ئەوەی ئەهلی بەیتی پشتگوێ خستبێ دەستی بە قورئانیشەوە نەگرتووە
ئەوەی ئەهلی بەیتی پشتگوێ خستبێ دەستی بە قورئانیشەوە نەگرتووە
بەڵام ئوممەت کتێبەکەی خودایان پشتگوێ خست و لێی دوور کەوتنەوە لەو کاتەوە کە ئەهلی بەیت لەو شوێنەی خودا بۆی دانابوون دوور خرانەوە چونکە ئەو دوانە لێک جیا نابنەوە، بەمەش پشتیان کردە وتەی خوای گەورە [وَرَبُّكَ يَخْلُقُ مَا يَشَاء وَيَخْتَارُ مَا كَانَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ](القصص:68) واتە: خودا هەرچی بوێ دروستی دەکات و ئەوەی بۆیان باش بێت هەڵی دەبژێرێت.
فیتنەی جیاکردنەوەی قورئان و ئەوەی قورئان ڕون دەکاتەوە زۆر کۆنە و یەکێکە لەو فیتنانەی ئەمیری ئیمانداران عەلی (علیه السلام) تووشی بوو کاتێک ناچاریان کرد مل بدات بۆ داوەری و بۆ ئەوەی قورئان بکرێت بە داوەر فەرمووی: ئەم قورئانە تەنها خەتێکی نووسراوە لە نێوان دوو بەرگدا و بە زمان قسە ناکات و پێویستی بە زمانحاڵێک هەیە، پیاوانێک لە زمانیەوە قسە دەکەن.([1]) کەواتە قورئان و ئەهلی بەیت دوانەیەکن لێ دانابڕێن و ناکرێت یەکێکیان دەستی پێوە بگیرێت بەبێ ئەوەی دی. ئەهلی بەیت (علیهم السلام) دەرگای خودان کە لەوێوە نەبێت هاتنەژوورەوە ڕوو نادات و فەرمانی پێ کردووین کە لە دەرگاوە بچینە نێو ماڵەکانەوە.
ئەوەی غەیری ئێمە گومانی دەکات کە گوایە لە ئێمە زیاتر گرنگی بە قورئان دەدات بێگومان باتڵە. بەڵێ گرنگییان بە دەربڕینی پیتەکانی و جوانیی دەنگ داوە تا ڕادەی ئەوەی بە شێوەی گۆرانی بیخوێنن و تۆمارکردنی ڕێساکانی تەجوید لە بۆیان داناوە کە هەندێکیشی پێچەوانەی حوکمی شەرعە. ئەمانە هەمووی گرنگیپێدانی ڕواڵەتین و ئەوەی گرنگە بریتییە لە لەخۆگرتنی ناوەڕۆک و کارکردن پێی چونکە لەفز توێکڵە و مەعنا کاکڵ و قسەکەر مەبەستی خودی لەفز نییە، بەڵکو بەشێوەی دەفرێک بەکاری دەهێنێت بۆ مەعنا بۆ گەیاندنی بە گوێگر و مانا مەبەستی ڕاستەقینەی قسەکەرە.
فەرموودەی زۆر لەبارەی ئەوانەوە هاتووە کە خۆیان بە لەفزی قورئانەوە هەڵدەکێشن و ماناکەی و سنوورەکانی زایە دەکەن. لە حەدیسێکی بەناوبانگدا هاتووە: چەند قورئانخوێن هەیە لە قورئان نەفرەتی لێ دەکات!([2]) قورئان دوژمنیەتی چونکە کار بە ناوەڕۆکەکەی ناکات. لە فەرموودەیەکی ئەبوو جەعفەردا (علیه السلام) هاتووە کە فەرموویەتی: قورئانخوێن سێ جۆرن: کەسێک کە قورئان دەخوێنێت و دەیکات بە کاڵا و بە هۆیەوە دەوری دەستەڵاتداران دەدات و دەستدرێژی دەکاتە سەر خەڵک؛ ئەو کەسە ئەهلی جەهەنەمە. کەسێکی تریان ئەوەیە کە قورئان دەخوێنێت و پیتەکانی لەبەر دەکات وسنوورەکانی دەشکێنێت؛ ئەویش ئەهلی جەهەنەمە. کەسەکەی تریان ئەوەیە کە قورئان دەخوێنێت و دەرمانی قورئان لەسەر برینی دڵی دادەنێت و شەوان لەگەڵیدا بەخەبەر دەبێت و ڕۆژ پێوەی تینوو دەبێت و لە مزگەوتەکاندا بەهۆیەوە حازر دەبێت و لە جێگەی نووستن دوور دەکەوێتەوە؛ خودای گەورە و جەببار بەهۆی ئەو کەسانەوە بەڵا دەگێڕێتەوە و هەر بەهۆی ئەوانیشەوە سەرمان دەخات بەسەر دوژمندا، بەهۆی ئەوانیشەوەیە کە باران لە ئاسمانەوە دەبارێنێت. سوێند بە خودا ئەو قورئانخوێنانە لە کبریتی سوور کەمتر دەست دەکەون.([3]) لە فەرموودەیەکدا لە ئیمامی حەسەنەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرموویەتی: لەپێشترین کەس بۆ قورئان ئەوەیە کە کاری پێ دەکات هەرچەند لەبەریشی نەکردبێ، دوورترین کەسیش لێیەوە ئەوەیە کە کاری پێ نەکات هەرچەند بشیخوێنێتەوە.([4])
