وەبیرهێنانەوەیەک لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا

وەبیرهێنانەوەیەک لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا[1]
دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان بریتییە لە ڕووح و کڕۆکی مانگەکە و تیایدا بەندە بەرهەمی کردەوە چاکەکانی دەچنێتەوە و بە فەزڵی خودای گەورە ئەنجامەکانیشی هەست پی دەکات و تیایدا خودای گەورە لوتف و منەتی زۆر بە بەندەکانی دەبەخشێت و بەرەکەت دەخاتە سەر سفرە و خوانەکان زۆر زیاتر لەوەی لە مانگەکان و ڕۆژەکانی تردا بەخشیبووی.
هەر ئەوەندە بەسە لە بەرزی و مەزنییدا کە شەوی قەدری تێدایە کە لە هەزار شەو باشترە. هەروەها شەوی کۆتایی تێدایە کە ڕیوایەت کراوە خودا هێندە بەندەی خۆی لە ئاگر ڕزگار دەکات کە یەکسانە بەوەی کە لە کۆی مانگەکەدا ڕزگاری کردووە.[2]
لەبەر ئەوەیە کە ئەم دە ڕۆژە گرنگیی تایبەتی پێ دراوە لەلایەن پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله وسلم) و ئیمامە پاکەکانەوە (علیهم السلام). لە ڕیوایەتێکی سەحیحدا، حەلەبی لە ئەبووعەبدوڵڵای سادق (علیه السلام) دەقڵ دەکات کە فەرمووی: پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله وسلم) کاتێک دە شەوی کۆتایی دەهات لە مزگەوت ئیعتیکافی دەکرد، شوێنێکی لە خوری و موو بۆ دروست دەکرا و قۆڵی لێ هەڵدەماڵی و جێگای نووستنەکەی دەپێچایەوە.[3]
هەروەها لە ئیمامی سادقەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە ئەویش لە باوانیەوە ڕیوایەتی کردووە کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله وسلم) فەرموویەتی: ئیعتیکافی دە شەوی کۆتاییی ڕەمەزان یەکسانە بە دوو حەج و دوو عومرە.
ئەوە ڕوونە کە مەبەست لە ئیعتیکاف ڕووح و جەوهەری ئیعتیکافە کە بریتییە لە دابڕان لە هەموو شتێک کە لە خودات دوور دەخاتەوە و سەرقاڵت دەکات چ بگات بە دووری کردن لە گوناهـ.. ئەمەش لە هەموو شوێنێک دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، واتە لە ماڵ و شوێنی کار. بەڵام ئیعتیکاف لە مزگەوتی گەورەدا کە لانی کەمەکەی سێ ڕۆژ بێت لەڕووی شەرعەوە باشترە لە ڕووی شکڵ و ناوەڕۆکەوە.
پێشینە چاکەکان لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆیشتوون بە چاوکردن لە پێغەمبەرە مەزنەکەیان (صلی الله علیه و آله وسلم) کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر کەم دەکردەوە و شێوازی ژیانیان دەگۆڕی و شتە لاوەکییەکانیان وەلا دەنا وەک شتە موباحەکان بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ عیبادەتی خودای خۆیان و نزا و موناجات و سەرقاڵبوون بەو شتانەی دەبنە هۆی نزیکبوونەوە لە خودای مەزن.
ئەو لوتفە ئیلاهییە زیادەیەی کە خودا لە دە ڕۆژی کۆتاییی ڕەمەزاندا دەیبەخشێت بە بەندەکانی. ئیمانداران هەست بەو لوتفانە دەکات بەهۆی تازەبوونەوەی وزەیەکی زیادە کە لە هەناویاندا دەبزوێت و گوڕوتینێکی زیادتر وەردەگرێت بۆ عیبادەتی خودا و هیممەتی زیاتر دەبێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەو کارانەی کە لە کاتەکانی تردا لەتوانایدا نەبوون.
