک قورئان دەفەرموێت: [يُخَيَّلُ إِلَيْهِ مِن سِحْرِهِمْ أَنَّهَا تَسْعَى] (طه:66) واتە: "بە هۆی سیحرەکەیانەوە وا خەیاڵ دەکرێت کە دەجووڵێن" و دەتوانن هەموو شتێک بکەن کە بیانەوێت، بەڵام زۆر نابات دەڕووخێن و دەتوێنەوە، هەر وەک چۆن خوێ لە ئاودا دەتوێتەوە، بەبێ جەنگ و بێ دوژمنێکی ئاشکرا، بەڵام خودا ئاگادارت دەکاتەوە لەو هۆکارەی لە پشت لەناوچوونیانەوەیە: [فَأَتَى اللّهُ بُنْيَانَهُم مِّنَ الْقَوَاعِدِ فَخَرَّ عَلَيْهِمُ السَّقْفُ مِن فَوْقِهِمْ وَأَتَاهُمُ الْعَذَابُ مِنْ حَيْثُ لاَ يَشْعُرُونَ، ثُمَّ يَوْمَ الْقِيَامَةِ يُخْزِيهِمْ وَيَقُولُ أَيْنَ شُرَكَآئِيَ الَّذِينَ كُنتُمْ تُشَاقُّونَ فِيهِمْ قَالَ الَّذِينَ أُوتُواْ الْعِلْمَ إِنَّ الْخِزْيَ الْيَوْمَ وَالْسُّوءَ عَلَى الْكَافِرِينَ] (النحل:26-27) واتە: خوای گەورە لە بناغەوە ئەو بینایانەی دروستیان کردبوو ڕووخاندی بەسەریاندا و سەقفەکەی بەسەردا ڕماندن و لەو شوێنەوە کە هەستیان پێی نەدەکرد سزای خودایان بۆ هات. پاشان ڕۆژی قیامەت ڕووڕەشیان دەکات و دەڵێت: ئەوە هاوبەشەکانم لە کوێن کە سەرپێچیتان دەکردم لەبەر ئەوان؟ ئەو کاتە ئەهلی زانست دەڵێن: ئەمڕۆ ڕووڕەشی و خراپە بۆ بێباوەڕانە.
بەڵێنی خودا و ئارامکردنەوەی بۆ ئیمانداران دەبینیت کە سەرەنجام بۆ ئەوانە، بەڵام پاش ئەوەی: [مَّسَّتْهُمُ الْبَأْسَاء وَالضَّرَّاء وَزُلْزِلُواْ حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُواْ مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللّهِ أَلا إِنَّ نَصْرَ اللّهِ قَرِيبٌ] (البقرة:214) واتە: تووشی ناخۆشی چەڵەمە بوونەوە و لاواز بوون، تەنانەت پێغەمبەر و ئەوانەی لەگەڵیدا ئیمانیان هێنابوو دەیانگوت: کەی سەرکەوتنی خودا دێت؟ بەڕاستی سەرکەوتنی خودا نزیکە. هەر دەبێت فیتنە و تاقیکردنەوە هەبێت بۆ ئەوەی خودا ئیمانداران پاک بکاتەوە: [ألم، أَحَسِبَ النَّاسُ أَن يُتْرَكُوا أَن يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لا يُفْتَنُونَ، وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ] (العنكبوت:1-3) واتە: ئەلیف لام میم، ئایا خەڵک وا دەزانن پشتگوێ دەخرێن کە بڵێن ئیمانمان هێناوە و تووشی تاقیکردنەوە نابن؟ بەڕاستی ئەوانەی پێش ئەمانمان تاقی کردەوە، خودا دەزانێت کێ ڕاستگۆیە و کێ لە درۆزنانە.
