وتە کورتەکانی عاشورایی

وتە کورتەکانی عاشورایی
1. تەمەنی کەوسەریی گەورەی شەهیدان ئیمام حوسەین (ع)
کاردانەوەمان بەرانبەر تاقە ڕۆژێکی ژیانی پیرۆزی ئیمام حوسەین (علیه السلام)، کە ڕۆژی عاشوورایە، ئەم هەموو بەرهەمە گەورەیە و نەتیجە پیرۆزەی هەیە کە هەموو جیهان بینی، دەبێ چی ببێت ئەگەر (٥٧) ساڵ لە تەمەنی موبارەکی لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بخوێنینەوە؟
2. پڕۆژەی چاکسازیی حوسەینی:
شەریعەتی ئیسلام کە دوایین شەریعەتی ئیلاهی و کامڵترینیانە، تەنها لە بونیاتنان و چاکسازیی دینی دا، کورت نەبۆەتەوە بەڵکوو یاسا و حوکمەکانی هەموو کاروباری ژیان و پرسەکانی خەڵکی گرتۆتەوە و ئیمامی حوسێن (علیه السلام) وارسی پێغەمبەران و هەڵگری سەرجەم پەیامەکانیان گوزارشتی لەو پڕۆژە بونیاتنەرانە گشتگیرە کردووە لە وتە پیرۆزەکانی دا، و ئاماژەی بۆ سەرجەم ئەو بوارانە کردووە. لە بواری ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی دینی دا، فەرموویەتی (علیهم السلام): «من بۆ خۆبەزلزانین و لووتبەرزی دەرنەچووم، هەروەها وەک خراپەکار و ستەمکاریش دەرنەچووم، بەڵکو بۆ داوای چاکسازی لە ئوممەتی باپیرەم دا (صلی الله علیه وآله) هەستاوم و دەمەوێ ئەمر بە مەعروف بکەم و نەهی لە مونکەر. هەر وەها لە سەر ڕێگەی باپیرەم و باوکم عەلیی کوڕی ئەبو تالیب (علیهما السلام) دەڕۆم». لە بواری چاکسازیی یاسایی دا، فەرموویەتی (علیه السلام): «من بانگتان دەکەم بۆ لای کیتابی خودا و سوننەتی پێغەمبەرەکەی، چونکە سوننەت مرێنراوە و بیدعەت زیندوو کراوەتەوە، ئەگەر گوێم لێ بگرن و گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بن، ڕێی ڕاستتان نیشان دەدەم». واتە ئەو تاغووتانە کارکردن بە دەستووری قورئانیان ڕاگرتبوو و ئیمام (علیه السلام) بانگیان دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دەستوور کە قورئانە و یاسا ڕوونکەرەوەکانی کە سوننەتی پیرۆزە و لە بواری ئاوەدانکردنەوەی سیاسی و ڕوونکردنەوەی کەسانی شایستەی ئیمامەت و ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیی کاروباری ئوممەت فەرمووی (علیه السلام): «سوێند بە گیانی من ئیمام کەس نییە جگە لە کەسێک کە کار بە کیتاب دەکات و دادپەروەری بەجێ دێنێت و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنێتەوە و خۆی دەگرێتەوە لەبەر زاتی خودا». هەروەها هۆکاری خراپە و گەندەڵیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی و لەدەستچوونی ماف و دادپەروەری دەگێڕێتەوە بۆ دەستەڵاتدارە ناشەرعییەکان بەسەر کاروباری خەڵکی دا، پاش ئەوەی هەموو تاکەکان بەرپرسیارێتیی گۆڕانیان خستە ئەستۆی فەرمووی (علیه السلام): «هەر کەسێک دەسەڵاتدارێکی ستەمکار ببینێت کە حەرامی خودا حەڵاڵ دەکات و پەیمانی خودا لەبیر دەکات و پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله وسلم) بێت و لە نێو بەندەکانی خودا دا، خراپە و دوژمناکاری بکات، پاشان بە هیچ قسە و کردارێک نەگۆڕێ، ئەوە لە سەر خوایە کە تووشی بەڵای خۆی بکات». هەر وەها لە شیکارییەکەی دا فەرموویەتی: «زانیوتانە کە ئەوانە گوێڕایەڵی شەیتانن و پشتیان کردۆتە گوێڕایەڵیی ڕەحمان، گەندەڵییان دەرخستووە و جێبەجێکردنی حوکمی خودایان هەڵوەشاندۆتەوە و دەستکەوتەکانیان بۆ خۆیان بردووە، حەڵاڵی خودایان حەرام کردووە و حەرامی خوداشیان حەڵاڵ کردووە و من لەپێشترم لە غەیری خۆم لەم بوارەدا بەهۆی نزیکیم لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وآله)»، لە ڕیوایەتێکی تر دا فەرموویەتی: «من لەپێشرم کە دینی خودا سەربخەم و شەریعەت بەرز ڕاگرم و لە پێناوی دا، جیهاد بکەم تا وشەی خەدا بەرزترین بێت».
