پەناگرتن بە خودا لە شەوی پازدەی شەعباندا

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
پەناگرتن بە خودا لە شەوی پازدەی شەعباندا
ئێمە لە مانگی شەعبانداین، ئەو مانگەی کە خێری زۆری لێوە دەردەچێت بۆ ئیمانداران و خەریکە نزیک دەبینەوە لە نیوەی شەعبان کە لەبارەی گەورەیی ئەم شەوەوە لە ئیمام باقرەوە (علیه السلام) ڕیوایەت کراوە کە فەرموویەتی: گەورەترین شەوە دوای شەوی قەدر. لەو شەوەدا خودا فەزڵی خۆی بە بەندەکانی دەدات و بە گەورەیی خۆی لێیان خۆش دەبێت. کەواتە هەوڵی تێدا بدەن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا. ئەو شەوە شەوێکە کە خودای گەورە مەرجی لەسەر جۆی داناوە کە هەرکەسێک هەرچی داوا بکات جگە لە سەرپێچی ڕەتی ناکاتەوە. هەروەها ڕیوایەت کراوە خودای گەورە کە فەرموویەتی: (فِيهَا يُفْرَقُ كُلُّ أَمْرٍ حَكِيمٍ)(الدخان : 4) مەبەستی ئەو شەوەیە. چونکە خودای گەورە ئەجەلی تێدا دیاری دەکات و ڕزقی ساڵێکی تێدا دابەش دەکات و ئەوەی لەو ساڵەشدا ڕوودەدات دایدەبەزێنێت بە گوێرەی فەرمایشتی پێغەمبەر.
کەواتە با ئەم دەرفەتە پیرۆزە بقۆزینەوە بە دوعاکردن بۆ تاکەباقیماوەی خودا لە زەویدا (گیانی سەرجەم جیهانیان بە قوربانی بێ)، بۆ پاراستن و سەرکەوتن و جێبەخۆگرتن و پێشخستنی دەروو لێی، تا ئەو کاتەی سەرزەوی پڕ دەکات لە دادپەروەری هەروەک چۆن پڕبووبوو لە ستەم و زۆرداری. هەروەها بۆ ئەوەی خودا لە خەم و ناخۆشی و دڵتەنگی ڕزگارمان کات و ئەوەی پێی خۆشە و پی ڕازییە بۆمانی هەڵبژێرێ و سەرەنجامی کاروبارەکانمان بە خێر بگێڕێ.
یەکێک لەو نزایانەی لەم بوارەدا ڕیوایەت کراوە، بریتییە لە دوعایەک کە پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) لە ڕۆژی بەدردا کردووەیەتی و ئیمام حوسێن (علیه السلام) لە ڕۆژی عاشوورادا کردوویەتی کە بریتییە لە : (اللَهُمَّ أَنْتَ ثِقَتِي فِي كُلِّ كَرْبٍ ؛ وَأَنْتَ رَجَائِي فِي كُلِّ شِدَّةٍ ؛ وَأَنْتَ لِي فِي كُلِّ أَمْرٍ نَزَلَ بِـي ثِقَةٌ وَعُدَّةٌ، كَمْ مِنْ هَمٍّ يَضْعُفُ فِيهِ الْفُؤَادُ، وَتَقِلُّ فِيهِ الْحِيلَةُ، وَيَخْذُلُ فِيهِ الصَّدِيقُ، وَيَشْمَتُ فِيهِ الْعَدُوُّ، أَنْزَلْتُهُ بِكَ، وَشَكَوْتُهُ إلَيْكَ، رَغْبَةً مِنِّي إلَيْكَ عَمَّنْ سِوَاكَ، فَفَرَّجْتَهُ عَنِّي، وَكَشَفْتَهُ، وَكَفَيْتَهُ، فَأَنْتَ وَلِيُّ كُلِّ نِعْمَةٍ، وَصَاحِبُ كُلِّ حَسَنَةٍ، وَمُنْتَهَى كُلِّ رَغْبَةٍ).
هەروەها دوعایەکی ئیمام سەججاد (علیه السلام) هەیە کاتێک دەیکرد کە کارێکی گرنگ بهاتایەتە پێش، یان بێزاری و دڵتەنگی ڕووی تێکردایە ئەم دوعایەی دەکرد کە لە سەحیفەی سەججادیدا دوعای حەوتەمە و بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: (يامن تُحلَّ به عُقد المكاره).