لەمەوە دەردەکەوێت نەخشەی جیاکردنەوەی قورئان و ئەهلی بەیت و خاڵیکردنەوەی قورئان لە ناوەڕۆک و مانا و هاندان بۆ گرنگیدان تەنها بە لەفز شتێکی کۆنە و ئیمامانی مەعسووم (علیهم السلام) وریاییان لەبارەیانەوە داوە. ئەوە چ گرنگیدانێکە بە قورئان کاتێک ئەو ئایەتە دەخوێنێتەوە کە دەڵێت: [وَرَبُّكَ يَخْلُقُ مَا يَشَاء وَيَخْتَارُ مَا كَانَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ] (القصص:68) واتە: خودا هەرچیی بوێت دروستی دەکات و ئەوەی بۆیان باش بێت بۆیان هەڵ دەبژێرێت. پاشان پشت دەکەنە ئەوەی خودا بۆی هەڵبژاردوون و کەسانی تر دەخەنە پێشیانەوە، لەکاتێکدا خودا هەموو ئەو بابەتەی خستۆتە تایەکی تەرازووەوە و پەیامی ئیسلامیشی خستۆتە تایەکی تری تەرازووەوە. [يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ بَلِّغْ مَا أُنزِلَ إِلَيْكَ مِن رَّبِّكَ وَإِن لَّمْ تَفْعَلْ فَمَا بَلَّغْتَ رِسَالَتَهُ واللهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ](المائدة:67) واتە: ئەی پێغەمبەر! ئەوەی خودا بۆی نازڵ کردوویت بیگەیەنە، ئەگەر ئەو کارە نەکەیت پەیامەکەیت نەگەیاندووە. خودا لە خەڵک دەتپارێزیت.
ئەوە چ شوێنکەوتنێکی قورئانە کاتێک بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە: [قُل لا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ أَجْراً إِلا الْمَوَدَّةَ فِي الْقُرْبَى](الشورى:23) لەکاتێکدا دوژمنایەتیی ئەهلی بەیتی پێغەمبەر دەکەن و لە هەموو کون و کەلەبەرێک بەشوێنیانەوەن و ئەگەر بچووکترین تێگەیشتنیان هەبووایە بۆ قورئان ئەم ئایەتەیان دەخستە پاڵی: [قُلْ مَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِلا مَن شَاء أَن يَتَّخِذَ إِلَى رَبِّهِ سَبِيلاً](الفرقان:57) بۆ ئەوەی بگەن بەو ڕاستیەی ئەهلی بەیت ئەو ڕێگایەن کە خودا ئەمری کردوە شوێنی بکەوین کە فەرموویەتی: [وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيماً فَاتَّبِعُوهُ وَلاَ تَتَّبِعُواْ السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ](الأنعام:153) و ئیمامی باقریش (علیه السلام) بەو شێوەیە تەفسیری کردووە و فەرموێتی: ئێمە ڕێگاین، هەرکەسێک پشت بکاتە ئەو ڕێگەیە کافر دەبێ.([5])
ناڵێم وتەی (کتێبی خودامان بەسە) و زوڕناکانی دوای ئەو کە تا ئێستەش درێژەیان هەیە و داوای بەڵگە تەنها لە قورئان دەکرێت لەسەر چییە و پییان دەگوترێت قسەی حەقە و بە مەبەستی ناحەق بەکار دێت، بەڵکو قسەی بەتاڵە و بە مەبەستی بەتاڵیش بەکار دێت. ئەوانە مەبەستیان لێدانە لە بنەماکانی ئیسلام چونکە تەنها وەک گومان دەکەن، دەستگرتن بە تەنها بە قورئانەوە بە واتای بێنیازییانە لە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) و بە واتای نەزانینی هەموو وردەکارییەکانی شەریعەت. پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) و ئیمامانی مەعسووم لە ئەهلی بەیت ڕوونکەرەوەی حوکمەکانی قورئانن و لەسەری دەڕۆن.
