ژیاننامە

| |عدد القراءات : 875
ژیاننامە
  • Post on Facebook
  • Share on WhatsApp
  • Share on Telegram
  • Twitter
  • Tumblr
  • Share on Pinterest
  • Share on Instagram
  • pdf
  • نسخة للطباعة
  • save

ژیاننامە

 

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

شێخ محەمەدی کوڕی شێخ مووسا کوڕی شێخ محەمەدعەلی کوڕی شێخ یەعقووب کوڕی حاجی جەعفەر

لە نەجەفی پیرۆز لەدایک بووە بەرەبەیانی ڕۆژی مەولوودی پیرۆز، ساڵی ١٣٨٠ک. بەرانبەر بە ئەیلوولی ١٩٦٠ز.

لە خێزانێکی زانستی و دینیدا گەورە بووە کە بە وتاربێژی و ئەدەب بەناوبانگ بوون، لەبەر ئەوە، هەندێکیان لە پەڕتووکەکانی ئەدەب و وتاربێژیدا تۆمار کراوە، وەک شیخ مووسای باوکی -خاوەنی گۆڤاری بەناوبانگی ئیمان- هەروەها شێخ محەمەد عەلیی باپیری کەناسرابوو بە شێخی وتاربێژان، هەروەها باپیرەی لە دایکیەوە، شێخ مەهدی و باپیری باوکی شێخ یەعقووب کە لە خوێندنگەی عیرفانی و ئەخلاقیی خوالێخۆشبوو شێخ جەعفەری شووشتەری و شێخ حوسێنقولیی هەمەدانیدا پێگەیشتبوو.

لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گواستیانەوە بۆ بەغدا ساڵی ١٩٦٨ ز. بەهۆی پەیوەندیی باوکی بە چالاکییە دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەگەڵ خوالێخۆشبوو شەهید سەید مەهدی ئەلحەکیم کوڕی مەڕجەعی باڵا سەید موحسین ئەلحەکیم (قدس سره) کە ڕابەرایەتیی دینی و کۆمەڵایەتیی لەدەستدا بوو لە بەغدا.

لە سەرەتای منداڵییەوە دەستی بە خوێندنی زانستە دینییەکان کردووە ئەو کاتەی هاودەمی باوکی بوو و لە کۆڕ و مەجلیس و وتارەکانیدا بەشدار دەبوو، بە وردی گوێی لێ دەگرت و پاش گەڕانەوەی بە بەربڵاوی بۆ باوکیی (رحمه الله تعالی) دووپات دەکردەوە. باوکی (رحمه الله) زیرەکیی پێشوەختەی بەرزدەنرخاند لای زانایان. پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی دە ساڵ دەستی کردووە بە خوێندنەوەی کتێب و توێژینەوەیەکی فراوانی ئامادە کردووە بە ناونیشانی (الخمر ام الخبائث) پێش ئەوەی باڵغ ببێت. ئەو کتێبانەی دەیخوێندنەوە بە تێپەڕینی کات قووڵتر دەبوونەوە.

لە سەرەتای حەفتاکاندا، لە پشووی هاویندا پەیوەندیی کرد بە حەوزەیەکی دینیی بچووکەوە کە خوالێخۆشبوو سەید ئەلعەلەوی لە گەڕەکی عوبەیدیی بەغدا دایمەزراندبوو.

خوێندنی ئەکادیمیی لە بەغدا تەواو کرد و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هەندەسەی مەدەنیدا لە کۆلێژی هەندەسە/ زانکۆی بەغدا ساڵی ١٩٨٢ ز. بەدەست هێان. پێویست بوو لەسەری پەیوەندی بکات بە خزمەتی سەربازییەوە بەپیی سەربازکردنی زۆرەملێ، لەو کاتەشدا جەنگی ئێران و عێراق هەڵگیرسابوو. بەڵام پەروەردە پەیامدارەکەی وای لێ کرد کە ئەوە ڕەت بکاتەوە کە بەرگی ستەمکاران لەبەر کات و ببێ بە بەشێک لە مەنزوومەکەیان ئەگەر بۆ یەک ساتیش بێت، بۆیە لە ماڵەوە خۆی دوورەپەرێز گرت وێڕای ئەوەی کە ئەو بڕیارە ڕەنگە بە بەهای گیانی تەواو ببووایە چونکە جەللادەکانی ڕژێم لە هەموو شوێنێک بوون، بەتایبەت لە بەغدا. ئەو کەسەش کە لە خزمەتی سەربازی سەرپێچیی بکردایە لە مەراسیمێکی ئاشکرادا گوللـەباران دەکرا.

