قەییم

| |عدد القراءات : 397
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

قەییم

لە وشەی قەیمومەوە وەرگیراوە بە واتای سەرپەرشتیار، ئەم کتێبە قەییمە، واتە ڕێبەرە بۆ بەندەکان، تا بەڕێوەیان بەرێت و ئاڕاستەیان بکات و بەرەو ئەو شتانەیان ببات کە لە بەرژەوەندییانە و هەموو هۆکارەکانی خۆشبەختیی دونیا و ئخیرەتیان بۆ ئامادە دەکات، هەر وەک چۆن سەرپەرشتیاری خێزان یان کۆمەڵگا وا دەکات. ڕێکاری قورئان سەرپەرشتیارە بەسەر هەموو ڕێکارەکانی ترەوە، چ لەسەر ئاستی عەقیدە بێت یان یاسادانانەکان و لە هەموویان لە پێشترە و پێشڕەوی هەموویانە. ئەوانیش شوێنکەوتوو و ملکەچ و گوێڕایەڵین. کەواتە سەرپەرشتیاریی هەرە بەرز کەم ژیانەدا بۆ قورئانە، بەو مەرجەی مرۆڤایەتی بە دوای چاکە و خۆشبەختییەوە بێت، نەک ئەوەی دەیکات بە دوورکەوتنەوە لە ڕێبازی قورئان و چوونە ژێر فەرمانی عەقڵی کەموکوڕی مرۆڤ کە بە زۆری ملکەچی هەوا و هەوەس و بەرژەوەندییە. ئایەتەکە زەمینە سازیی کردووە بۆ ئەم مانای سەرپەرشتیارییە و بەوە وەسفی کردووە کە هیچ خوار و خێچی و کەموکوڕی و کێماسییەکی تێدا نییە. خوای گەورە فەرموویەتی: [وَلَمْ يَجْعَل لَّهُ عِوَجَا] (الكهف:1) واتە: هیچ ناڕێکییەکی تێدا دانەناوە. کەواتە مەرجی سەرپەرشتیارێتیی مرۆڤ ئەوەیە، ئەوەی بیەوێت غەیری خۆی کامڵ بکات، دەبێت خۆی کامڵ بێت خۆی لە خۆیدا، چونکە وەک وتراوە: ئەوەی شتێکی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت. کەواتە پێویستە بۆ سەرپەرشتیاریی مرۆڤ ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات کەسێک بێت کە هیچ کێماسیی نەبێت و هیچ کەموکوڕی و لارییەکی تێدا نەبێت. ئەگەر ئەمەش لەم کتێبە پیرۆزە و هاوتا بچووکەکەیدا نەبێت کە بریتییە لە ئەهلی بەیتی پێغەمبەر لە هیچ شتێکی تردا نایەتە دی و غەیری ئەوان هەر کەسێک بێت مافی بەڕێوەبەرێتیی کۆمەڵگا و سەرپەرشتیاریی نییە بە سەریەوە. لەم مانایەدا فەرموودەی زۆر هەیە کە پێشخستنی قورئانی بەسەر ئەهلی بەیتدا واجب کردووە.