لەو کاتەدا بیر و مێشکی ئیماندار ئارام دەگرێت هەرچەند تووشی ناڕەحەتی و چەڵەمە بووبێت. ئەمە سوننەتی خودایە لە نێو بەندەکانیدا، لەسەر بەندەکان پێویستە لە هەڵوێستەکانیدا ڕاستگۆ بێت و خوداش پاداشتی ڕاستگۆیان دەداتەوە و کاروبارەکانی لەسەر سووک دەبێت بە یارمەتیی خودا، خودای گەورە دەفەرموێت: [فَإِنَّكَ بِأَعْيُنِنَا] ( الطور: 48) واتە: تۆ لە ژێر چاودێریی ئێمەدایت. هەروەها دەفەرموێت: [ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ لاَ يُصِيبُهُمْ ظَمَأٌ وَلاَ نَصَبٌ وَلاَ مَخْمَصَةٌ فِي سَبِيلِ اللّهِ وَلاَ يَطَؤُونَ مَوْطِئًا يَغِيظُ الْكُفَّارَ وَلاَ يَنَالُونَ مِنْ عَدُوٍّ نَّيْلاً إِلاَّ كُتِبَ لَهُم بِهِ عَمَلٌ صَالِحٌ إِنَّ اللّهَ لاَ يُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ] (التوبة: 120) واتە: لەبەر ئەوەی ئەوان هیچ تینوویەتی و ماندووبوون و برسییەتییەکیان تووش نەدەبوو لە پێناوی خودادا و نەدەچوونە هیچ شوێنێک کە کافرەکانی پێی تووڕە ببن و دەستیان بۆ هیچ دوژمنێک نەدەبرد مەگەر ئەوەی بۆیان بە کردەوەی چاکە دەنووسرا. خودا کردەوەی چاکەکاران ون ناکات.
لە بڵندیی ئەو ئیمانەوە کە دڵی ئاوەدان دەکاتەوە و لە ئەو زانستە بەرزەوە کە هەڵی گرتووە دەڕوانێت بۆ مرۆڤایەتیی سەر لێ شێواو کە دوای هەموو سەرابێک دەکەوێت و بۆ مەبەستی پووچ دەژی و پاڵ دەداتە بەر پشتوپەنای بەتاڵ و شەیتان و سەربازانی شەیتان سامان و پلەوپایە و شەهوەتیان لە بەر چاو جوان دەکەن و لەسەر ئەو شتانە کێبەرکێ دەکەن و دوژمنایەتیی یەک دەکەن لەسەر شتێک کە بۆ کەسیان نامێنێتەوە بەڵکو دەبێت بە گوناهـ و دەچێتە گەردنیان، بۆ خۆیان بت دروست دەکەن و لەسەر پەرستنی و گوێڕایەڵی و خۆشەویستیی ڕێک دەکەون و مەراسیم و بۆنە و کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ ساز دەکەن و قوربانیی بۆ سەر دەبڕن، نەک قوربانیی ئاژەڵ، بەڵکو قوربانیی مرۆڤ و ملیارانی لەبەر پێدا بەفیڕۆ دەدەن.
هەروەها دەبینێت کە خۆی بە تەنها نییە تا هەست بە لاوازی و زەلیلی بکات، یان هەست بە ملکەچی و تەسلیمبوون بکات، ئەوەش کە دەیبینێت و تێیدا دەژی شتێکی تایبەت نییە بەم و ئەزموونەکەشی تایبەت نییە بە خۆی. [قُلْ مَا كُنتُ بِدْعاً مِّنْ الرُّسُلِ وَمَا أَدْرِي مَا يُفْعَلُ بِي وَلا بِكُمْ إِنْ أَتَّبِعُ إِلا مَا يُوحَى إِلَيَّ وَمَا أَنَا إِلا نَذِيرٌ مُّبِينٌ] ( الأحقاف: 9) واتە: ئەی موحەممەد! بڵێ من پێغەمبەرایەتیم دانەهێناوە و پێش منیش پێغەمبەر هەبوون و نازانم خۆم و ئێوە چیمان لێ بەسەر دێت ئەگەر وەحیم بۆ نەیەت، منیش جگە لە ئاگادارکەرەوەیەک هیچی تر نیم. کەواتە لەسەر ئەم هێڵە پێغەمبەرانی مەزن و ئەولیای گەورە و هەڵگرانی پەیامەکان و چاکسازان و پیاو چاکان پێش ئەو ڕۆیشتوون و زیاد لەوەی ئەم ئازاری پێ گەیشتووە، ئەوان ئازاریان چەشتووە و ئارامیان گرتووە زیاتر لەوەی ئەم ئارامی گرتووە لەسەر ناڕەحەتییەکان، هەروەها لە لایەن کۆمەڵگاکانیانەوە زۆر لەوە زیاتر ڕووبەڕوویان بوونەوە کە ڕووبەڕووی ئەو بوونەوە، وێنەکەش هەر هەمان وێنەیە. خودای گەورە دەفەرموێت: [فَمِنْهُم مُّهْتَدٍ وَكَثِيرٌ مِّنْهُمْ فَاسِقُونَ]( الحديد: 26) واتە: تیایاندایە هیدایەتیان وەر گرتووە و زۆربەشیان فاسقن. هەروەها: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ عَلَيْكُمْ أَنفُسَكُمْ لاَ يَضُرُّكُم مَّن ضَلَّ إذا اهْتَدَيْتُمْ] ( المائدة: 105) واتە: ئەی ئەو کەسانەی ئیمانتان هێناوە خۆتان بپارێزن و گومڕابوونی کەس زیانتان لێ نادات ئەگەر ئێوە هیدایەت وەرگرن.
