پەندوەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

پەندوەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا
بەناوی خودای گەورە
مەڕجەعی دینی، ئایەتوڵڵا یەعقووبی: پەندوەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا
1. زۆربەی ئەو ڕووداوانەی دەبنە هۆی زیان و کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵ، ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و سوودبەخشی هەبێت ئەگەر لە ڕەهەندێکی ترەوە سەرنجی بدرێت. ئەم مانایە لە فەرمایشتی خودادا دەبینرێت کە دەفەرموێت: (له باب باطنه فيه الرحمة و ظاهره من قبله العذاب)[1][1] (الحديد:13). واتە: دەرگایەکی هەیە کە لە ڕووکاری ناوەوە ڕەحمەتە و بە ڕواڵەتیش عەزابە.
2. ڕوانین لە کاروبارەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی یارمەتیدەرە بۆ هاوسەنگیی ناخ و دڵنیایی دەروون. ڕازیبوون بەوەی کە ڕوو دەدات و خۆڕزگارکردن لە دڵەڕاوکێ و بێزاری کە دەبنە هۆی قورسکردنی ژیان و مرۆڤ بەرەو نائومێدی و تێکشکان دەبەن و هانی دەدەن بۆ ناڕەزایەتی و سەرکێشی، لە ڕووی پزیشکییشەوە بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان دەبێتە هۆی لاوازیی بەرگری و گریمانەی تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکات.
3. بەم تێڕوانینە ئەرێنییەوە دەگونجێ پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشییەو بگۆڕێت بۆ چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و فیکرییەکان. ئەم ڤایرۆسە بەهۆی ئەو ترس و دڵەراوکێ و لاوازییەی کە دروستی کردووە توانیویەتی خەڵک لە حاڵەتی غەفڵەت و سەرکێشی بەرانبەر بە خودا ڕزگار بکات و بەرەو دۆخی تەسلیمبوون و گوێڕایەڵی بۆ دەستەڵاتی ناکۆتای خودای بردوون، وای لێ کردوون هانا تەنها بۆ خودا دەبەن بۆ ئەوەی بەڵاکەیان لەکۆڵ بکاتەوە.[2]
4. ئایەتەکە حەقیقەتی ئەم ئایەتە پیرۆزەی دەرخست: (مثل الذين اتخذوا من دون الله أولياء كمثل العنكبوت اتخذت بيتاً وإن اوهن البيوت لبيت العنكبوت) (العنكبوت\41) واتە: نموونەی ئەوانەی لە غەیری خودا کردووتانن بە پاڵپشتی خۆتان وەک جاڵجاڵۆکە وان کە خانوو دروست دەکات. لاوازترین خانووش خانووی جاڵجاڵۆکەیە.
لاوازیی هێزە ماددییە فیرعەونییەکان دەرکەوت کە گومانیان دەکرد هەموو شتێکیان لەدەست دێت و هیچ شتێکیان لەدەست دەرناچێت، وا دەبینین لەشکر و سوپاکانیان و تەکنەلۆجیاکانیان کە بۆ جەنگی ئەستێرەکان ئامادەیان کردبوون چ بگات بە زەوی، بە دەستەوسانی وەستاون لە بەرانبەر ڤایرۆسێکدا. ڤایرۆسەکە بڕێکی زۆری ئەو پارە و داهاتەی بۆ قەڵغانی سەربازی و دوژمنایەتیی گەلان تەرخانیان دەکرد خستیە خزمەتی خزمەتگوزاریی تەندروستی و هاریکاریی خەڵکییەوە. هەروەک چۆن کۆنفرانسەکانیانی ڕاگرت کە بۆ پلاندانانی گڵاو بۆ ستەمکردن لە گەلان و دزینی سامانەکانیان ئەنجامیان دەدا.
5. تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زەمینەیەکی باش بوو بۆ دەرکەوتنی ئەخلاقی گەلان و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانیان و بەها و مەبدەئەکانیان. لە کاتێکدا زۆر لە خۆبەخشانی وڵاتانی ئێمە خۆیان گەیاندە تووشبووەکان بۆ چارەسەرکردن و خزمەتکردیان و کفن و دفنی مردووەکان بە ڕێز و کەرامەتەوە، هەروەها هاوکاریی ئەو خێزانانەی کە سەرچاوەی داراییان ڕاوەستاوە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینەوە لەڕێی سەبەتەی خواردنی خۆڕایی و پاککردنەوەی ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەکان. هەندێک لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا داوای جێبەجێکردنی ڕێگریی مێگەلی دەکەن کە بە واتای ئەوە دێت هیچ ڕێکارێک نەگیرێتە بەر بۆ خۆپارێزی لە پەتاکە و ڕێگە بدرێت پەتاکە فراوانیی خۆی وەربگرێت و خەڵکی تووش ببن تا ئەوەی بەرگریی بەهێزە ڕزگاری ببێت و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە بەبێ فەراهەمکردنی ئامێر و چاودێری پشتگوێ بخرێن تا ئەو کاتەی ڤایرۆسەکە بەهۆی بەرگریی ڕزگاربووان و مردنی کەسانی لاواز کۆتایی بێت. لەپێناو ئەوەی کە دەوڵەت بڕەپارەی یارمەتیی کۆمەڵایەتی نەبەخشیت پێیان کە وەک بارێکی قورس لەسەر دەوڵەت هەژمار دەکرێت لە ڕوانگەی ئەوانەوە. وێڕای ئەوەی کە ئەوەی پێیان دەدرێت لە ئەنجامی ئەوباجانەوەیە کە پێشتر لە ماوەی کارکردنیاندا ئەمان داویانە بە دەوڵەت. بەمەش کەرامەتی مرۆیی ژێرپێ دەخرێت لای ئەوان بەتایبەت بەتەمەنەکان کە لە شەریعەتەکەی ئێمەدا شایستەی زۆرترین ڕێز و تەقدیرن.
6. هەموو ئەوەی کە ڕووی دا یان ڕوو دەدات مرۆڤایەتی بەرەو پێداچوونەوە بە بیروبۆچوون و ڕەفتار و مەبدەئەکان و ئەولەوییەتەکان بانگهێشت دەکات. هەروەها ئەوە فەرز دەکات کە نوخبەی بیرمەندان و فەیلەسووفان و تیۆریسیەنەکان داوای بزووتنەوەیەکی گۆڕانی گشتگیر بکەن بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هۆکارەکان و ئەنجامەکانی پێش لەدەستدانی کات، چونکە ئێمە پارێزراو نیین لە بەڵایەکی دی کە تەنانەت ئەو هۆکارانەش کە لە گەمارۆدانی کۆرۆناشدا بە شێوەی ڕێژەیی سەرکەوتوو بوون چاری نەکەن.
7. تووشبوون بەم پەتایە یەکێکە لە بەرەنجامە زۆروزەوەندە خراپەکانی کە مرۆڤ بەهۆی ڕەفتاری خراپیەوە خۆی و کۆمەڵگەشی تووش کردووە (وما أصابكم من مصيبة فبما كسبت أيديكم ويعفو عن كثير)[3] (الشورى:3) واتە: ئەوەی تووشتان دەبێ بەهۆی کردەوەی خۆتانەوەیە و هێشتا خوا لە زۆر شتیش خۆش دەبێت. خوای گەورە گەلێک لەم دەرد و بەڵایانە لە مەخلووقەکانی دوور دەخاتەوە. ( له معقبات من بين يديه ومن خلفه يحفظونه من امر الله) (الرعد:11) واتە: پارێزەرانێک لە پێشەوە و دوایەوەی بە فەرمانی خودا دەیپارێزن {إِنَّ رَبِّي رَحِيمٌ وَدُودٌ} [هود : 90]. پەروەردگاری من بەبەزەیی و میهرەبانە.