ئەم زانستانەش سەرجەمیان کە لەبەر دەستدان، ئایا دەکرێت ببی بە پزیشک یان ئەندازیار بەبێ ئەوەی لە سەر دەستی پسپۆڕانی ئەو بوارە و شارەزایانی نهێنییەکانی وەرین بگریت؟ کەواتە چۆن دەبێت بۆ قورئان کە [تِبْيَاناً لِّكُلِّ شَيْءٍ](النحل: 89) واتە: ڕوونکەرەوەی هەموو شتێکە و [مَّا فَرَّطْنَا فِي الكِتَابِ مِن شَيْءٍ](الأنعام:38) واتە: هیچ شتێکمان لە قورئاندا پشتگوێ نەخستووە و چاکەی مرۆڤایەتیی تێدایە بە گشتی و بۆ هەموو سەردەمیک. [مَا لَكُمْ كَيْفَ تَحْكُمُونَ](الصافات:154) واتە: چۆن حوکم دەکەن؟ پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) وریایی داوە لەسەر ئەم مەترسییە کە فەرموویەتی: کەستان نەچێت پاڵ بە کورسییەکەیەوە بدات و فەرمانێکی منی بۆ بێت یان نەهییەکی من و بڵێ: نازانین، ئەوەی لە کتێبی خوادا هەبێت گوێڕایەڵیی دەکەین.([6])
بەڵام دوژمنانی خودای گەورە و شوێنکەوتوانی شەیتان زانییان کە قورئان پارێزەر و قەڵای پشتیوانی ئەم ئوممەتەیە لە لادان و خوار و خێچی و ئەهلی بەیت (علیهم السلام) بەڕێوەبەرین و ئەوانیش پلانیان داڕشت بۆ دوورخستنەوەیان لە ئوممەت. ئوممەتیش بێ سەرپەرشت و پشتیوان و پارێزەر مایەوە و بوو بە نێچیرێکی ئاسان بەدەست دوژمنان و ئەوانەوە کە لە کەمیندا بوون بۆ خراپ بوونی. ئەوەتە دەبینیت بە سادەترین شوبهە دەشڵەژێت و بە یەکەم فیتنە دەکەوێت و بە یەکەم تاقیکردنەوە دەڕووخێت. "ئەمەش یەکەمین کەلێن بوو کەوتە زانستی قورئان و ڕێگەی بیرکردنەوە و ئەو بیرکردنەوەیەی بە باش دادەنرێت، بەڵگەی ئەم پشتگوێخستنەش کەمیی فەرموودەیە کە لییانەوە نەقڵ کراوە (علیهم السلام). ئەگەر سەرنج بدەیت زانستی فەرموودە لە سەردەمی خەلیفەکاندا لە چ حاڵ و پلە و پایەیەکدا بووە و خەڵک لە چ حاڵ و دۆخ و تامەزرۆییەکدا بوون بۆ وەرگرتنی، پاشان سەرژمێری ئەو ڕیوایەتانە بکەیت کە لە عەلی و حەسەن و حوسەینەوە بەتایبەت ئەوەی لەبارەی تەفسیری قورئانەوە نەقڵ کراوە سەرت دەسوڕمێ. هاوەڵان شتێکی وایان لە عەلی (علیه السلام) ڕیوایەت نەکردووە، شوێنکەوتووانیش ئەوەی لێوەی گێڕاویانەتەوە ئەگەر بژمێردرێ ناگاتە سەد ڕیوایەت لە هەموو قورئاندا. حەسەنیش (علیه السلام) ڕەنگە ئەوەی لێی گێڕدراوەتەوە نەگاتە دە دانە. سەبارەت بە حوسەین (علیه السلام) شتێکی وای لێ ڕیوایەت نەکراوە کە جێی باس بێ. لەکاتێکدا هەندێکیان ئەو ڕیوایەتانەی لە بارەی تەفسیرەوە هاتوون گەیاندوویانەتە حەڤدە هەزار فەرموودە لە ڕێگەی جمهورەوە (سیوتی لە کتێبی الاتقان باسی کردوە). ئەم ڕێژەیە لە ڕیوایەتە فیقهیەکانیشدا هەیە".([7])
کەواتە قورئان چیی لەدەست دا بە دوور خستنەوەی ئەهلی بەیت (علیهم السلام) لە بەجێهێنانی ئەو ڕۆڵەی خودای گەورە بۆی دانابوون:
1. لە دەست چوونی زۆر لە زانستە ڕاستەقینەکان کە کەس تێیان ناگات جگە لەوان (علیهم السلام).
2. دوور کەوتنەوەی قورئان لە ڕۆل گێڕان لە چاکسازیی نەفس و کۆمەڵگەدا چونکە لەگەڵ ئەهلی بەیت دووانەیەکن کە لە یەک جیا نابنەوە و لە ژیانی ئوممەتدا بە دەستی ئەوان نەبێ هیچ کەسێک کارێکی پێ ناکرێت.