سەیید ئیبن تاوس لە (مهج الدعوات) ڕیوایەتی دەکات کە هەمزەی قومی نامەی نووسیوە بۆ ئیمامی هادی (علیه السلام) تیایدا سکاڵای حاڵی خۆی کردووە لەوەی وەزیرێکی خەلیفەی عەبباسی بەسەری هێناوە و ترساندوویەتی بەوەی دەیکوژێت، لە وەڵامدا بۆی نووسیوە: ترست لەسەر نییە و کێشەیەکت نایەتە ڕێ و بەم دوعایە بپاڕێرەوە بە زوویی ڕزگارت دەکات و دەرووت لێ دەکاتەوە چونکە ئالوبەیتی پێغەمبەر (صلوات الله علیهم اجمعین) لە کاتی ناڕەحەتی و بەڵا و دەرکەوتنی دوژمندا، هەروەها کاتی ترسان لە هەژاری و دڵتەنگیدا بەم ئەمەیان دەخوێند، ئەویش سەرەتای ڕۆژ دوعاکەی خوێند، هێشتا نیوەی ڕۆژەکە نەڕۆیشتبوو ئازاد کرا و ڕێزی لێ گیرا.
هەروەها داوای یارمەتی لە خودا و پەناگرتنیپێی بە هاواری (يا غياث المستغيثين أغثني). خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی وائیلی ڕووداوێک دەگێڕێتەوە لەبارەی کاریگەریی ئەم دوعایەوە کە پاشایەک بەیانییەک زۆر دڵتەنگ ڕۆژ دەکاتەوە، بێتاقەت و خەمبار دەبێ و هۆکارەکەشی نازانێت. هاوەڵان و ڕاوێژکارانی هەوڵ دەدەن بە هەموو توانایانەوە یارمەتیی بدەن بۆ هاوسەنگبوونەوەی مەزاجی و دڵخۆشکردنی و لابردنی دڵتەنگییەکەی، بەڵام سەرکەوتوو نابن. فەرمانیان پێ دەکات کەشتیگەل ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بچێت بۆ گەشتی دەریایی بەو هیوایەی باش ببێت. ئەوەی پێویستی بوو ئامادەیان کرد و بەرەو دەریا بەڕێ کەوتن. گوێی لە هاواری مرۆڤێک بوو کە داوای یارمەتیی دەکرد. فەرمانی بە پیاوەکانی کرد بچنە ناو دەریا و بۆی بگەڕێن. دۆزییانەوە و ڕزگاریان کرد و هێنایان بۆلای پاشا. لە بارودۆخیی پرسی. وتی: ئێمە لە کەشتییەکدا بووین، دەریا خرۆشا و کەشتییەکە شکا و سەرنشینەکان نقوم بوون جگە لە من کە هانام بۆ خودا برد و هاوارم دەکرد: (يا غياث المستغيثين أغثني) ئەوە بوو ئێوە هاتن و ڕزگارتان کردم.
ئەمانە هەموویان دەرگای ڕەحمەتی ئیلاهین و هۆکاری دابەزینی لوتفی ئەون. داوا لە خودای گەورە دەکەین ئێمەش بگرێتەوە و حاڵی خراپمان بۆ باشترین حاڵ بگۆڕێت و هەرچیی لە کاروباری دین و دونیامان خراپ و شێواوە باشی بکات. لە شوێنەوارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتی بوو لە بەرزبوونەوەی هاوار لە ڕۆژئاوا بەهۆی گەڕانەوە بەرەو لای خودا و تەرکی تاوان و سەرپێچی کە هۆی غەزەبی خودا بوون. [1]
خودای مەزن فەرموویەتی: (وَإِذَا مَسَّكُمُ الضُّرُّ فِي الْبَحْرِ ضَلَّ مَنْ تَدْعُونَ إِلَّا إِيَّاهُ فَلَمَّا نَجَّاكُمْ إِلَى الْبَرِّ أَعْرَضْتُمْ وَكَانَ الْإِنْسَانُ كَفُورًا) (الاسراء :67)
موحەممەد ئەلیەعقووبی- نەجەفی ئەشرەف
١٠ شەعبانی ١٤٤١ ك.
٤/٤/٢٠٢٠ ز.
[1]- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتاری پیاوێکیان بڵاو کردەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی نیویۆرکدا داوای تەوبە و گەڕانەوە و گۆڕانی ڕەفتاری شێواویانی دەکرد کە ڕووی لە ماددە و شەهوەتە و تاوانەکانیشیانی مەحکووم دەکرد وەک ڕێگەدان بە لەباربردن و کوشتنی منداڵ لە دوای چل ڕۆژەوە.