پێویستیی گێڕانەوەی قورئان بۆ ژیان
پێویستیی گێڕانەوەی قورئان بۆ ژیان
ئێمە پێویستمان بەوەیە کە کارایی قورئان لە ژیانی موسوڵماناندا بژیێنینەوە و لەو دوورەپەرێزییەی هەیەتی دەری بهێنین کە تەنها لە پرسەی مردوواندا و بۆ نووشتە و دوعا بەکار دێت.
لە هەندێک وتەدا هاتووە: چاکسازی لە دوایینەکانی ئەم ئوممەتەداناکرێت مەگەر بەو شتەی چاکسازیی پێشینەکانیانی پێ کراوە. پێشینەکانیش بەهۆی قورئانەوە چاکسازی کراون، کەواتە ئەگەر ئوممەت بیەوێت سەلامەتیی بۆ بگەڕێتەوە و بچێتەوە سەر گەشەسەندن، پێویستە ڕوو بکاتە قورئان. لە میقدادەوە (رضی الله عنه) ڕیوایەت کراوە کە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) لە فەرموودەیەکدا فەرموویەتی: ئەگەر فیتنە سەری لێ شیواندن وەک شەوی تاریک، دەست بە قورئانەوە بگرن، چونکە شەفاعەتکەرێکی شەفاعەت لێ وەرگیراوە و شایەتی دەرێکی بڕوا پێکراوە، هەر کەسێک بیکات بە پێشەوای خۆی بەرەو بەهەشت دەیبات، ئەو کەسەش کە پشتگوێی بخات بەرەو ئاگری دۆزەخی دەبات، قورئان ڕێ نیشاندەرە و باشترین ڕێگە نیشان دەدات.([1]) ئەمیری ئیماندارانیش (علیه السلام) لە هەندێک وتاریدا فەرموویەتی: بزانن کە ئەم قورئانە ئامۆژگاریکەرێکە کە خیانەت ناکات و ڕێنیشاندەرێکە کە گومڕاکەر نییە و قسەکەرێکە کە درۆ ناکات، هیچ کەسێک نییە لەگەڵی دانیشێت مەگەر ئەوەی شتێکی لێ زیاد و کەم دەبێت. هیدایەتی زیاد دەبێت و کوێریی لێ کەم دەبێتەوە، بزانن هیچ کەسێک دوای دەستکەوتنی قورئان هەژار نابێت و کەسیش پێش دەستکەوتنی قورئان دەوڵەمەند نابێت، کەواتە بیکەن بە چارەسەری خۆتان بۆ نەخۆشییەکانتان و لە کێشە و گرفتەکانتاندا بیکەن بە پاڵپشتی خۆتان، چونکە شیفای گەورەترین نەخۆشیی تێدایە کە بریتییە لە کوفر و دووڕوویی و گوناهە و سەرلێشێوان، لە خودا بپاڕێنەوە بە هۆی قورئانەوە و بەهۆی خۆشەویستیی قورئانەوە ڕوو بکەنە خودا و بە هۆی قورئانەوە لە خەڵک مەپاڕێنەوە چونکە کەس بە شتێکی وەک قورئان ڕووی لە خودا نەکردووە. ئەوەش بزانن شەفاعەتکار و شەفاعەت لێ وەرگیراوە و شایەتیدەری متمانەپێکراوە، هەرکەسێک قورئان شەفاعەتی بۆ بکات لە ڕۆژی قیامەتدا شەفاعەتەکەی وەردەگیرێت. لە ڕۆژی قیامەتدا بانگەوازکەرێک بانگەواز دەکات و دەڵێت: هەموو جووتیارێک کێڵگەکەی تووشی کێشە دەبێت و سەرەنجامی کارەکەی تووشی خراپە دەبێت جگە لە کێڵگەی قورئان، کەواتە ببن بە خاوەنی کێڵگەی قورئان و شوێنی بکەون و بیکەن بە ڕێنمایی کەری جۆتان بۆ لای خودا و گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بگرن و ڕای خۆتان بەرانبەری بە کەم بزانن و ئارەزووەکانی خۆتان بەرانبەری بە خراپ بزانن.([2])
([1]) الكافي: 2/299.
([2]) نهج البلاغة، شرح محمد عبده: 1 / 347 . الخطبة (177) وأولها: (انتفعوا ببيان الله واتعظوا بمواعظ الله).