چەند هەنگاوێکی کردەیی لە چلەی فەرەجدا

چەند هەنگاوێکی کردەیی لە چلەی فەرەجدا
بەناوی خودای گەورە
چەند هەنگاوێکی کردەیی لە چلەی فەرەجدا
سەماحەتی مەڕجەعی ئاینی شێخ موحەممەد ئەلیەعقووبی (دام ظله) جەختی کردەوە لەسەر زەروورەتی بەجێهێنانی هەر شتێک کە دەبێتە هۆی دڵخۆشکردنی ئیمام مەهدی (صلوات الله وسلامه علیه) و بەدەستهێنانی ڕەزای ئەو و نزیکخستنەوەی هاتنی و زەمینەسازی بۆ ڕۆژی مژدەدراوی هاتنی بە ئیزنی خودا. بۆ کامڵکردنی بەرزبوونەوەی دەنگی ملیۆنەها کەس بە دوعا و پاڕانەوە لە خودا کە دەرکەوتنی مەزنترین وەلیی خۆی و حوججەتی خۆی لەسەر خەڵکەکەی (ارواح العالمین له الفداء) پێشکەشکردنی ملیۆنان دەنگ بۆ یەک داواکاریی دیاریکراو و لە ڕۆژانی پیرۆزی خودادا، ئومێد وایە کە ڕەت نەکرێتەوە. لەم ڕووەشەوە بەڕێزی چەند خاڵێکی خستووەتە بەر باس:
1. هەستکردن بە لەگەڵبوونی خودا {وَهُوَ مَعَكُمْ أَيْنَ مَا كُنتُمْ} (الحديد4) واتە خوداتان لەگەڵە لە هەرکوێ بن. ئەو هەستکردنەش بە تەواوی مانا و لێکەوتەکانیەوە کە یەکەمیان خۆدوورگرتنە لە حەرامکراوەکانی خودای مەزن و هەستکردن بە یارمەتی و ڕەحمەت و میهرەبانی و لەگەڵدابوونی خودای گەورە و غەیری ئەوانەش کە لە تەفسیری ئایەتە پیرۆزەکەدا باسمان کردووە.[i]
2. پابەندبوون بە نوێژ لە کاتی خۆیدا بە گوێرەی توانا و باشتریش وایە لە مزگەوت و بە کۆ بەجێ بگەیەنرێ ئەگەر گونجا.
3. دوورکەوتنەوە لە دووبەرەکی و ململانێ و دەمەدەمێ و یەکتر شکاندن و هەموو جۆرە وتەیەکی نەشیاو و چارەسەری کێشەکان بە حیکمەت بە شێوەی ئەوەی خوا پێی ڕازی دەبێت.
4. چاکە لەگەڵ دایکوباوک و سیلەی ڕەحم و دراوسێیەتیی باش و مامەڵەی دروست لەگەڵ هەموو لایەک.
5. دەست و دەم و سک و چاو و شەهوەت و غەریزەکان بە پاکی ڕابگیرێن.
6. شارەزابوونی دین و هاتنەناوەوەی نوخبەی ڕۆشنبیر بۆ حەوزەی عیلمییە بە هەموو شێوەیەکی حزووری و ئەلکترۆنی.
7. هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و ئیحتیاجی خەڵک و دڵخۆشکردنیان و دوورکەوتنەوە لە ئازاردانیان.
8. یارمەتیدانی هەژاران، بەتایبەت کەسانی نەفسبەرز و کەفالەتی هەتیوان لەڕووی بژێوی و پەروەردەوە و هاوسەرگیریی لاوانی داوێنپاک بە پارەی حەڵاڵ و خێر و خێرات.
9. وشیارکردنەوەی خەڵک و ڕێنمایی و ئاڕاستەکردنیان بەرەو ئەوەی بۆ دونیا و ئاخیرەتیان باشە و ڕەواندنەوەی شوبهەکانیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان.
10. دڵسۆزی لە کار و پیشەدا کە لەسەر شانتە و بە باشی ئەنجامدانی و پشتگوێنەخستنی.
