پاڵنەرەکانی گرنگی دان بە قورئان
پاڵنەرەکانی گرنگی دان بە قورئان
لەوەی باس کرا، دەر دەکەوێت کە زیاد لە پاڵنەرێک هەیە بۆ گرنگی دان بە قورئان، لێرەدا پشت بە خودا لەگەڵ چەند خاڵێکی نوێدا کورتیان دەکەمەوە کە جیاوازن لەوەی پێشتر لە ئایەت و فەرموودە پیرۆزەکاندا بیستووتە:
1. قورئان چارەسەرێکی سەرکەوتوو و کامڵە بۆ نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکانی مرۆڤ، تەنانەت نەخۆشییە جەستەییەکانیش، هەر وەک لە هەندێک لە فەرموودە پیرۆزەکاندا ڕوون دەکرێتەوە.
2. بێنیاز نەبوونی خوازیاری تەواوی خۆشبەختیی ئەبەدی –کە ئەوەش ئامانجی باڵا وکۆتایی هەموو ئامانجەکانە- لە دونیا و ئاخیرەتدا لە قورئان، هەروەها لە وەرگرتنی ڕێنوێنییەکانی و ڕۆیشتن لەسەر ڕێبازەکەی. مرۆڤ هەرچەند زیاتر سوود لە قورئان وەرگرێت، بەرزتر دەبێتەوە و کامڵتر دەبێت.
3. گرنگی دان بە قورئان بریتییە لە شوێنکەوتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) و ئەهلی بەیت (علیهم السلام)، خودای گەورەش ئەمری بەوە کردووە کە فەرموویەتی: [لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيراً](الأحزاب:21) واتە: لە پێغەمبەری خودادا نموونەیەکی باشتان بۆ هەیە، بۆ ئەو کەسەی هیوای بە خودا و ڕۆژی دوایی هەبێت و زیاد زیکری خودا بکات.
4. قورئان پەیامی خۆشەویستی ڕەهایە و مرۆڤ لە خوێندنەوە و دووبارە کردنەوەی خوێندنەوەی خۆشەویستەکەی و چاو پێدا خشاندنی و بیرلێ کردنەوە لە واتاکانیدا بێزار نابێت. خودای گەورەش خۆشەویستی ڕاستەقینەیە لەبەر ئەوەی هەموو هۆکارەکانی خۆشەویستیی تێدایە. چونکە خۆشەویستی یان لەبەر کەماڵی خۆشەویست و جوانییەکەیەتی، هەموو سیفاتی کەماڵ و جوانی و ناو و سیفەتە جوانەکانی تێدا کۆ بوونەتەوە، یان لەبەر ئەوەیە کە چاکە و فەزڵێکی لێوە دەرکەوتبێت، بێگومان خوداش نیعمەت بەخش و چاکەکاری ڕاستەقینەی دەسپێشخەرە بەبێ ئەوەی وەرگرەکەی شایستەی بێ، تەنانەت بۆ بەندە سەرپێچی کارەکانیش. [وَإِن تَعُدُّواْ نِعْمَةَ اللّهِ لاَ تُحْصُوهَا] (النحل:18) واتە: ئەگەر نیعمەتەکانی خودا بژمێرن، بۆتان ناکرێت. هەر لەم واتایەشدا فەرموودەیەکی پیرۆز لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرموویەتی: قورئان پەیمانی خودایە بۆ دروستکراوەکانی، پێویستە لەسەر مرۆڤی موسوڵمان سەرنجی پەیمانەکەی بدات و هەموو ڕۆژێک پەنجا ئایەتی لێ بخوێنێتەوە.([1])
5. پاداشتی گەورە و نەبڕاوە کە بێسنوورە دەدرێ بە قورئان خوێن و ئەوەی لە مەعنای ئایەتەکانی قورئان ڕادەمێنێ، پشت بە خوا لە فەرموودەکاندا باسی دەکەین.