سەرچاوە : قبسات من نور القرآن – القبس، ر. 58
3. بەردەوامیی سەرخستنی حوسەینی
ئیمامی حوسێن (علیه السلام) کاتێک کە ڕۆژی عاشوورا بەردەوام دەیگوتەوە: "ئایا پشتیوانێک هەیە؟" چاوەڕوانیی لەو تاغووتانە نەبوو کە خودا مۆری لە دڵیان دابوو کە هیدایەت وەرگرن و چاکسازی بکەن، بەڵکو مەبەستی بوو ئەو بانگەواز و هاوارە دەنگ بداتەوە بۆ سەرجەم نەوەکان بە درێژایی سەردەمەکان تا سەری بخەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی و هاوار و بانگەوازەکەی تا ئەو کاتەی واقیعی خراپ و گەندەڵ بمێنێتەوە کە ئیمام حوسەین (علیه السلام) لە دژی ڕاپەڕی بۆ گۆڕینی و دامەزراندنی جێگرەوەی باش لەجێی. کە واتە با هەر کەسەو لای خۆیەوە سەری بخات بەگوێرەی پێگەی خۆی و بە گوێرەی ئەو کارەی بۆی دەکرێت. کە واتە هەندێک لە شێوازەکانی زیندووکردنەوەی دروشمەکانی ئیمام حوسەین (علیه السلام) لە هەندێک قبووڵ دەکرێت و لە هەندێکی تر قبووڵ ناکرێت چونکە غەیری ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، باش سەرنج بدەن.
4. سەرخستنی ڕاستەقینەی ئیمام حوسەین (ع)
لەڕێی بەرجەستەکردنی بنەماکانی شۆڕشی حوسەینی و بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی دا، بانگەوازی ئیمام حوسەین (علیه السلام) کە فەرمووی : "ئایا پشتیوانێک هەیە؟" هێشتا بەردەوامە و لە هەموو لایەکی زەوی دووپات دەبێتەوە، ئەو داوای سەرخستن بە شمشێر و هاوشێوەی ناکات چونکە قەزا و قەدەری ئیلاهی بە شەهیدبوونی خۆی و بنەماڵەکە (علیهم السلام) تەواو بوە، بەڵکو داوای پشتیوان دەکات کە لە سەرخستنی پڕۆژەکەی دا و تەواوکردنی پەیامەکەی دا لە چاکسازی ئوممەت و ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر و وەستانەوە بە ڕووی پێشەوایانی گومڕایی و دەسەڵاتدارانی ستەمکار و ڕزگارکردنی خەڵک لە دیلیی تاغووتەکان و شەیتانە مرۆڤ و جنییەکان.
5. چۆن دەبین بە ئەهلی (يا ليتنا كنّا معكم - خۆزگە لەگەڵتاندا دەبووین)؟
هەموومان بە زمان و ویژدانمان ئیمام حوسەین (علیه السلام) و هاوەڵە باشەکانی دەدوێنین بە "خۆزگە لەگەڵتان دا، دەبووین چونکە سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەست دەهێنا" و بەداخەوەین کە لەگەڵ ئەو نەوەیە دا، نەبووین کە هاوسەردەمی مەعسوومین (علیهم السلام) بوون و شەرەفی دیداریان و سەرخستنیان و بەدەستهێنانی شەهیدی لەبەر دەستیان دا، بە نسیبمان نەبوو، ئێمە باوەڕمان وایە کە خودا عادلە و دەرفەتی هاوشێوە دەدات بە بەندەکانی تا لێی نزیک ببنەوە. ئایا خودا ئەو نەوەیەی بەشدار کردووە لەو دەرفەتە و ئێمەی بێبەش کردووە لێی؟ ئەمە پێچەوانەی ئەو حەقیقەتە جێگیرەیە، کەواتە ئەو دەرفەتە کە گونجاوە بۆ ئێمە چییە؟ ئەوە بەجێگەیاندنی فەرزی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەرە لە وتەی ئەمیری ئیمانداران دا (علیه السلام) کە فەرمووی: «هەموو کردەوە چاکەکان چین؟ جیهاد لە پێناوی خودا دا لە کاتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە وەک فوویەک وایە لە دەریایەکی شەپۆلدەر دا».