هەروەها ڕێزگرتنی خودا لە دروستکراوان دەبینێت کاتێک کە خۆی لەگەڵیان دواوە و ڕاستەوخۆ کەلامی خۆیان بۆ دەنێرێت. خودای گەورە دروستکەری ئاسمانەکان و زەوییە و خاوەنی ناوە جوانەکانە و خۆی پەیامیان بۆ دەنێرێت و پەیمانیان پێ دەدات. چ ڕێزلێگرتنێک لەوە گەورەترە و چ پلەپێدانێک لەوە بانترە؟[وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلاً] ( الإسراء: 70) واتە: ئێمە ڕێزمان لە مرۆڤ گرتووە و لە سەر وشکانی و دەریا هەڵمان گرتووە و لە خۆراکە باشەکان ڕۆزیمان پێ داوە و بەسەر زۆربەی دروستکراوەکانی خۆماندا فەزڵیمان داوە. کەواتە هەستی مرۆڤ چۆن دەبێت کاتێک نامەی خۆشەویستەکەی، بەڵکو خۆشەوستە بێسنوورەکەی دەخوێنێتەوە: (إن القرآن عهد الله إلى خلقه فينبغي لكل مؤمن أن ينظر فيه)([2]). واتە: قورئان پەیمانی خودایە بۆ خەڵکی، کەواتە دەبێت هەموو ئیماندارێک سەرنجی بدات.
هەروەها ئەوەش دەبینێت کە هەموو شتێک لەم گەردوونەدا بە ئەندازە و حسابی وردە. خودای گەورە فەرموویەتی: [إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ] (القمر: 49) واتە: ئێمە هەموو شتێکمان بە ئەندازە دروست کردووە. هەروەها: [وَمَا نُنَزِّلُهُ إِلاَّ بِقَدَرٍ مَّعْلُومٍ] (الحجر:21) واتە: دای نابەزێنین، مەگەر بە ئەندازەی دیاریکراو. هەروەها: [وَنَضَعُ الْمَوَازِينَ الْقِسْطَ] (الأنبياء: 47) واتە: ترازووی دادپەروەرانە دادەنێیین. هەموو دروستکراوەکان، چ تاک بن چ کۆمەڵ، بەپێی سوننەتی جێگیر بەڕێوە دەچن: [سُنَنَ الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ] ( النساء: 26) واتە: سوننەتی ئەوانەی پێش ئێوە بوون. هەروەها: [وَمَا مِن دَآبَّةٍ فِي الأَرْضِ وَلاَ طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلاَّ أُمَمٌ أَمْثَالُكُم مَّا فَرَّطْنَا فِي الكِتَابِ مِن شَيْءٍ ثُمَّ إِلَى رَبِّهِمْ يُحْشَرُونَ] (الأنعام: 38) واتە: هەر گیانەوەرێک لە سەر زەوی بێت، یان باڵندەیەک کە بە دوو باڵەکانی بفڕێت، ئەوانیش وەک ئێوە ئوممەتن، لە نووسراوەکەماندا هیچ شتێکمان لەبیر نەکردووە، پاشانیش بەرەو لای خودا دەبرێن و حەشر دەکرێن. کەس ناتوانێت لەم قانوونە ئیلاهییە گەورەیە لا بدات: [فَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلاً وَلَن تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلاً]( فاطر: 43) واتە: سوننەتی خودا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت. کەواتە چۆن دەبێ مرۆڤ غەیری خودا بپەرستێ لە کاتێکدا لە دەست خودا ڕزگاری نابێت و لە قانوونەکانی ناتوانێ دەرچێت؟ کەواتە هیچ ڕێگەیەک نامێنێتەوە بۆ گەمە و گاڵتە کردن: [رَبَّنَآ مَا خَلَقْتَ هَذا بَاطِلاً سُبْحَانَكَ] (آل عمران: 191) واتە: خودایە! ئەم دونیایەت بە خۆڕایی دروست نەکردووە. هەروەها: [وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالإِنسَ إِلا لِيَعْبُدُونِ]( الذاريات: 56) واتە: جن و مرۆڤم تەنها بۆ عیبادەت دروست کردووە. هەروەها: [لَوْ أَرَدْنَا أَن نَّتَّخِذَ لَهْواً لاتَّخَذْنَاهُ مِن لَّدُنَّا إِن كُنَّا فَاعِلِينَ] (الأنبياء: 17) واتە: ئەگەر بڕیار بووایە بۆ گەمە ئەم دونیایەمان دروست بکردایە، بمانویستایە وامان دروست دەکرد. کەواتە جێگایەکیش بۆ ڕێکەوتی کوێریش نامێنێتەوە کە هەرچەند مولحیدەکان دەمێکە دەیجوونەوە و بە هۆیەوە گاڵتە بە عەقڵی خەڵکی دەکەن ماوەیەکی دوور و درێژە و بە هۆیەوە گومڕایان دەکەن و دەبێت بە هۆی لەناوچوونی خۆیان و ئەوانەش کە شوێنیان دەکەون. کەواتە لە پشت دروستکردنی مرۆڤەوە ئامانجێک هەیە کە پێویستە لە پێناویدا بژی و هەموو وزەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی وەگەڕ بخات کە بریتییە لە ڕەزای خودا.