8. ئەم پەیوەندیی خۆشەویستی و میهرەبانییە کە لەسەر بنەمای ڕەحمەت لە نێوان خودای گەورە و بەندەکانیدایە، هەرچەند تاکلایەنەیە و لەلایەن خوداوەیە چونکە مرۆڤ ناتوانێت مافی ئەو پەیوەندییە بدات،[4] بەڵام خودای گەورە بەرژەوەندیی بەندەکەی لەوەدا دەبینێت کە ئازادی بکات، بەبێ ئەوەی تەداخولی بکات و بەهۆی فریشتەوە بەرگریی لێ بکات، پاش ئەوەی سەرکێشییەکانی درێژە دەکێشێت و زیان بە خۆی و ئەوانی دییش دەگەیەنێت، وازی لێ دێنێت کە بەدەست ئەنجامی کارەکانی خۆیەوە بناڵێنێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، بەشکو تەوبە بکات و کارە خراپەکانی چاک بکات.[5]
9. پێویستە لەسەر ئیمانداران کە پەند وەرگرن لە مەحروومبوونیان لە زیارەتی ماڵی خودا و مزگەوتی شەریفی پێغەمبەر و مەزارگەی پیرۆزی مەعسوومین (عليهم السلام) و چۆڵبوونی مزگەوتەکان لە نوێژی جەماعەت و زیکر و دوعا تێیاندا، هەروەها دەبێ وریا بن لەوەی ئەو ئایەتە نەیان گرێتەوە کە دەفەرموێت: (وان تتولوا يستبدل قوماً غيركم ثم لا يكونوا امثالكم) (محمد:38). واتە: ئەگەر ڕووتان وەرگێڕا خەڵکانێکی تر دێنێت جگە لە ئێوە و پاشان وەک ئێوەش نابن.
موحەممەد ئەلیەعقووبی- نەجەفی ئەشرەف
28/رجب/1441
23/3/2020
[1] . بڕوانە تەفسیری ئایەتەکە لە موسوعة خطاب المرحلة: ج8/ص164 – و تفسير (من نور القرآن): ج/1 ص 272 بعنوان: موعظة من سورة الحديد.
[2]. هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا کە ڕێیان لە پەخشکردنی دەنگی بانگ دەگرت لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە وەک ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئەڵمانیا، ڕێگەیان دا بە بڵاوکردنەوەی دەنگی بانگ لەپێناو ئارامکردنەوە و دڵنیابوونەوەی هاوولاتیاندا. ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممەی ١٥/٣/٢٠٢٠ وەک ڕۆژی نیشتیمانیی نزا ڕاگەیاند. هەندێک لە ئاژانسەکانی دەنگوباس لە ڕێکەوتی ١٩/ ٣/ ٢٠٢٠ وتەیەکی جۆسێپی کۆنتیی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیایان گواستەوە کە دەڵێت: "کۆنترۆڵمان لەدەست داوە، پەتاکە لەڕووی دەروونی و جەستەیی و عەقڵییەوە لەناومان دەبات، ئیدی نازانین چی بکەین، سەرجەم ڕێگەچارەکانی سەر ڕووی زەوی کۆتاییان هات، چارەسەر تەنها لە ئاسمانە" شیاوی باسە ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی مردنی بە پەتاکە هەیە، هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان پاش چەند ڕۆژێک بە پەرۆشەوە ئەوەیان ڕەت کردەوە کە بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەو لێدوانە لەلایەن کۆنتییەوە درابێت و ئیتاڵیان تەسلیمبوونی بەرانبەر بە پەتاکە ڕانەگەیاندووە. ڕەنگە ئەو لێدوانە دزەپێکراو بێت و شتێکیشی تێدا نەبوو کە مایەی بێزارکردن بێت کە هێندە سووربوونی پێویست بێ لەسەر ڕەتکردنەوەی جگە لەوەی پاڵپشتیی تێدایە بۆ دین.
[3]. بڕوانە موسوعة خطاب المرحلة: خطاب المرحلة ج11/ص201- و تفسير (من نور القرآن): ج/4 ص272 بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ئایەتە پیرۆزە.