خوای گەورە فەرموویەتی: [وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِي فإن لَهُ مَعِيشَةً ضَنكاً] (طه: 124)واتە: هەر کەسێک پشت بکاتە زیکر و یادی من، ژیانی تاڵ دەبێت. واتە ژیانی تەنگەبەر و تاریک دەبێت. ئەم سیفەتە هی هەموو کەسێکە کە پشت بکاتە یادی خودای گەورە و پەیوەندیی پێیەوە دەپچڕێت و دوور لە قورئانی پیرۆز دەژی. ئەو کاتە لە تەنگانە و ناخۆشی و ئازاردا دەبێت چونکە خۆی لە ڕەحمەتی فراوانی خودا داماڵیوە و بووە بە نێچیری ئارەزوو و چاوچنۆکی و شەهوەتەکانی کە لە هیچ سنوورێکدا ناوەستن، ئەو کەسە لە ترسی مردن تۆقیوە و دونیای لە دەست داوە کە هەموو هیوایەکیەتی و هیچ بەشیشی نییە لە دواڕۆژدا. لە ژیانی چاوچنۆکیدا دەژی لەبەر ئەوەی ترسی هەیە ئەوەی هەیەتی لەدەستی بدات، ماندووە، لەبەر ئەوەی بە دوای هەموو سەرابێکدا ڕا دەکات. هەرچی بەدەستی دەهێنێ وا دەزانێ خۆشبەختیی تێدایە تا دەردەکەوێت ئەوە تەنها وەهمێک بووە و بەم شێوەیە ڕوو دەکاتە شتێکی تر. بۆ نموونە وا گومان دەکات کە خۆشبەختی لە ماڵ و ساماندایە، تا وای لێ دێت ملیاران پارە کۆ دەکاتەوە، بەوەش خۆشبەختی بەدەست نایەت، وا گومان دەبات کە خانووی باش و گرانبەها خۆشبەختی دێنێ، تا شتی وا دروست دەکات کە چاو نەیبینیوە، بەوەش خۆشبەختی بەدەست ناهێنێ، دیسان وا گومان دەبات کە خۆشبەختی لە ژناندایە، ئنجا چەندی بیەوێت چێژیان لێ دەبینێت، دیسان خۆی دەبینێتەوە کە گەیشتووە بە ڕێگایەکی داخراو  و ئەو ئایەتەی بە سەردا دەسەپێ کە دەفەرموێت: [فَلَمَّآ رَأَى الْقَمَرَ بَازِغًا قَالَ هَذَا رَبِّي] واتە: کاتێک مانگی بینی کە هەڵهات، گوتی: ئەوە خودای منە. مانگ کینایەیە بۆ ماڵ و سامان. وا گومان دەبات کە ئەوە خودایەتی و کەفیلی خۆشبەختییەتی، بەڵام کاتێک کە ئاوا دەبێت و شکست دێنێ لە جێبەجێکردنی خواستەکانیدا، دەڵێت: من ئەو شتانەم خۆش ناوێت کە ئاوا دەبن. [فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً] واتە: کاتێک بینیی خۆر هەڵهاتووە. خۆریش کینایەیە بۆ شتە دونیاییەکانی تر. [قَالَ هَذَا رَبِّي هَذَآ أَكْبَرُ] واتە: گوتی: ئەمە خودای منە، ئەمە گەورەترە. ئەمەیان خۆشبەختم دەکات و ئارامیی دڵم پێ دەبەخشێ چونکە گەورەترە و گرنگتر و کاریگەرترە. [فَلَمَّا أَفَلَ] واتە: کاتێک ئاوا بوو و ئەو خودا نوێیە شکستی هێنا لەوەدا کە خۆشبەختی کات، دیسان دەڵێت: [لا أُحِبُّ الآفِلِينَ] واتە: من ئەو شتانەم خۆش ناوێت کە ئاوا دەبن.

ئەوانە کەسانێکی کەموکورتن کە خاوەنی هیچ شتێکی خۆیان نین چ سوود بێ چ زیان چ بگات بە غەیری خۆیان، لە هەمان کاتدا، ئەگەر ڕاستگۆ بن لە گەڕان بە دوای حەقیقەتدا، هیدایەت وەر دەگرن و قسەی ئیمانداران دەڵینەوە: [قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ، إِنِّي وَجَّهْتُ وَجْهِيَ لِلَّذِي فَطَرَ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ حَنِيفًا وَمَا أَنَاْ مِنَ الْمُشْرِكِينَ] (الأنعام: 76-79) واتە: وتی: ئەی قەومەکەم! من بێبەریم لەو شتانەی ئێوە دەیکەن بە هاوتای خوا، من ڕووم کردە ئەو کەسەی ئاسمانەکان و زەویی دروست کرد، پاکم و لە هاوبەش دانەران نیم. ئەگەر واش نەبن، ئەوا چارەڕەش دەبێت و وەڵامەکەی ئەوە دەبێت: [وَالَّذِينَ كَفَرُوا أَعْمَالُهُمْ كَسَرَابٍ بِقِيعَةٍ يَحْسَبُهُ الظَّمْآنُ مَاء حَتَّى إذا جَاءهُ لَمْ يَجِدْهُ شَيْئًا وَوَجَدَ اللَّهَ عِندَهُ فَوَفَّاهُ حِسَابَهُ واللهُ سَرِيعُ الْحِسَابِ] (النور:39). واتە: ئەوانەی کافر بوون کردەوەکانیان وەک سەرابێک وایە لە دەشتێکدا کە تینوو وا دەزانێت ئاوە، تا ئەو کاتەی بۆی دەڕوات و دەبینێت هیچ نییە و لەوێ دەبینێت خودا ئەو حسابەی کە شیاویەتی دەیداتێ و خودا لە حسابکردندا خێرایە.

