بەراوردێک لە نێوان سدیقەی تاهیرە، فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) و مەریەمی کچی عیمران*

| |عدد القراءات : 722
بەراوردێک لە نێوان سدیقەی تاهیرە، فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) و مەریەمی کچی عیمران*
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

 

بەراوردێک لە نێوان سدیقەی تاهیرە، فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) و مەریەمی کچی عیمران*

 ئێمەی شوێنکەوتووانی ئالوبەیت (علیهم السلام) وابەستەییەکی دەروونیی تایبەتمان هەیە بە سدیقەی تاهیرە مەریەمی کچی عیمرانەوە هەیە لەبەر ئەوەی هاوشێوەی خاتوو فاتیمەی زەهرایە (علیها السلام) لە زۆر سیفەتدا وێڕای پاراستنی پلەوپایەی گەورەتری خاتوو زەهرا (علیها السلام) لەو سیفەتانەدا.

ئەو لە نووری گەورەی ژنانی جیهان، فاتیمەی زەهرا (علیها السلام)ی وەرگرتووە و لە میحرابەکەیدا دەدرەوشایەوە. لە ڕیوایەتێکدا لە ئیمام باقر (علیه السلام) دەگێڕنەوە [کە فەرموویەتی:] جوانترین ئافرەت بووە و کاتێک نوێژی دەکرد میحرابەکە بە نووری ئەو ڕووناک دەبۆوە.[ 1] 

مەریەم موحەدەسە (ئیلهام وەرگر) بووە کە یەکێکە لە ناوەکانی خاتوو فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) کە فریشتەکان لەگەڵی دەدوان هەروەک خوای گەورە لەبارەیەوە فەرموویەتی: (وَإِذْ قَالَتِ الْمَلائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَاكِ وَطَهَّرَكِ وَاصْطَفَاكِ عَلَى نِسَاء الْعَالَمِينَ) (آل عمران:42) واتە: فریشتەکە گوتی ئەی مەریەم! خودا هەڵی بژاردوویت و پاکی کردوویتەوە و بەسەر ژنانی دونیادا هەڵی بژاردوویت. هەروەها (فَأَرْسَلْنَا إِلَيْهَا رُوحَنَا) (مريم:17) واتە: فریشتەی خۆمان بۆ نارد. لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرموویەتی: فاتیمە (علیها السلام) لەبەر ئەوە ناونراوە موحەدەسە چونکە فریشتە لە ئاسمانەوە دەهاتنەخوار و قسەیان لەگەڵ دەکرد هەروەک چۆن لەگەڵ مەریەم دەدوان و دەیانگوت: ئەی فاتیمە! خودا هەڵی بژاردوویت و پاکی کردوویتەوە و بەسەر ژنانی دونیادا هەڵی بژاردوویت. ئەی فاتیمە قونووت بخوێنە بۆ خودای خۆت و سوجدە بەرە و لەگەڵ نوێژخوێنان ڕکووع بەرە؛ جا قسەیان لەگەڵ دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکردن. شەوێکیان پێی گوتن: مەگەر مەریەمی کچی عیمران بەسەر ژنانی دونیادا هەڵنەبژێراوە؟ گوتیان: مەریەم گەورەی ژنانی جیهانی خۆی بووە و خوای گەورە تۆی کردووە بە گەورەی ژنانی جیهانی خۆت و ئەویش و گەورەی ژنانی سەرەتا و کۆتایی. [2]

لەبارەی سیفەتی پاککردنەوەوە خوای گەورە لەبارەی مەریەمەوە فەرموویەتی: (وطهرك) بەڵام لەبارەی ئالوبەیتەوە (علیهم السلام) ئایەتی تەتهیری دابەزاندووە: (إِنَّمَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيُذْهِبَ عَنكُمُ الرِّجْسَ أَهْلَ الْبَيْتِ وَيُطَهِّرَكُمْ تَطْهِيرًا) (الأحزاب:33). واتە: خودا تەنها دەیەوێت پیسیتان لێ دوور خاتەوە ئەی ئالوبەیت! و بەڕاستی پاکتان کاتەوە.