هەروەها لە قورئاندا بەڵێنی خودا دەبینێت بۆ یارمەتی و هێزی غەیبی لە هەموو کاتێکی ناخۆش و تەنگ و چەڵەمە و شەڕێکدا لەگەڵ نەفسـی ئەممارە و شەیتاندا، ئەوەش دەبینێت کە خودا پشتیوانە تا ئەو کاتەی ئەو لەگەڵ خودا بێت و خوداش بەسە بۆ ئەوەی پشت و پەنا بێت، خودا دەفەرموێت: [إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلائِكَةُ أَلا تَخَافُوا وَلا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنتُمْ تُوعَدُونَ، نَحْنُ أَوْلِيَاؤُكُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الآخِرَةِ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَشْتَهِي أَنفُسُكُمْ وَلَكُمْ فِيهَا مَا تَدَّعُونَ، نُزُلا مِّنْ غَفُورٍ رَّحِيمٍ، وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلاً مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحاً وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ] (فصلت: 30 - 33) واتە: ئەوانەی گوتیان ئەڵڵا خودامانە و لە سەری بەردەوام بوون، فریشتەکانی خودا دادەبەزنە سەریان و پێیان دەڵێن: ترستان نەبێت و خەمیش مەخۆن و مژدەی بەهەشتتان لێ بێت کە پێشتە بەڵێنتان پێ درابوو. ئێمە پشتیوانتانین لە ژیانی دونیا و دواڕۆژدا و لەوێ هەرچی نەفستان بیەوێت و ئەوەی داوای بکەن لێیەتی. ئەوە ڕەحمەتێکە لە خودای لێبوردە و میهرەبانەوەیە. جا چ قسەیەک لەوە باشترە کە کەسێک بانگەواز بکات بۆ لای خودای گەورە و کردەوەی چاک بکات و بڵێ: من یەکێکم لە موسوڵمانان؟
زۆر ئایەتی تریش هەواڵمان دەداتێ لەبارەی دابەزینی ئارامییەوە بۆ سەر دڵی ئیماندارەکان و پاڵپشتیی غەیبی لەلایەن فریشتەی ئامادەوە و شتی تریش.
هەروەها ئەوەش دەبینێت کە لە سایەی قورئاندا ئارامی هەیە. خودای گەورە دەفەرموێت: [أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ] (الرعد: 28) واتە: بە یادی خودا دڵەکان ئارام دەگرن. هەروەها ئارامی و ئاسوودەیی مێشک و شیفای دڵ و هیدایەت و بەرەکەت و هەموو خێر و باشەیەک کە قورئان خۆی پێ وەسف کردووە لە سایەی قورئاندا دەست دەکەوێت.
کاتێک هەڵگری قورئان هەموو ئەم شتانەی دی، بڕیار و نییەتی بەهێزتر دەبێت و دڵی دامەزراوتر دەبێت و نەفسی پاکتر دەبێتەوە و ئیرادە و هیممەتی زیاد دەکات و حیکمەتەکانی دەردەکەون و ئەو دەمە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشین و چاکە بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاش. هەر وەک چۆن هەموو چاکسازانی گەورە و لە سەروو هەموویانەوە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) و ئەمیری ئیمانداران ئیمامی عەلی (علیه السلام)یش هەر وا بوون.
([1]) من لا يحضره الفقيه: 4/410.
([2]) الكافي: 2/609، باب في قراءته (قراءة القرآن)، ح1.