قورئان ڕێگەی گەیشتنە بە ناسینی خودای گەورە

| |عدد القراءات : 273
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

قورئان ڕێگەی گەیشتنە بە ناسینی خودای گەورە

ئەوەی خودای مەبەست بێت و ڕێگەی گەیشتن بە خودای بوێت پێویستە ڕوو بکاتە قورئان چونکە یەکەم هەنگاوی دین بریتییە لە ناسینی خودای گەورە. چونکە خودای گەورە لە کەلامەکەیدا خۆی نیشانی بەندەکانی داوە بەڵام نایبینن([1]) هەروەک لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە. هەر کەسێکیش بیەوێت نەفسی خۆی چاکسازی بکات و پاکی بکاتەوە و دووری بخاتەوە لە نەخۆشییەکان، پێویستە دەست بە قەرئانەوە بگرێ. هەر کەسێکیش بیەوێت کۆمەڵگاکەی چاک کات و لەسەر ئاشتی و خۆشبەختی و ئارامی بەڕێوەی ببات، پێویستە دەست بە قورئانەوە بگرێ چونکە ڕێنیشاندەری هەموو هیدایەتێکە و ڕێنماییکەری هەموو چاکە و چاکسازییەکە.

ئەوەی سەرسووڕ هێنەرە ئەوەیە کە ئەگەر تۆ ئامێرێکت خراپ ببێت، ڕوو دەکەیتە ئەو لایەنەی دروستی کردووە بۆ ئەوەی بۆت چاک بکاتەوە، چونکە دروستکەری هەر شتێک شارەزای ئەو شتەیە. ئەگر نەخۆش بکەویت –خوا نەخواستە- ڕوو دەکەیتە پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئەوەی چارەسەرت بکات، بەڵام کاتێک دەتەوێت چاکسازی لە نەفسی مرۆییدا بکەیت کە خاوەنی نهێنیگەلی شاراوەیە و ناڕوونە بۆ خاوەنەکەی چ بگات بە غەیری ئەو، یان بتەوێت سیستەمێک دامەزرێنیت کە گرەنتیی خۆشبەختیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات و چاکسازیی تێدا بکات، بە دوای چارە سەردا دەگەڕێیت لە لای ئەو مرۆڤە کەموکوڕ و بێتوانا و هەژارانە و ناچیت بەرەو لای بەدیهێنەری مرۆڤ و ئافرێنەر و دروستکەرەکەی کە شارەزای نەفسی مرۆڤە.

 ئەزموونی مەزنی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) ئەوەی سەلماندووە کە قورئان لە چاکسازیی نەفس و کۆمەڵگادا کاراییی هەیە. بەراوردێکی سادەی نێوان کۆمەڵگەی پێش ئیسلام و دوای ئیسلام و ئەو هەنگاوە گەورەیەی ئوممەت نای لە مرۆڤگەلێکی پەرتەوازە و بێسەروبەرەوە کە هەموو خراپەیەک لە نێویاندا بڵاو بوو و شانازییان بە خراپە و کاری ناشیرینەوە دەکرد، بەرەو ئوممەتێکی شارستانیی خاوەن ئەخلاقی بەرز کە خاوەنی سیستەمێک بوون کە مرۆڤایەتی دوور لە خودا شتی لەو شیوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە و نابینێت، ئەمە لە ماوەیەکی کورتیشدا، هەمووشی بە بەرەکەتی ئەم کتێبە پیرۆزە و هەڵگرە مەزنەکەیەوە بوو.



([1]) عوالي اللآلي: 4/116.