کتێبەکانی سوننەت و موستەحەبات کردەوەگەلێکیان لەخۆ گرتووە تایبەت بەم شەوانە کە بەرنامەگەلێک پێک دێنێت کە ئیمانداران خوویان پێوە دەگرن و خوازیارانی نزیکبوونەوە لە خودا تامەزرۆیان دەبن. ئەوانەش لەژێر چەند ناونیشانێکدا دابەش دەبن، وەک کردەوە گشتییەکانی مانگی ڕەمەزان، کردەوە هاوبەشەکانی دە شەوی کۆتایی، کردەوە تایبەتەکانی هەر شەوێکی مانگەکە، وێرای کردەوە هاوبەش و تایبەتەکانی شەوانی قەدر لەو شەوانەدا کە گریمانەی قەدریان تێدا دەکرێت.
پێویستە ئاوڕ لە جۆرەکانی تری عیبادەت و مەعنەویات بدرێت، وەک لێپرسینەوەی نەفس و بیرکردنەوە لەو سەرپێچییانەی ئەنجامت داون و پەشیمانبوونەوە و تۆبەکردن لێیان. هەروەها بیرکردنەوە لە پێوەندیکردن لەگەڵ خوای گەورە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە وەک خۆشویستنی و هەستکردن بە کەموکورتی بەرانبەر نیعمەتە مەزنەکانی و شەرمەزاری لە بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکانی بەندایەتی. هەروەها یەکێک لە کردەوەکان بریتییە لە گوێگرتن لە ئامۆژگاری و ئەو پەند و قسانەی کە دڵ نەرم دەکەنەوە. هەروەها خوێندنەوەی ئامۆژگارییەکانی ئیمامانی مەعسووم (علیهم السلام) و ژیاننامەی پیاوچاکان بۆ سەرمەشق وەرگرتن لێیان. هەروەها بەجێگەیاندنی پێداویستیی خەڵکی و دڵخۆشکردنیان. یەکەمین هەستی مرۆڤی ئیماندار کاتێک خودای مەزن دەیگەیەنێتە دە شەوی کۆتاییی ڕەمەزان، بریتییە لە دەسەوسانی لە بەجێگەیاندنی شوکر و سوپاسی خودای مەزندا لەسەر ئەوەی گەیاندوویەتی بەم ڕۆژە پیرۆزانە و پێش ئەوە لەناوی نەبردوون وەک ئەوانەی ئەجەلیان هات و نەگەیشتن بەم شەوە پیرۆزانە. ئەم دە شەوە لە دە شەوی یەکەمی زیلحیججە مەزنترن کە لە نزاکاندا لەبارەیانەوە هاتووە: خودایە! ئەم ڕۆژانە کە پایەت بڵند کردوون و شەرەفت پێ بەخشیون و بە فەزڵ و مەرحەمەتی خۆت منت پێیان گەیاند، دەی بەرەکەتی خۆتمان بەسەردا بڕژێنە و نیعمەتەکانی خۆتمان لەسەر فراوان کە.
ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە دۆخی گشتیی خەڵکی لەم شەوانەدا بریتییە لە سستی و بێتاقەتی بە پێچەوانەی ئەوەی دەبێ هیممەت و هەوڵ و دامەزراویی نەفس بۆ عیبادەت چەندهێندە ببێت. تەنانەت هەندێک کەس واز لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دێنێت پاش ئەوەی کە لە شەوی قەدردا خەتمی دەکات. لە کاتێکدا هەم مانگە هەمووی مانگی بەهاری قورئانە. پێ دەچێت ئەم سستیە چەند هۆکارێکی هەبێت:
1. بێئاگایی لە گەورەیی و پلەوپایەی ئەم شەوانە و ئەو مژدانەی خودا بۆ بەندەکانی ئامادە کردووە.
2. ئامادەکارییەکانی جەژن و خۆ ئامادەکردن بۆ کڕینی جلوبەرگ و ئامادەکردنی خۆراک و دانانی بەرنامەی جەژن.
3. ماندووبوون لە ڕۆژوو و حەزکردن لە گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی موباحەکان.
