گرنگیدانی پێغەمبەر و ئەهلی بەیت (صلوات الله علیهم اجمعین) بە قورئان

| |عدد القراءات : 325
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

گرنگیدانی پێغەمبەر و ئەهلی بەیت (صلوات الله علیهم اجمعین) بە قورئان

ئەهلی بەیت (علیه السلام) ئەوپەڕی گرنگییان بە قورئان داوە و گەیاندوویانەتە دوا پلە. تەنانەت ئیمامی سەجاد (علیه السلام) فەرموویەتی: ئەگەر هەرچیی لە نێوان ڕۆژ هەڵات و ڕۆژ ئاوادا هەیە بمرێ، هیچ هەست بە تەنیایی ناکەم ئەگەر قورئانم لا بێت. ([1])

پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) فەرمانی پێ کراوە قورئان بخوێنێت: [وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلاً] (المزمل:4) واتە: قورئان بخوێنە، بۆ ئامادەکاری بۆ تەحەمولی پابەندبوون بە سووننەتەکانی شەو فەرموویەتی: [إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلاً ثَقِيلاً، إِنَّ نَاشِئَةَ اللَّيْلِ هِيَ أَشَدُّ وَطْئاً وَأَقْوَمُ قِيلاً] (المزمل:5-6) واتە: ئێمە وتەیەکی گرانبەهات دەخەینە سەرشان، نوێژی شەو بەهێزتر و جێگیرترە و وتەکانی بەهێزترن. پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) تەنها قورئانی نەخوێندووە، بەڵکو داوای لە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود کردووە کە قورئانی بۆ بخوێنێت و ئەویش داوای لێبوردنی لێ کردووە و وتوویەتی: قورئان بۆ سەر تۆ دابەزیوە و داوا دەکەیت لە منەوە گوێت لێی بێت؟ پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) فەرموویەتی: پێم خۆشە لە تۆوە گوێم لێی بێت. عەبدوڵڵاش بۆی دەخوێنێتەوە و چاوەکانی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) پڕ دەبێت لە فرمێسک. بەم کارە دەیویست هەموو ئەندامەکانی لەشی چێژ لە قورئان وەرگرن، چاوەکانی، گوێیەکانی، دڵی و زمانی. ئەو دەیزانی هەر ئەندامێک ڕێگەیەکی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مەعریفەت. ئەو کە کامڵترین مەخلووق بوو، دەیویست هەموو هۆکارەکان بە تەواوی بگرێتە بەر. فەرموودەیەک هەیە دەفەرموێت: ئەوەی یەکێک لە هەستەکانی لەدەست بدات (واتە پێنج هەستەکە) ئەوە زانستێکی لەدەست داوە. کەواتە دەیویست سوود لە زانستەکانی قورئان وەر بگرێت لە ڕێی هەموو هەستەکانیەوە. لەبەر ئەمەشە سوننەتە قورئان بە شێوەیەک بخوێنرێت کە دەنگی ببیسترێت. ئەمە جیاوازە لەوەی لەبارەی گەورەیی گوێگرتن لە قورئان هاتووە بە بێدەنگی، هەروەها سەیرکردنی دێڕەکانی قورئان تەنانەت ئەگەر لەبەریشت بوو، ئەگەر لە نوێژیشدا بوو. پشت بە خوا لە هەندێک فەرموودەی پیرۆزدا باسی دەکەین.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) بەردەوام لەگەڵ قورئاندا هەڵسوکەوتی دەکرد، جارێک سوورەتی ڕەحمانی بۆ موسوڵمانان خوێند، ئەوانیش بە بێدەنگی گوێیان لێ گرتبوو، پێیانی فەرموو: ئەم سوورەتەم بۆ جنۆکەکان خوێندەوە، لە ئێوە باشتر گوێیان لێ گرتم. گوتیان: ئەوە چۆن بوو ئەی پێغەمبەری خودا؟ ئەویش فەرمووی: هەر کاتێ ئەو ئایەتەم بخوێندایەتەوە: [فَبِأَيِّ آلاء رَبِّكُمَا تُكَذِّبَانِ] واتە: کەواتە کام نیعمەتەی خودا ئینکار دەکەن؟ وەڵامیان دەدامەوە و دەیان گوت: خودایە هیچ نیعمەتێکی تۆ ئینکار ناکەین. هەروەها کاتێک ئەم ئایەتە بخوێندرایەتەوە : [أَلَيْسَ ذَلِكَ بِقَادِرٍ عَلَى أَن يُحْيِيَ الْمَوْتَى] واتە: ئایا خودا توانای ئەوەی نییە مردووەکان زیندوو بکاتەوە؟ پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) دەیفەرموو: بەڵێ دەتوانیت! پاک و بێگەردی بۆ تۆ خودایە! چونکە ئەو ڕاستەوخۆ لە خوداوە گوێی لێ دەبوو لە ڕێگەی دێڕەکانیەوە.

دواتر ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە ئیمام کازم (علیه السلام) بە شێوەیەک قورئانی دەخوێند، وەک ئەوەی قسە لەگەڵ مرۆڤێکدا بکات. پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) سوورەتی زومەری بۆ لاوێکی دڵپاک و ڕەوشتبەرز خوێندەوە، کاتێک گەیشتە ئەو شوێنەی کە دەفەرموێت: [وَسِيقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى جَهَنَّمَ زُمَراً](الزمر:71) واتە: کافرەکان بە کۆمەڵ بەرەو دۆزەخ دەبرێن، هەروەها ئەو ئایەتەی کە دەفەرموێت: [وَسِيقَ الَّذِينَ اتَّقَوْا رَبَّهُمْ إِلَى الْجَنَّةِ زُمَراً](الزمر:73)واتە: پارێزکاران بە کۆمەڵ بەرەو بەهەشت دەبرێن؛ هاوارێکی لێ بەرز بووەوە و گیانی دەرچوو. هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) سوورەتی (هل أتی علی الإنسان حین من الدهر)ی خوێندەوە کاتێک بۆی دابەزی، لەو کاتەدا پیاوێکی ڕەش پێستی لا بوو، کاتێک گەیشتە سەر باسی سیفەتەکانی بەهەشت، هاوارێکی لێ بەرز بووەوە و گیانی دەرچوو. پێغە،بەر (صلی الله علیه وآله) فەرمووی: ئارەزووی گەیشتن بە بەهەشت گیانی هاوڕێکەتانی دەرکرد. ئەوانە لەو کەسانەن کە ئەم ئایەتە پیرۆزە وەسفی کردوون کە دەفەرموێت: [الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَتْلُونَهُ حَقَّ تِلاَوَتِهِ أُوْلَئِكَ يُؤْمِنُونَ بِهِ وَمن يَكْفُرْ بِهِ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ](البقرة:121) واتە: ئەوانەی کتێبمان پێ داون و بە باشی دەیخوێننەوە، هەر ئەوانە ئیمانیان پێی هەیە، هەر کەسێکیش کافر بێت پێی زیانمەند دەبێت.



([1]) الكافي: 2/602.