سکاڵای قورئان
سکاڵای قورئان
وام دانا کە بە ڕیوایەتێکی شەریفی ئەلکافی و ئەلخیسال دەست پێ بکەم کە لە ئەبووعەبدوڵڵاوە (علیه السلام) دەیگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: سێ شت سکاڵا دەکەن لای خودا (عز وجل): مزگەوتی وێران کە کەس نوێژی تێدا نەکات، زانا لەنێو نەزاناندا و قورئان کە لە شوێنی بەرز دانرابێ و تۆزی لێ نیشتبێ و نەخوێنرێتەوە. ([1])
ڕوونترین نموونەی زانا بریتییە لە ئەهلی بەیت (علیهم السلام) بەتایبەت ئیمامی ئەم سەردەمە (ارواحنا له الفداء). ئەو سیانەی سکاڵا دەکەن بریتین لە قورئان و ئەهلی بەیت و مزگەوت، بەڵگەش لەسەری ئەوەیە کە لە حەدیسێکی پێغەمبەردا (صلی ولله علیه وآله)دا هاتووە کە فەرموویەتی: ڕۆژی قیامەت سێ دەستە سکاڵا دەکەن، قورئان و مزگەوت و ئەهلی بەیت. قورئان دەڵێت: خودایە منیان دەستکاری کرد و دڕاندیانم، مزگەوتیش دەڵێت: خودایە پشتگوێیان خستم و زایەیان کردم، ئەهلی بەیتیش دەڵێن: خودایە کوشتیانین و دەریان کردین و پەرتەوازەیان کردین. بەم چەشنە بۆ سەندنی مافیان ڕوو دەکەمە خودا و خودا (عز وجل) پێم دەفەرموێت: من لە تۆ لەپێشترم مافیان بستێنم.([2])
لەم حەدیسەدا زیاد لە چەند کەڵکێک وەردەگرین:
یەکەم: بناغەی بینای ئوممەتی موسوڵمان و ڕاگرەکانی کۆمەڵگەی موسوڵمان بریتییە لەم سیانە، بۆیە جەختیان لەسەر کراوەتەوە و بەم پێیە، حەدیسەکە بە واتای حەدیسی بەناوبانگی سەقەلەین دێت کە دەفەرموێت: من دوو شتی گرانبەهام بۆ بەجێ هێشتوون، کتێبی خودا و ئەهلی بەیتەکەم، ئەگەر دەستتان پێوە گرتن، پاش من هەرگیز گومڕا نابن. خودای لەتیف و خەبیر هەواڵی داومەتێ کە ئەو دووانە لێک جیا نابنەوە تا ڕۆژی قیامەت دێنەوە بۆ لام لەسەر حەوزی کەوسەر.([3]) سەقەلەین بریتین لە دووان لەم سیانە، سێهەمیشیان مزگەوتە کە بریتییە لەو شوێنەی دوو شتە گرانبەهاکە بەهۆیەوە ڕۆڵیان دەگێڕا لە کۆمەڵدا و لە کەشە پیرۆزەکەیدا پەیوەندییان بە ئوممەتەوە دەکرد.
دووەم: هەستکردن بەوەی کە ئوممەت پشت دەکاتە ئەم سیانە، لەبەر ئەمەشە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) هەواڵی پێ داوین لەبارەی ئەو سکاڵایەوە وەک حەقیقەتێک کە ڕوو دەدات و ئەویش (صلی الله علیه وآله) ئوممەت لەم زایە کردنە ئاگادار دەکاتەوە و سزادانەکەشی زیاد دەکات بە جۆرێک کە خودا خۆی سکاڵاکاری ستاندنی مافیانە و خۆشی دادوەری دادپەروەرە.
بەو پێیەی ئەم سیانە بناغەی کیانی موسوڵمانانن، زایەکردنیان بە واتای زایەبوونی ئەو کیانە و لەناوچوونیەتی، بۆیە لەسەرمان پێویستە هەریەکێک لەو سیانە بە جیا بخەینە بەر باسی تایبەت بۆ ڕوونکردنەوەی کاریگەریی لە ژیانی ئوممەتدا و گەورەیی کارەساتی پشتگوێ خستنیان و شێوازەکانی گێڕانەوەی ڕۆڵیان لە ژیانی موسوڵماناندا.
بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە خۆم بکەم بە (داواکاری گشتی) وەک ئەمڕۆ گوزارشتی لێ دەکرێت، بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵای ئەو سیانە و بە بەرزکردنەوەی سکاڵای گرانبەهای یەکەم دەست پێ دەکەم: قورئانی پیرۆز بریتییە لە حەبلێکی درێژکراوە لەلایەن خودای گەورەوە بۆ لای بەندەکانی. ئەو سکاڵایەی کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) ڕۆژی قیامەت بەرزی دەکاتەوە و دەفەرموێت: [وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا] (الفرقان: 30) واتە: پێغەمبەر دەفەرموێت: خودایە! قەومەکەم ئەم قورئانەیان پشتگوێ خست. پێغەمبەر موسوڵمانانی لەم مەترسییە وریا کردەوە کاتێک باسی هۆکاری لەڕێلادانی ئوممەتانی پێشتری بۆ کردن کە بریتییە لە پشتگوێخستنی ئەوەی خودا بۆی نازڵ کردوون. خودا فەرموویەتی: [قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَسْتُمْ عَلَى شَيْءٍ حَتَّىَ تُقِيمُواْ التَّوْرَاةَ وَالإِنجِيلَ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْكُم مِّن رَّبِّكُمْ] (المائدة:8). واتە: بڵێ ئەی ئەهلی کیتاب، تا تەورات و ئینجیل و ئەوەی بۆتان دابەزیوە جێبەجێ نەکەن لەسەر هیچ نین.
جا هەرکەسێک پێوەی پابەند بێ، ئەوە ڕێگەی بەرەو خوای گرتووە و هەرکەسێک پشتی تێ بکات لەناو دەچێت و دەکەوێت.
سەرچاوەی ئەم سکاڵایە ئەوەیە کە کۆمەڵگا موسوڵمانەکەمان، تەنانەت پابەندەکانیشیان([4]) خوێندنەوەی قورئان و گرنگیپێدان و سەرنجدانی واتاکانیان پشت گوێ خستووە چ بگات بەوەی ڕۆلی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی ژیانی پێ بدرێت تا ببێتە سەرمەشق و مەشخەڵێک بۆ ئەوەی خەڵک ڕێنوێنیی لێ وەرگرن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. بەجۆرێک لای هەندێکیان لەبیر کراوە کە جگە لە کەمێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بیریان نەماوە. ئێمە هانی ئەوە دەدەین کە گرنگیدان بە قورئان لەم مانگە پیرۆزەدا زیاد بکرێت لەبەر ئەو پەیوەندیە توندوتۆڵەی کە لە نێوانیاندایە. تەنانەت لە فەرموودەدا هاتووە کە هەموو شتێک بەهارێکی هەیە و بەهاری قورئانیش مانگی ڕەمەزانە. ([5]) بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە پشتگوێی بخەین یان زۆر کەم دەستی لی بدەین لە غەیری ئەم مانگانەدا.
([1]) الكافي: كتاب فضل القرآن، باب قراءة القرآن في المصحف، ح3. الخصال: 1/ 142 أبواب الثلاثة.
([2]) وسائل الشيعة: كتاب الصلاة، أبواب أحكام المساجد، باب 5، حديث2.
([3]) لە کتێبەکانی عامە و خاسە ڕیوایەت کراوە، سەرنجی کتێبی (المراجعات)ی سەيد عبد الحسين شرف الدين الموسوي بدە.
([4]) سەرنجی ژمارەیەک نموونەی ڕێکنەخراوم دا کە داواکاری قبووڵبوون وەک فێرخوازی حەوزەی عیلمییە بوون، بۆ ئوەی بزانم ڕادەی پەیوەندیان بە قورئانەوە چۆنە، دەبوو ئەوان لە ئاستێکی هۆشیاری و ئیماندا بن کە پاڵیان بنێ بۆ هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازە، بینیم هەندێکیان تەنانەت یەک جارێکیش قورئانیان خەتم نەکردووە و هی تریان هەیە مینبەری مزگەوتیشی بەدەستەوەیە، لە ژیانیدا دوو جار خەتمی کردووە و زۆربەیان سوورەتە جیاوازەکان لە بۆنە ئاینییە جیاوازەکاندا دەخوێنن. ئەمە تەنها باسی خوێندنەوەی دەکەین، بەڵام تێگەیشتن لە واتاکانی و قووڵبوونەوە لە ناوەڕۆکەکانیدا، ئەوە لێرەدا نەزانی جێی خۆی گرتووە.
([5]) معاني الأخبار: الشيخ الصدوق، ص228.