3. قورئان بووە بە نێچیرێک بە دەست ئەوانەی کە گەمەی پێ دەکەن و ئەهلی هەوا و هەوەسی شەخسیەوە، تەنانەت بە دەست دوژمنانەوە. دەبینیت هەر یەکێکیان بەڵگەیەک بۆ بیر و باوەڕی خۆی لە قورئاندا دەدۆزنەوە تەنانەت خەواریجیش بەڵگەیان بە قورئان دەهێنایەوە هەر وەک لە دوای ڕووداوی داوەردی لە نێوان ئەوان و ئیبن عەبباسدا ڕووی دا و ئیمامی عەلی (علیه السلام) نەهیی لێ کرد بەڵگە بە قورئان بهێنێتەوە چونکە چەند مانا هەڵ دەگرێت (حمال ذو وجوه) ([8]) و مانا ڕاستەقینەکانی دەبێت بە قوربانیی ئەو تەئویلانەی کە قورئان نەهی کردووە لەوەی شوێنی بکەوین و دەفەرموێت: [فَأَمَّا الَّذِينَ في قُلُوبِهِمْ زَيْغٌ فَيَتَّبِعُونَ مَا تَشَابَهَ مِنْهُ ابْتِغَاء الْفِتْنَةِ وَابْتِغَاء تَأْوِيلِهِ] واتە: بەڵام ئەوانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە دەکەونە شوێن ئەو ئایەتانەی موتەشابیهن لە پێناو فیتنە و لە پێناو تەئویل کردنیدا. بەڵام وەڵامەکە ڕونە و قورئان پێشتر داویەتیەوە کە فەرمویەتی: [وَمَا يَعْلَمُ تَأْوِيلَهُ إِلاَّ اللهُ وَالرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ] (آل عمران:7) واتە: کەس تەئویلەکەی نازانێت جگە لە خودا و ڕاسیخون لە زانستدا. ڕوونترین نموونەی ڕاسیخوون لە زانستیش بریتییە لە ئەهلی بەیت (علیهم السلام).
4. لێک ترازانی ئوممەت و لەناوچوون و پەرتەوازە بوونی. لەبەر ئەوەی پارێزراویی و میحوەری یەکگرتنی بریتییە لە قورئان و ئەهلی بەیت بەپێی تەفسیری پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) بۆ ئایەتی پیرۆزی: [وَاعْتَصِمُواْ بِحَبْلِ اللّهِ جَمِيعاً وَلاَ تَفَرَّقُواْ](آل عمران:103) واتە: هەمووتان دەست بە حەبلی خوداوە بگرن و پەرتەوازە مەبن. پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: ئەوە قورئان و ئەهلی بەیتە. هەروەها حەزرەتی فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) لە وتارەکەیدا لە مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لەبارەی ئەم پارێزراویەوە فەرمووی: پێشەوایەتیی ئێمە کراوە بە ڕێکخەری میللەت،([9]) واتە کاروبارەکانی ئوممەت بەهۆی ئەوانەوە ڕێک دەخرێت و جێی خۆی دەگرێت و ئاکامی دوور کەوتنەوەیان لە ئەهلی بەیت لەناوچوونیان بوو بە دەستی زۆرداران و ئارەزوو پەرستان کە خودی ئەم قورئانەیان بە کار هێنا بۆ لەناو بردنی کێڵگە و نەتەوە و واعیزانی سوڵتانەکان و خەڵکانی تریش هاوڕێ و هاوکار بوون لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو کارە خراپانەیان بهێننەوە، هەر وەک ئەو ئایەتەی خودای گەوەرە کە دەفەرموێت: [أَطِيعُواْ اللهَ وَأَطِيعُواْ الرَّسُولَ وَأُوْلِي الأَمْرِ مِنكُمْ] (النساء:59) واتە: گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەر و وەلی ئەمرەکانتان بن. بەڵام ئەو کافر و فاسقانەیان کردبوو بە وەلی ئەمری موسوڵمانان.
([1]) نهج البلاغة: الخطبة 125.
([2]) مستدرك الوسائل: كتاب الصلاة، أبواب قراءة القرآن، باب7، حديث 7.
([3]) الخصال: 142.
([4]) إرشاد القلوب: 79.
([5]) بحار الأنوار: 24/13، باب: أنهم عليهم السلام السبيل والصراط وهم وشيعتهم.
([6]) الميزان في تفسير القرآن: ج3 في البحث الروائي للآيات 28-32 من سورة آل عمران، نقله عن أحمد وأبي داود والترمذي وابن ماجة وابن حبّان وغيرهم من رواة العامة.
([7]) الميزان في تفسير القرآن: ج5/ بحث تأريخي في ذيل الآيات 15-19 من سورة المائدة.
([8]) بحار الأنوار: 2/245.
([9]) كشف الغمة: 2/110.