بەم شێوەیە لە بەدبەختی و تەنگانەدا دەمێنێتەوە لە نێوان چەکوشی مەرگ کە هەموو ساتێک ڕەنگە بیبات لەگەڵ خۆی و سندانی چاوچنۆکی و تەماعدا. [وَلَتَجِدَنَّهُمْ أَحْرَصَ النَّاسِ عَلَى حَيَاةٍ] (البقرة:96) واتە: دەین بینیت کە زۆر سوورن لەسەر ژیان. دەبینیت کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەو وڵاتانەدایە کە لە ڕووی ئابوورییەوە خۆشگوزەرانن و لە تێروپڕیدا دەژین. سەرچاوەی ئەم تەنگانە و لەناوچوونە کە تێیدا دەژین بریتییە کەلێنی ڕۆحی.

خوای گەورە فەرموویەتی: [قَدْ جَاءكُم مِّنَ اللّهِ نُورٌ وَكِتَابٌ مُّبِينٌ، يَهْدِي بِهِ اللّهُ مَنِ اتَّبَعَ رِضْوَانَهُ سُبُلَ السَّلاَمِ وَيُخْرِجُهُم مِّنِ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِهِ وَيَهْدِيهِمْ إِلَى صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ] (المائدة: 15-16) واتە: نوور و کتێبێکی ڕوونتان بۆ هاتووە، خوای گەورە ڕێگاکانی سەلامەتی نیشانی ئەو کەسانە دەدات بەو قورئانە کە شوێن ڕیزوانی ئەو کەوتوون و لە تاریکییەکان دەریان دەهێنێت بەرەو ڕووناکی بە یارمەتیی خودا و ڕێی ڕاستیان نیشان دەدات. کەواتە قورئان نوورە چونکە یەکەم لە دڵی ئیمانداردا ڕۆشن دەبێت و پاکی دەکاتەوە لە هەموو پیسییەکی تاوان و تاریکیی گوناهەکان، پاشان پەڕەی دڵ ڕوون دەبێتەوە تا ئامادە بێت بۆ دەرکەوتنی حەق تێیدا، کەواتە قورئان نوورە بۆ ئوممەت و کۆمەڵگا و بەرەو نەزم و ڕێکوپێکی دەیبات و زەمانەتی خۆشبەختیی دەکات.

یەکێک لە دەربڕینە وردەکانی قورئان ئەوەیە کە وشەی نووری بە شێوەی تاک و تاریکیی بە شێوەی کۆ بەکار هێناوە، چونکە ڕێی ڕاست یەکە و نابێت فرەجۆر بێت هەرچەند ڕێچکەکانیشی و نموونەکانیشی فرەجۆر بن. خودای گەورە دەفەرموێت: [اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ] (الفاتحة:6) واتە: ڕێگا ڕاستەکەمان نیشان بدە، لە کاتێکدا کە تاریکییەکان زۆرن و ئەو خودا درۆینانەی کە ڕێگرن لە بەردەم ڕێگەی خودادا زۆرن.

یەکێک لە کاریگەرییەکانی قورئان و بەرەکەتەکانیشی ئەوەیە کە ڕێنیشاندەری ئەو کەسانەیە کە شوێن ڕەزای خودا دەکەون وڕێگاکانی سەلامەتییان نیشان دەدات. یەکەم سەلامەتی کە دەیبەخشێت بریتییە لە سەلامەتیی نەفس و ئارامیی دڵ و سافیی مێشک. [أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ](الرعد:28) واتە: بە زیکر و یادی خودا دڵەکان ئارام دەبنەوە. پاشان سەلامەتیی ناو خێزان و خانەوادە کە لەسەر ئەساسی ئیسلام و ڕێنمایی قورئان دامەزرابێ: [وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ](الروم:21) واتە: یەکێک لە ئایەتەکانی خودا ئەوەیە کە لە نەفسی خۆتان هاوسەری بۆ دروست کردوون بۆ ئەوەی تێیدا بحەوێنەوە و خۆشەویستی و سۆزی لە نێوانتاندا داناوە، لەم بابەتەدا نیشانەی زۆر هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بیر دەکەنەوە. پاشان سەلامەتیی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە کاتێک کە ئادابەکانی ئیسلام حوکمیان دەکات: [فَأَصْبَحْتُم بِنِعْمَتِهِ إِخْوَاناً](آل عمران: 103) واتە: بە نیعمەتی خودا بوون بە برای یەک. هەروەها: [مُّحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاء عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاء بَيْنَهُمْ ](الفتح:29) واتە: موحەممەد پێغەمبەری خودایە و ئەوانەی لەگەڵیدان بەرانبەر کافرەکان توند و زبرن و لە نێو خۆیاندا میهرەبانن. هەروەها: [وَيُؤْثِرُونَ عَلَى أَنفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ](الحشر:9) واتە: شت بە خەڵکی دەبەخشن هەرچەند خۆشیان هەژارن.