لە هەڵبژاردن و گەورەییدا مەریەم کراوە بە گەورەی ژنانی جیهان، فاتیمەش (علیها السلام) هەر وایە. جیاوازییەکەشیان ئەوەیە کە ڕیوایەتەکەی موفەزەڵی کوڕی عومەر باسی کردووە کە وتی: بە ئەبوعەبدوڵڵا، ئیمامی سادقم (علیه السلام) گوت: لەبارەی کەلامی پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیه وآله) ڕوونکردنەوەم بدەرێ کە فەرموویەتی فاتیمە گەورەی ژنانی جیهانیانە، ئایا گەورەی ژنانی جیهانەکەی خۆیەتی؟ فەرمووی: ئەوە بۆ مەریەم وایە، ئەو گەورەی ژنانی جیهانەکەی خۆی بوو و فاتیمە گەورەی ژنانی جیهانە هی یەکەمین و دوایینیش. [ 3]

خۆ ئەگەر ئایەتی (على نساء العالمين) بە ڕەهایی وەربگرین کە تایبەت بە سەردەمی خۆی نەبێت هەروەک لە تەفسیری میزاندا باس کراوە، دەڵێین بەڵێ، بەڵام هەڵبژاردنەکە تایبەتە بە هەندێک نیشانە، وەک ئەوەی لە سکپڕی و منداڵبوونیدا لەگەڵیدا بوو، لەکاتێکدا کە هەڵبژاردنی فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) ڕەهایە و ئەوەش جیاوازیی نێوان هەڵبژاردنە کە بە حەرفی (علی) بووە بە موتەعەددی وەک ئەوەی لەبارەی مەریەمەوە هاتووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕەها. هەڵبژاردنی موتەعەدی بە (علی) بە واتای پێشکەوتنە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕەها بەواتای تەسلیمە، بەم پێیەش هەڵبژاردنی بەسەر ژنانی جیهاندا بەواتای پێشخستنیەتی بەسەریاندا. کەواتە پێشخستنتی مەریەم لە هەندێک ڕووەوە بووە، بە شێوەیەک کە هیچ شتێک تایبەت نەبووە بەو لەنێو ژناندا مەگەر ئەو شتە سەرسووڕهێنەرەی کە لە لەدایکبوونی مەسیح (علیه السلام) هەیبووە و ئەمەش ڕووی هەڵبژاردنەکەیەتی بەسەر ژنانی جیهاندا. [4]

لەبارەی هێنانەدونیای مەعسوومانی پاک (صلوات الله علیهم اجمعین) خودا لە شەیتان پەنای داون. لە فەرموودەیەکی ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) و لە باسی هاوسەرگیریی لەگەڵ فاتیمە (علیها السلام) و نزای پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) بۆیان، هاتووە کە فەرموویەتی: (بەناوی خوداوە هەڵسە و بڵێ: لەسەر بەرەکەتی خودا و ئەوەی خودا بیەوێت، هیچ هێز و وزەیەک نییە بەهۆی خوداوە نەبێت، پشتم بە خودا بەست، پاشان هاتە لام کاتێک لای ئەو دای نیشاندم و فەرمووی: خودایە ئەوانە خۆشەویستترین دروستکراوی تۆن لای من، کەواتە خۆشت بوێن و بەرەکەت بخەرە نەوەکانیانەوە و لەلایەن خۆتەوە پارێزەریان بۆ دابنێ و من خۆیان و نەوەکانیان بەتۆ پەنا دەدەم لە شەیتانی ڕەجیم). [ 5]

