ئامۆژگاری و شیفا و ڕەحمەت

| |عدد القراءات : 411
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

ئامۆژگاری و شیفا و ڕەحمەت

لێرەدا ئەوەی سەیدی تەباتەبایی (قدس سره) لە تەفسیری ئایەتێکدا هێناویەتی، پوختەکەی دەهێنم:

ڕاغیب لە موفرەداتدا دەڵێت: ئامۆژگاری بریتییە لە وریاکردنەوە بە ترساندنەوە، خەلیل دەڵێت: بریتییە لە بیرخستنەوەی چاکە بە شێوەیەک کە دڵ نەرم بکات. شیفای دڵ، کینایەیە بۆ لابردنی ئەو سیفەتە ڕۆحییە خراپانەی تێیدایە و  مرۆڤ بەرەو بەدبەختی دەبەن و ژیانی تاڵ دەکەن و لە خێری دونیا و دواڕۆک بێبەشی دەکەن. لێرەدا بۆیە وشەی سنگی بەکار هێناوە چونکە مرۆڤ کاتێک بینیویانە دڵ لە سنگدایە و دەبینن مرۆڤ بە دڵ شتەکان دەرک دەکات و بەوە بیر لە شتەکان دەکاتەوە و شتەکان دەزانێت و خۆشەویستی و ڕقی لەوێوەیە و ئیرادە و ویست و نەویستن و ئارەزوو و ئاوات هەر لەوێوەیە، سنگیان بە خەزێنەی ئەو شتانە داناوە کە لە دڵدایە کە بریتین لە نهێنی و سیفەتە ڕۆحییەکان لە لە دەروونی مرۆڤدان، چ چاک بن یان خراپ.

من دەڵێم: فەرموودەکان ئەوە نیشان دەدەن کە قورئان شیفایە، تەنانەت بۆ نەخۆشیی جەستەیی، تەنانەت لە هەندێکیاندا هاتووە: سوورەتی فاتیحە ئەگەر حەفتا جار بەسەر مردوودا بخوێنرێت و زیندوو ببێتەوە هیچ سەرسووڕهێنەر نییە.

ڕەحمەت: بریتییە لە کاریگەرییەکی تایبەت لە دڵدا بۆ بینینی زیان و کەموکوڕی لە غەیردا، کەسی خاوەن ڕەحمەت دەینێرێت بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکەی. ئەگەر بدرێتە پاڵ خودا، بە واتای ئەنجامی کارەکەیە نەک بە واتای کاریگەری لە زاتی خودادا، چونکە خودا لە هەموو شتێکی وا بەدوورە. کەواتە بۆ هەموو بەخشینێکی خودا و بەدیهێنانێکی بوونەوەران ڕاست دەردەچێت.

من دەڵێم: ئەمە یەکێکە لە ڕووەکانی شیکردنەوەی ئەم ناوە پیرۆزەیە کە ناکرێ ناکرێ لە دانەپاڵی بۆ خوای گەورە تێ بگەین وەک چۆن دەدرێتە پاڵ دروستکراوەکانی.

ئەگەر ئەو چوار سیفەتەی کە خودا داویەتیە پاڵ قورئان، واتە ئامۆژگاری، شیفای دڵەکان و هیدایەت و ڕەحمەت، وەر بگریت و بە یەکتریان بەراورد بکەیت، پاشان لەگەڵ قورئاندا لە بەر چاویان بگریت، ئایەتەکە ڕوونکەرەوەیەکی تەواو و کامڵە بۆ هەموو ئەو کاریگەرییە جوان و باشانەی و ئەو کاراییە پاک و خاوێنەی کە لە دڵ و نەفسی ئیمانداردا دروستی دەکات، لە سەرەتای بیستنیەوە تا دوایین ئاست کە نەفسیان پێی دەگات و لە دڵیاندا جێگیر دەبێت.

لەبەر ئەوە، قورئان ئاستی سەرەتاییان تێ دەگەیەنێت چونکە لەو کاتەدا غەفڵەت و بێئاگایی دایپۆشیون و لە شەپۆلی سەرگەردانیدا شاردوونیەتیەوە و دەروونیانی تاریک کردووە بە تاریکیی گومان و دوودڵی و دڵیانی نەخۆش خستووە بە نەخۆشینی خراپەکاری و هەموو سیفەت و حاڵەتێکی ناشیرین و نەشیاو، بۆیە ئامۆژگارییان دەکات بە ئامۆژگارییەکی باش([1]) و لە خەوی بێئاگایی بەخەبەریان دێنێت، پاشان، دووریان دەخاتەوە لەو ڕەفتارە خراپانە و کردارە نەشیاوانەی کە هەیانە و بەرەو چاکە و خێر و خۆشی دەیان بات. پاشان دەت دەکت بە پاککردنەوەی دەروونیان لە هەموو سیفەتێکی خراپ و بەردەوام ئافەتەکانی عەقڵ و نەخۆشینەکانی دڵیان لێ دوور دەخاتەوە، یەک لە دوای یەک، تا کۆتایی بە دوایینیان دەهێنێت. پاشان ڕێنماییان دەکات بۆ ناسینی حەقیقەتەکان و ئەخلاقی بەرز و کردەوەی چاک، بە لوتفێکەوە کە پایەیان بەرز دەکاتەوە پلە بە پلە و هەنگاو بە هەنگاو نزیکیان دەکاتەوە تا لە شوێنی نزیکاندا جێگیر دەبن و سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنن کە هی پاکانە. پاشان بەرگی ڕەحمەتیان بە بەردا دەکات و لە مەنزڵی کەرامەتدا نیشتەجێیان دەکات و لەسەر کورسیی خۆشبەختی دایان دەنیشێنێ تا دەیان گەیەنێت بە پێغەمبەران و سدیقان و شەهیدان و ساڵحان، ئەوانەش باشترین هاوەڵن، ئنجا لە گرۆی بەندە نزیکەکانی خودا لە بەرزترین پلەدا دایان دەنێت.

کەواتە قورئان ئامۆژگاریکەر و شیفا بەخشە بۆ دڵ، ڕێنوێنیکەرە بۆ ڕێگەی ڕاست و ڕژێنەری ڕەحمەتە بە یاریی خودای گەورە، تەنها خۆی و بەبێ شتێکی دەرەکی ئامۆژگاریکەرە و شیفا بەخشی دڵە و ڕێنیشاندەر و ڕەحمەتە، چونکە هۆکاری پێک گەیەنەری نێوان خودا و بەندەکانیەتی، ئامۆژگاری و شیفای دڵانە و هیدایەت و ڕەحمەتە بۆ ئیمانداران.



([1]) ئەمە لە سوورەتە مەککییەکاندا دەبینیت کە سەرەتا دابەزیون، وەک (المدثر و المزمل) کە ئیقاعی خێرایان هەیە و پیتی بەهێز بەکار دێنن و کاریگەریی وەک شۆکی کارەبایی وایە کە بۆ وەخەبەرهێنانەوەی بێئاگا بەکار دێت، هەروەک ناوەڕۆکەکانی جەخت لەسەر وەبیرهێنانەوەی ڕۆژی دوایی و مەترسییەکانی مەرگ و دژوارییەکانی قیامەت و سەرەنجامی بەدرۆخەرەوەکان و ڕوونکردنەوەی سوننەتەکانی خودا لە ئوممەتانی پێشین و تاد دەکاتەوە.