6. لەبەر ئەوەی قورئان کتێبێکی زیندوو و نەمرە و بۆ هەموو کات و شیوێنێکە، ئەو بابەتانەی چارەسەریان دەکات و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە تایبەت نییە بە کاتێکی دیاری کراو کە بۆ کاتێکی تر نەبێت، کەواتە بەردەوام چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشە نوێیەکان لە قورئانەوە دەست دەکەوێت، لە دوتوێی باسەکەماندا زۆر لەو باسانە دەخەینە ڕوو، وەک بیرۆکەی بەراوردی هەردوو نەفامییەکە، نەفامیی یەکەم و نەفامیی نوێ. لەم بارەیەوە لە حاریسی ئەعوەرەوە ڕیوایەت کراوە کە دەڵێ: چوومە مزگەوت، خەڵکانێک لە قسەدا ڕۆ چووبوون، چووم بۆ لای ئیمامی عەلی و وتم: نابینی خەڵکانێک لە قسەدا ڕۆ چوون لە مزگەوتدا؟ فەرموی: بەڕاست وایان کردووە؟ وتم: بەڵێ، فەرمووی: من لە پێغەمبەرم (صلی الله علیه وآله) بیستووە دەیفەرموو: فیتنە ڕوو دەدات، وتم: چۆن لێیان دەرباز دەبین؟ فەرمووی: بە هۆی کتێبەکەی خوداوە، کتێبەکەی خودا هەواڵی ئەوانەی پێش ئێوە و ئەوانەی پاش ئێوەشی تێدایە و حوکمی نێوانیشتانی تێدایە. قسەی کۆتاییە و گاڵتە و گەمە نییە. ئەو شتەیە کە هەر کەسێک بە زۆرداری وازی لێ بێنێ خودا پشتی دەشکێنێ، هەر کەسێکیش بەدوای هیدایەتدا بگەڕێ لە دەرەوەی قورئان خودا سەری لێ دەشێوێنێ، قورئان حەبلی بەهێزی خودایە و زیکری حەکیمە و ڕێگای ڕاستە. ([2])
7. فێربوونی زانستەکانی و نهێنییە شاراوەکانی ناوی، بە جۆرێک کە کەسێکی وەک ئیمام ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) کە ئیبن عەباس، زانای ئوممەت و تەرجومانی قورئان بەم جۆرە وەسفی دەکات و دەڵێت: زانستی من و سەرجەم هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لە چاو زانستی ئیمامی عەلیدا وەک دڵۆپێک وا بوو لە چاو دەریایەکدا، دەڵێم کەسێکی وەک عەلی (علیه السلام) لە زانستەکەیدا لێی پرسرا: ئایا شتێکی ترتان لایە لە وەحی؟ فەرمووی: نەخێر سوێند بەو کەسەی تۆوی قڵیشاند و بوونەوەری دروست کرد، جگە لەوەی تێگەیشتنی بەخشیوە بە بەندەی خۆی لە کتێبەکەیدا.([3])
لەم کتێبەدا عەقیدەی ڕاست و ئاکاری چاک و شەریعەتی حەکیمانە و خاڵی ڕەوانبێژی و وتەی جوان و ئەوەی پێویستە هەیە. نهێنیی دروستکراوان وبەدیهێنراوانی سەرسووڕهێنەر لە ناوەوەی لەشی مرۆڤ و گەردوون و سروشتی تێدایە. شتی وای تێدایە کە عەقڵی داهێنەران پێی نەگەیشتووە. ئەمە واتای ئەوە نییە کە قورئان کتێبی فیزیا و کیمیا و گەردوونناسی یان پزیشکییە تا کەموکوڕی و هەڵەکانی ئەو زانستانەی تێدا دەر بکەوێت، بەڵکو کتێبی هیدایەت و چاکسازییە و هەموو هۆکارەکان دەگرێتە بەر بۆ بەجێهێنانی ئامانجەکانی. ئەو زانستانەش سەرجەمیان بەشێکن لەو ئامانجە و بە ئەندازەی پێویست بۆ بەجێهێنانی ئامانجەکانیان لێی وەر دەگرن.
8. ئەستۆ پاکی لە سکاڵای قورئان کاتێک وەلا دەنرێت. هەر وەک لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا هاتووە کە پێشتر باس کرا (سێ شت سکاڵا دەکەن...). سکاڵای قورئان لای خودا ڕەت ناکرێتەوە هەر وەک لە فەرموودەیەکی پیرۆزدا هاتووە کە بە سکاڵاکارێکی باوەڕ پێ کراو وەسفی کراوە، واتە سکاڵاکارێکە کە مافی پێ دەدرێت و پاڵپشتی دەکرێت، ئەم سکاڵایە هەر ئەو سکاڵایەی پێغەمبەرە (صلی الله علیه وآله) کە لە قورئاندا باس کراوە: في القرآن:[وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُوراً] (الفرقان: 30).