لەبارەی ئەو ڕزقەشەوە کە لە میحرابەوە بۆی دەهات لەلایەن خودای مەزنەوە، لە ڕیوایەتی هاوەڵی بەڕێز حەزەیفەی کوڕی یەماندا لەبارەی خۆراکێکەوە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لەگەڵ هاوەڵانیدا لە ماڵی فاتیمەدا بینییان کە لەوەوپێش نەیان بینیبوو، هاتووە، تا دەگاتە ئەوەی گوتی: پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) هەڵسا و چوو بۆلای فاتیمە (علیها السلام) و گوتی: ئەمەت لەکوێ هێناوە ئەی فاتیمە؟ وەڵامی دایەوە و ئێمە گوێمان لێی بوو گوتی: ئەوە لەلایەن خوداوەیە، خودا هەرکەسێک بیەوێ ڕزقی دەداتێ بەبێ حساب. پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) هاتە دەرەوە و فەرمووی: سوپاس بۆ ئەو خودایەی نەیمراندم تا ئەوەم لە کچەکەم بینی کە زەکەریا لە مەریەمی دیبوو کاتێک کە چووە میحرابەکەیەوە و ڕزقێکی لا بینی و گوتی: ئەی مەریەم! ئەمەت لە کوێ بوو؟ گوتی: ئەمە لەلایەن خەداوە بۆم هاتووە، خودا ڕزقی هەرکەسێک دەدات پیی خۆش بێت بەبێ حساب. [6]

گواستنەوەی ئەم بەیتە شیعرانەم لا پەسەندە دەربارەی بەراوردی هەندێک لە بارودۆخی سدیقەی مەزن فاتیمەی زەهرا (علیها السلام) و سدیقە مەریەم:

 

 

ئەگەر  گوترا حەوا، دەڵێم فاتیمە فەخریەتی، ئەگەر گوترا مەریەم، دەڵێم فاتیمە گەورەترە

ئایا مەریەم باوکێکی وەک موحەممەدی هەبوو؟ یان مەریەم وەک فاتیمە بەچکەشێری هەبوون؟

هەریەکەیان لە کاتی منداڵبووندا حاڵەتێکیان هەبوو کە عەقڵی کەسانی خاوەن ژیریی سەرسام دەکرد.

ئەمیان پەنای بردە بەر دارخورمایەک، بەسەریدا خورما وەری و ئەویش لێی خوارد.

عیسای هێنایە دونیا و هیچ ترسیشی نەبوو، چۆن بترسێت کاتێک پارێزەرە نهێنییەکەی بەهێزترینە؟

کچی پێغەمبەر ڕووی کردە دیوار و دەرگاکە و ئەوەی لەسکیدا بوو لەبار چوو

کەوت و منداڵەکەی لەبار چوو و بەدەوریەوە لە هەموو خراپەکارێک کۆبووبوونەوە

ئەمیان دەیچەوساندەوە و ئەویان لێی دەدا، ئەمیان لێی بۆی دەچووەوە و ئەوی دی شەقی لێ دەدا

لەبەردەمیدا ژیشکێک شێری شیرانی بە گوریسێک ڕادەکێشا، ئایا کێشەی وەک ئەمە هەیە؟

لە قیامەتدا فاتیمە دێت و هانا لای خودای ئاسمان شکات دەکات و دەناڵێنێ

ئاسمانەکان هاوارەکەی دەبیستن و منداڵەکەی دەناسن و دێنە لەرزە. [7]

 

 

ــــــــــــــــــ

* -لە بڵاوکراوەی الصادقین ژمارە ٢٠٢ لاپەڕەی دووەم ٢٧/ زیلقەعدەی ١٤٤١ک بڵاو کراوەتەوە.

 [1] - البرهان في تفسير القرآن: 2/33 عن تفسير العياشي:1/193

[2] - علل الشرائع:1/216 ، تفسير نور الثقلين 1/337

[3] - البرهان في تفسير القرآن: 2/216 ح 7 عن معاني الأخبار للصدوق: 107 ح 1

[4] - الميزان في تفسير القرآن:3/218

[5] - أمالي الشيخ الطوسي: 40، تفسير نور الثقلين:1/333

[6] - البرهان في تفسير القرآن:2/216 ح 8 عن آمالي الشيخ الطوسي:2/227

[7] - ديوان الشيخ محسن أبو الحب الكبير/ ص 128