مەڕجەعی ئاینی ئەلیەعقووبی: حەرامێتیی توندی خوێنڕشتن لە ئیسلامدا
بەناوی خوای گەورە
مەڕجەعی ئاینی ئەلیەعقووبی: حەرامێتیی توندی خوێنڕشتن لە ئیسلامدا
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە و دروودی خودا لەسەر باشترین دروستکراوی خودا موحەممەد و بنەماڵە پاک و خاوێنەکەی.
مرۆڤ بەهایەکی بەرزی هەیە لە شەرعی ئیسلامدا چونکە خەلیفەی خودایە لەسەر زەوی (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلاَئِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الأَرْضِ خَلِيفَةً) (البقرة 30) واتە: خودا بە فریشتەکانی فەرموو: من لەسەر زەوی جێگرێک دادەمەزرێنم. بەوەش بوو بە شیاوی ڕێزلێنان لەلایەن خوداوە [وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ] (الإسراء70) واتە: بێگومان ڕێزمان لە مرۆڤ ناوە. ڕێزێکی گەورەی لە نەفسی مرۆڤ ناوە کە لە حورمەتی کەعبە بەرزترە. لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە لە ئەبوو جەعفەری باقر (علیه السلام)ەوە کە ڕووەو کەعبە دەڕۆی و فەرمووی: سوپاس بۆ ئەو خودایەی کە ڕێزی لێ نای و پایەی پێ دای و گەورەی کردیت و کردوویتی بە پەناگە و جێی دڵنیایی خەڵک. سوێند بە خودا حورمەتی ئیماندار لە حورمەتی تۆ بەرزترە)[i] هەروەها لە حەدیسی سەحیحی ئەبوو حەمزەدا لە ئیمام باقر و سادقەوە (علیهما السلام) ڕێوایەت کراوە لە پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیه وآله) کە لە ڕووداوێکی کوشتندا کە ڕووی دا و دژی کەسێکی نەزانراو تۆمار کراوە، وەک ئەمڕۆمان کە کەس نازانێت بکوژ کێیە فەرمووی: کوژراوێک لەنێوان موسوڵمانداندایە کەس نازانێ کێ کوشتوویەتی، سوێند بەوەی منی بە حەق ناردووە، ئەگەر هەموو ئەهلی ئاسمان و زەوی لە ڕشتنی خوێنی موسوڵمانێکدا بەشدار بن و پێی ڕازی بن، خودا بەسەر لووتیاندا ڕایان دەکێشێت بۆناو ئاگر، یان فەرمووی: بەسەر دەموچاویاندا).[ii] کەواتە کوشتنی مرۆڤ بەدەستی برا مرۆڤەکەی دەرچوونە لە بەرگی بەندایەتیی خودا و بەرەنگاربوونەوەی سوڵتانی خودایە، چونکە خودای مەزن دروستکەری مرۆڤە و خاوەنیەتی و هەر ئەویش بە تەنها مافی ئەوەی هەیە چیی بەسەر بهێنێت.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) کاتێک مەناسیکی حەجەتولوەداعی تەواو کرد کەبەردەم دەیان هەزار موسوڵماندا لە مینا وەستا بۆ ئەوەی ئەم پەیامەیان پێ بگەیەنێت و پووچیی جاهیلییەت لە نەفسیان بهێنێتە دەر، جاهیلییەت واتە کارنەکردن بە حوکمەکانی ئیسلام لەبارەی حورمەتی خوێن و بەکەمزانینی کوشتن. پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) فەرمووی: کام ڕۆژە حورمەتی زیاترە؟ وتیان: ئەمڕۆ، فەرمووی: ئەی کام مانگە حورمەتی زیاترە؟ گوتیان: ئەم مانگە، فەرمووی: ئەی چ شوێنێک حورمەتی لە هەموو شوێنێک حورمەتی زیاترە؟ گوتیان: ئەم شوێنە. فەرمووی: دەی کەوایە، خوێنتان و ماڵتان لەسەریەک حەرامە وەک حورمەتی ئەم ڕۆژە لەم مانگەدا و لەم شوێنەد، تا ئەو ڕۆژەی لەبارەی کردەوەکانتانەوە لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکرێ. خودایە ئایا گەیاندم؟ گوتیان: بەڵێ. فەرمووی: خەدایە شایەت بە. ئەوەی ئەمانەتێکی لا بووە با بیداتەوە بەو کەسەی بە ئەمینی زانیوە، چونکە خوێنی موسوڵمان و ماڵی موسوڵمان بە ڕەزای خۆی نەبێ حەرامە. ستەم لە یەک مەکەن و پاش من کافر مەبنەوە).[iii]
بۆ ڕوونکردنەوەی گەورەیی ئەم بابەتەش، دەستدێژیکردنە سەر تاکەکەسێکی وەک دەستدرێژی بۆسەر کۆی مرۆڤایەتی داناوە. [مَن قَتَلَ نَفْساً بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعاً] (المائدة 32).واتە: هەرکەسێک مرۆڤێک بکوژێت بێئەوەی کەسێکی کوشتبێ یان خراپەی لەسەرزەوی بڵاو کردبێتەوە وەک ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتیی کوشتبێ.