9. بەدەستهێنانی شەفاعەتی قورئان، لە فەرموودە پیرۆزەکاندا بەوە ناوی هێنراوە کە شەفاعەتکاری تکا لێ وەرگیراوە، لەبارەی شەفاعەتەکەیەوە فەرموودە هەیە کە دەفەرموێت: قورئان دەبێت بە پەردە بۆی، واتە دەبێت بە ڕێگر و دیوار بۆ پاراستنی قورئان خوێن لە ڕۆژی قیامەتدا. دەڵێ: خودایە! هەموو کەسێک کە کار دەکات کرێی کارەکەی وەر گرتووە جگە لەوەی کاری بۆ من کردووە، خودایە باشترین بەخششی خۆتی پێ ببەخشە، دەفەرموێت: ئنجا خودای گەورە و بە دەسەڵات، دوو پۆشاکی لە پۆشاکەکانی بەهەشت دەکاتە بەر و تاجی ڕێز و حورمەت دەکاتە سەری، پاشان پێی دەڵێن: ئایا ڕازیمان کردیت بەوەی بۆمان کرد؟ قورئان دەڵێت: خودایە حەزم دەکرد شتی لەوە باشتری پێ بدرێ، پاشان، ئەمن دەدرێتە دەستی ڕاستی و نەمری دەدرێتە دەستی چەپی و داخڵی بەهەشت دەکرێ و پێی دەڵێن: ئایەتێک بخوێنە و پلەیەک بچۆ سەرەوە، پاشان پێی دەڵێن: ئایا مەبەستەکەتمان بە جێ گەیاند و ڕازی بووی؟ دەڵێ: بەڵێ ڕازی بووم.([4])
جگە لەمەش شتی تر زۆرن، دەبینیت هەندێک لەوانە تایبەت نین بە موسوڵمانان، لەبەر ئەوە دەبینیت بیرمەندان و زانایان و پێشەوایان ڕوو دەکەنە قورئان و شتی لێ وەر دەگرن لەگەڵ ئەوەشدا کە موسوڵمان نین.
ئەوەی تا ئێستا لە بارەی ئەو پاڵنەرانەوە باسم کرد بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ هان بدات و بیجووڵێنێت و پاڵی بنێت بۆ ئەوەی ئەم کتێبە پیرۆزە بەخشندەیە لە ئامێز بگرێت و گرنگیی پێ بدات تا تێکەڵاوی گۆشت و خوێنی دەبێت. من لێرەدا هەموو ئەو کەسانەی وا هەست دەکەن مافێکم بەسەریانەوە هەیە، چ مافی ئەخلاقی بێ یان شەرعی، مولزەمیان دەکەم لانی کەم لە هەموو ساڵێکدا دوو جار قورئان خەتم بکەن. ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە و ئەگەر لەبەر چاوی بگرین، دەکرێ بە تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا نیوەی ئەم بڕە یان زیاتر بخوێنرێت.
گرنگتر لەو پاڵنەرانەی باسم کردن، ئەوەیە کە لە فەرموودە پیرۆزەکاندا هاتووە کە دەستەیەکم بۆم هەڵ بژاردوون و لە چل فەرموودە تێ دەپەڕێ، بە پەیڕەوی لە سوننەتی پێشینە چاکەکان کە زۆر کتێبی (چل فەرموودە)یان ئامادە کردووە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەو هیوایەی ئەوانیش و منیش شایستەی ئەوە بین ببین بە ئەهلی ئەو فەرموودە پیرۆزە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) فەرموویەتی: هەر کەسێک لە ئوممەتی من چل فەرموودە لەبارەی دینەکەیەوە لەبەر بکات و مەبەستی تەنها ڕەزای خودا و ڕۆژی دوایی بێت، لە ڕۆژی قیامەتدا خودا وەک زانا و شارەزا زیندووی دەکاتەوە.([5])
([1]) الكافي: 2/609.
([2]) سنن الدارمي:2/435، كتاب فضائل القرآن، ومثله في كتب الخاصة.
([3]) لە (الميزان) لە هەندێک سەرچاوە باسی کردووە:ج3، تەفسیری ئایەتەکانی 7-9 آل عمران.
([4]) الكافي: 2/604.
([5]) الخصال: 2/542 باب (الأربعون).