11. دوورکەوتنەوە لە هەموو بێهوودەکارییەک کاتێک نەفسی مرۆڤ پێویستی بە پشوو هەبوو، کێشە نابێت ئەگەر بە ئەندازەی پێویست بێ.
12. زیندووکردنەوەی مەراسیمە دینییەکان و بەشداربوون تێیدا.
13. خوێندنەوەی قورئان بە گوێرەی توانا هەرچەند چارەکە جوزئێکیش بێت ڕۆژانە.
14. ئەنجامدانی سوننەتەکان بەگوێرەی توانا، بەتایبەت شەونوێژ ئەگەر یەک ڕکاتیش بێ و مانەوە بە دەستنوێژەوە درێژترین ماوەی ڕەخساو بەبێ زۆرلەخۆکردن کە کار لەسەر بەرپرسیارێتییەکانی دی بکات.
15. ڕۆژانە دوعاکردن بۆ ئیمامی حوججە (صلوات الله وسلامه علیه) (اللهم کن لولیک ...) و دوعای (یا من تحل به عقد المکاره...) و زیارەتی عاشوورا وسەدەقەدان لەبری ئیمام و ناونانی هەر کارێک کە تاکەکەس و گرووپەکان پێی هەڵدەستن بەناوی ئیمامەوە و بڵاوکردنەوەی ناوی پیرۆزی و بەهێزکردنی پێوەندیی خەڵک لەگەڵی. (سلام الله علیه).
شایانی باسە بەڕێزیان (دام ظله) ساڵی ڕابوردوو بەیاننامەیەکی دەرکردبوو بەناوی (چلەی فەرەج... لە عاشووراوە تا چلە)[ii] لە ڕۆژی ٨ی موحەڕەمی ١٤٤١ی کۆچی و تیایدا داوای کرد سوود لە ڕۆژانی چلەی ئیمام حوسێن (علیه السلام) وەربگیرێت کە لە عاشووراوە درێژ دەبێتەوە تا چلەی ئیمام حوسێن بۆ پاڕانەوە و نزاکردن لە خودای گەورە و تەوەسول بۆلای ئەو تا ئەو کاروبارەمان کە خراپ بووە چاکی کات و ئەم چلەیە گونجاوە لەگەڵ ئەو پاڕانەوە و نزایەدا بەهۆی ئەوەی ئیمامی حوسێن (علیه السلام) پەیوەندیی بە دەوڵەتی عەدلی خوداییەوە هەیە هەروەها لەبەر ئەوەی ئیلهامبەخشی خێر و سەرچاوەی هێزە بە دەست هیدایەتکاران و چاکسازانەوە، لەژێر ڕۆشنایی فەرمایشتی ئیمامی سادق (علیه السلام) کە فەرمووی: "کاتێک عەزاب لەسەر بەنی ئیسرائیل درێژەی کێشا، گریان و پاڕانەوە لە خودا چل ڕۆژ، خودای گەورە وەحیی کرد بۆ مووسا و هاڕوون کە لەدەست فیرعەون ڕزگاریان دەکات و سەد و حەفتا ساڵی بۆ کورت کردنەوە. ئەگەر ئێوەش وەها بکەن خودای گەورە دەروومان لێ دەکاتەوە، ئەگەر واش نەبن ئەوا کارەکە تا کۆتاییی خۆی درێژە دەکێشێ"
داواکارین لە خودای مەزن کە ئێمە و ئێوە سەرکەوتوو بکات بۆ هەر شتێک کە شادی دەخاتە دڵی ئیمامەکەمان مەهدییەوە (عجل الله فرجه) و دوورمان بخاتەوە لە هەر شتێک کە ناخۆشی و ئازاد دەخاتە دڵی پیرۆزیەوە. خودا خۆی بیسەری نزاکانە.
نووسینگەی سەماحەتی مەڕجەعی ئاینی، شێخ موحەممەد ئەلیەعقووبی (دام ظله)
١٤ی موحەڕڕەمی حەرام ١٤٤٢ ک. م.
٣-٩-٢٠٢٠
[i] httpsyaqoobi.comarabicindex.php517418.html
[ii] httpsyaqoobi.comarabicindex.phpnews6978.html