لەبەر ئەوە شەریعەتی ئیسلام سزای توندی بۆ لەناوبردنی نەفس داناوە. ئەگەر کەسێک بە ئەنقەست بکوژرێ خاوەنی خوێن، واتە کەسوکاری تاوانلێکراو بۆیان هەیە بکوژەکە بکوژنەوە لەبەر ئەوەی سزای لەم چەشنە ڕێگری دەکات لەو کەسەی بیر لە دوژمنایەتیی خەڵکی تر دەکاتەوە و وا دەکات خەڵک بە ئاسوودەیی و ئاشتی بژین. [وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ يَاْ أُولِيْ الأَلْبَابِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] (البقرة 179)واتە: لە تۆڵەکردنەوەدا ژیان هەیە ئەی خاوەن عەقڵەکان، بەو هیوایەی خۆتان بپارێزن.
شەریعەتی پیرۆز پێدانی سەرمایەیەکی زۆری واجب کردووە کە پێی دەگوترێ خوێنبایی (الدیة) کە دەدرێ بە کەسوکاری ئەگەر کوشتنەکە بە هەڵە بێت یان هاوشێوەی کوشتنی هەڵە بێت بۆ ئەوەی بەپێی شەرع خوێنی حەرام بەفیڕۆ نەچێت تەنانەت ئەگەر کوشتنەکە بەتەواوی بە هەڵەش بووبێت.
هەروەها لەپێناو ئەوەی خەڵک لە هەموو کردەوەیەک دوور کەونەوە کە ببێتە هۆی کوشتن و زیانگەیاندن بە خەڵکی تەنانەت ئەگەر بە هەڵەش بێت. پێدانی خوێنبایی ئارامکردنەوەی هەستی کەسوکاری کوژراوەکە و داخستنی دەرگای تۆڵەکردنەوە و پەشێوی و تۆڵەکردنەوەیە، لەبەر ئەوە خوێنبایی ناو نراوە (عەقل) لەبەر ئەوەی دەبێتە ڕێگری خوێنڕشتن و کۆمەڵگە دەپارێزێت لەوەی کوشتن ئاسایی ببێتەوە پێش ئەوەی خوێنڕشتن ڕوو بدات و ڕێگری دەکات لە بەردەوامیی پاش ڕوودانی تاوانەکە.
لەژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا، ئەو بەکەمگرتنەی خوێن کە لەمڕۆدا دەیبینین هەروەها ئەو کوشتوبڕە چەندبارەیەی کە تەنها بەهۆی جیایی هەڵوێست یان دیدگاوە ڕوو دەدات، یان ڕاجیایی لەسەر بابەتێکی دیاریکراو یان بەهۆی ململانێی سیاسی و عەشایەری و تائیفی و نەتەوایەتی و جوگرافییەوە تاد. ئەوپەڕی حەرامە و لە هەموو جۆرەکانی دی خەشمی خودای بەدوادا دێ.
لەسەر ئەهلی دانایی و عەقڵ پێویستە هەوڵی بنەڕەتی بدەن بۆ چاکسازیی دۆخەکە و پاراستنی کۆمەڵگە لە هەموو کردەوەیەکی خراپ. والله ولی التوفیق
موحەممەد ئەلیەعقووبی
نەجەفی پیرۆز
18 محرّم الحرام 1442
7-9-2020
[i] مستدرك الوسائل، الميرزا حسين النوري الطبرسي 946، باب 105.
[ii] الكافي 7272، باب 172، ح8. ط. دار الكتب الإسلامية.
[iii] وسائل الشيعة 2910، أبواب القصاص في النفس، باب 1، ح3.