4. کۆتاییهاتنی مەجلیسی ئامۆژگاری و پەند و بانگەواز و مەراسیمە دینییەکان چونکە لە شەوی ٢١ بەدواوە کۆتاییان پێ دێت و زۆر کەم دەبنەوە، ئەوانیش کە ماون لە شەوی ٢٥ تێ ناپەڕن.
5. بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە فیسق و سەرپێچی و خراپەیە.
ئەم هۆکارانە و هۆکاری تریش بەشدارن لە دوورخستنەوەی خەڵک لە هاتنەمزگەوت و گوێگرتن لەو شتانەی کە بەرەو عیبادەت هەڵیان دەنێت.
لەبەرئەوە پێویستە کاتێک کە پێشوازی لەم شەوانە دەکەین سوودلێبینینی پشتگوێ نەخەین لەڕێی ئەم چالاکییانەوە:
1. بەردەوامبوون لە هاتنەمزگەوت و بەجێهێنانی نوێژەکان بە جەماعەت و بەشداربوون لە نزا بەکۆمەڵەکاندا.
2. سووربوون لە بەجێهێنانی ئیعتیکاف بۆ هەرکەسێک کە بۆی دەگونجێت. چونکە یەکێکە لە سوننەتە هەرە مەزنەکان، هەروەها بەجێگەیاندنی ئەو سوننەتە لە مزگەوتە گەورەکاندا بۆ خەڵکی شار، سەرەڕای ئاگاداربوون لە ئیعتیکافی مەعنەوی کە باسمان کرد. هەروەها بەخۆداچوونەوەی نەفس بە وردی و توندی لەترسی ئەوەی نەبادا تووشی عوجب و ڕیا و شانازیکردن بەسەر خەڵکەوە ببین. لەبەرئەوەی ئەم چالاکیانە گومانی ئەوە دروست دەکەن کە مرۆڤ بکەوێتە ئەو سەرپێچییانەوە، بەوەش مرۆڤ کاری خۆی خراپ دەکات.
3. درێژەدان بە مەجلیسەکانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و زیندووکردنەوەی مەراسیمە دینییەکان و پێشکەشکردنی وتار.
4. سوودبینین لەو ماوانەی خەڵکی زیاتر بەشدار دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو کردەوانەی ئاماژەمان بۆ کرد.
5. زۆر دوعا و تەوەسولکردن بۆ لای خوای مەزن و داوالێکردنی بەهەشت و ڕزگاربوون لە ئاگر و داواکردنی پێشخستنی هاتنی بەقییەتوڵڵاهی مەزن و داوای جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی دونیا و دواڕۆژ بۆ خودی کەسەکە و سەرجەم ئیمانداران.
6. دوورکەوتنەوە لە غەفڵەت و کات بەفیڕۆدان و لەبیرکردنی زیکری خودای مەزن وەک گەمەی موحەیبیس و سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەشداربوون لە مەجلیسی کەسانی بێکاردا.
ئەگەر خودای مەزن ئیخلاسمان تێدا بەدی بکات و ببینێت کە بە تێکڕایی بەرەو ئەو دەجووڵێین، بەڵامان لەسەر هەڵدەگرێت و لەوەی داوامان کردووە زیاترمان دەداتێ چونکە ئەو بەخشندە و میهرەبانە و هیچ لە خەزێنەی کەم نابێت و زۆر بەخشینی لە بەخشندەیی زیاتر دەکات.
[1] . ئەم وتارە، مەڕخەعی بەڕێز شێخ یەعقووبی لە ڕێی کەناڵی ئاسمانیی نەعیمەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیی دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان پێشکەشی کرد لە ئابی ٢٠١١ بەرانبەر بە مانگی ڕەمەزانی ١٤٣٢.
[2] . الكافي: 4/68، التهذيب: 4/193، من لا يحضره الفقيه: 2/60، ثواب الأعمال: 90، أمالي الصدوق: 56.
[3] . (4) وسائل الشيعة: كتاب الاعتكاف، باب 1، ج1، 3.