ئایەتوڵڵا یەعقووبی خوازیاری توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە لەگەڵ گەلی کورددا لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان

| |عدد القراءات : 503
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

ئایەتوڵڵا یەعقووبی خوازیاری توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە لەگەڵ گەلی کورددا لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

دووشەممە ١٤/ ١٠ / ٢٠١٩ ز.

١٥ سەفەر ١٤٤١ ك.

مەڕجەعی دینی، بەڕێز ئایەتوڵڵا شێخ محەممەد ئەلیەعقووبی (سایەی بەردەمام بێ) خوازیاری فراوانکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی و توندوتۆڵکردنیەتی لەگەڵ برا ئیماندارەکان کە نیشتەجێی ناوچە کوردنشینەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەن یان کۆچبەری وڵاتانی دونیا بوون. بەڕێزیان ئەوەی دەستنیشان کرد کە لاوازییەکی بەرچاو لە پێوەندیی نێوان گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدا هەیە و ئاماژەی بۆ چەند هۆکارێک کرد کە لە پشت ئەم بابەتەوەن و هەمووانیشی بە بەرپرسیار زانی لەم بارەیەوە.

بەڕێزیان وتیان بارودۆخی ئێستا لەبارە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە لەم بوارەدا بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پەیوەندی و ئەو کرانەوەیەی کە بە فراوانترین شێوە هاتۆتە دی، وێڕای هەبوونی حەزی ئاشنابوون بە ئیسلامی ڕەسەنی موحەممەدی لای هەمووان. ئەو ئیسلامەی کە ئەهلوبەیتی بەڕێز لە باپیری مەزنیانەوە بۆیان نەقڵ کردووین. (سەڵاواتی خودا لە سەرجەمیان بە گشتی)

بەڕێزیان پێیان وا بوو باشترین ڕێکار بۆ ئەم مەبەستە هاندانی لاوانی وشیار و ڕۆشنبیر و دڵسۆزی کوردە بۆ پەیوەندیکردن بە حەوزە عیلمییە دینییەکانەوە بە مەبەستی بەدەنگەوەچوونی بانگەوازی خودای مەزن کە فەرموویەتی {فَلَوْلَا نَفَرَ مِن كُلِّ فِرْقَةٍ مِّنْهُمْ طَائِفَةٌ لِّيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ} (التوبة 122) بۆئەوەی ببن بە مەشخەڵی نوور و هیدایەتی گەلەکەیان و دووعاکەی ئیمام ڕەزا (علیه السلام) بیان گرێتەوە کە فەرموویەتی خودا ڕەحم بەو عەبدە بکات کە کاروباری ئێمە زیندوو دەکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پرسیاریان لە ئیمام ڕەزا (علیه السلام) کردووە سەبارەت بە چۆنیەتیی زیندووکردنەوەی کاروباری ئەهلوبەیت (علیهم السلام)، فەرموویەتی ئەوەیە کە زانستەکانمان فێر ببن و لەنێو خەڵکدا بڵاویان بکەنەوە. چونکە خەڵک ئەگەر وتە باشەکانی ئێمە بزانن شوێنمان دەکەون. (معانی الأخبار).

هەروەها جەختی لە گرنگیی پێوەندیی نێوان حەوزەی نەجەفی ئەشرەف و شوێنکەوتووان و ئەڤیندارە کوردەکانی ئەهلوبەیت (علیهم السلام) کردەوە، بە پشتبەستن بە ئامرازی جۆراوجۆر وەک ناردنی بانگخوازی کوردیزمان و وەگەڕخستنی بەرنامەی دینی و فیکری و ڕۆشنبیری بە زمانی کوردی، بە مەبەستی بڵاوکردنەوە و قووڵکردنەوەی ڕۆشنبیریی ڕەسەنی مرۆیی و ئیسلامی و ڕوونکردنەوەی ئەخلاق و بنەما دروستەکان کە ئەهلوبەیت (علیهم السلام) دایان مەزراندووە.

هەروەها بەڕێزیان لە چوارچێوەی پێشوازیکردنی لە میوانانی کوردی تورکیا و باکووری عێراق و وڵاتانی ئەورووپا لە کاتی هاتنیان بۆ بەشداری لە زیارەتی ئەڕبەعین فەرمووی ئەم گرنگیپێدانە بەشێکە لە واجبی سەرشانمان سەبارەت بە ڕێنوێنیکردنی خەڵک و پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانیان. بۆ ئەم مەبەستەش بەڵگەی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (صلی الله علیه وآله وسلم) هێنایەوە کە فەرموویەتی هەرکەسێ ڕۆژ بکاتەوە و گرنگی بە کاروباری موسوڵمانان نەدات، لەوان نییە. هەرکەسێکیش گوێی لێ بێ کەسێک هاوار دەکات ئەی موسوڵمانان فریام کەون و گوێی پێ نەدات، موسوڵمان نییە.

هەروەها لە چوارچێوەی باسکردنی ئەو کۆسپانەی ڕووبەڕووی کاری ئیسلامی دەبێتەوە لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە برایانی کورد تێیدا نیشتەجێن، بەڕێزیان ئاماژەیان کرد بۆ چاولێکردن لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لەو ناڕەحەتی و سەختییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە لەپێناو گەیاندنی دەنگی حەق و ڕوونکردنەوەی ڕێنوێنییەکانی دینی پیرۆز. باسی ئەوەشی کرد کە هاوەڵە بەڕێزەکانی وەک سەلمانی موحەممەدی و ئوبووزەڕی غەففاری و عەمماری کوڕی یاسر باج و قوربانیی زۆریان دا لەپێناو پاڵپشتیکردنی ویلایەتی ئالوبەیت و دەستپێوەگرتنی.