خۆی بۆ خویندنەوە و ڕامان و توێژینەوە یەکلایی کردەوە و دەستی کرد بە نووسین و ئامادەکردنی کتێبی وەک (دور الائمة في الحیاة الاسلامیة) وێڕای ئەوەی کەس پاڵپشتیی تواناکانیی نەدەکرد لەو بارودۆخە قورسەدا، تا خودای گەورە بە لوتفی خۆی ڕێگایەکی نهێنیی بۆ کردەوە لە ڕێگەی چەند گەیەنەرێکەوە پەیوەندیی لەگەڵ شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) دروست کرد. ئەمەش ساڵی ١٩٨٥ ز. بوو، بووە هۆی بەرهەمهێنانی چەند نووسراو و نامەگۆڕینەوەیەک لە فیکری ئیسلامی و ئەخلاق و تەزکییەی نەفس کە لە چوارچێوەی دوو کتێبدا لەچاپ دران کە بریتین لە (الشهيد الصدر الثاني كما أعرفه) و کتێبی (قناديل العارفين). هەروەک شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) بە ئیلهاموەرگرتن لەو بیروهزرانە، مەوسوعە گەورەکەی خۆی نووسیوە بە ناونیشانی (ما وراء الفقه) هەروەها کتێبی (نظرة في فلسفة الأحداث في العالم المعاصر).

پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، ساڵی ١٩٨٨ز. گەڕاوەتەوە بۆ نەجەفی ئەشرەف و لەگەڵ کچی خوالێخۆشبوو، شەهیدی ڕاپەڕینی جەماوەری، عەللامە سەید موحسین ئەلمووسەوی ئەلغورەیفی ژیانی هاوسەریی پێکەوە ناوە و دوو کوڕ و پێنج کچی لێی بووە.

لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٩١دا بەشدار بووە و لەگەڵ ڕۆڵە موجاهیدەکانی نەجەفی ئەشرەف لە نەجەفەوە بەرەو کەربەلای پیرۆز چووە بە مەبەستی بەرگریلێکردنی، پاش ئەوەیهێزەکانی حەرەس جمهووری بەرەو ئەوێ جووڵێنرابوون، بەڵام شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ بێچەکەکان گەڕاندوویانەتەوە بەرەو نەجەف و دەرفەتی بەشداریی جەنگی بۆ نەڕەخساوە.

بەیاننامەیەک و وشەگەلێکی گرنگی لە پاڵپشتیی ڕاپەڕیندا نووسیوە و تیایدا مەعنەویاتی لاوانی بەرز کردووەتەوە، هەندێکی لە بڵندگۆکانی مەرقەدی حەیدەریی پیرۆزەوە خوێندراونەتەوە.

پاش ئەوەی شۆڕشگێڕەکان بەیعەتیان دا بە شەهید سەدری دووەم (قدس سره) وەک ڕابەری شۆڕش، ڕۆژێک پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت، پێنج لیژنەی پیک هێنا بۆ رابەرایەتیی شۆڕش و شێخ یەعقووبیی کرد بە سەرۆکی لیژنەی سیاسی و ڕاگەیاندن.

بەڵام ئەو لیژنانە نەیان توانی کارەکانیان بکەن بەهۆی هێرشی هێزەکانی حەرەس جمهووریی سەدام بۆ سەر نەجەفی پیرۆز ڕۆژێک پاش پێکهێنانیان و گیرانی شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره).

سەرەتای ساڵی ١٩٩٢ز. (شەعبانی ١٤١٢ ک.) جلوبەرگی ئاینیی لەبەر کردووە و بە عەمامەوە چووە بۆ ماڵی مەڕجەعی باڵا، خوالێخۆشبوو سەید خووئی (قدس سره) لە کووفە، لە کاتێکدا کە لە دۆخێکی دژواردا بوو و جگە لە کەسانێکی کەم کەس پەیوەندییان پێوەی نەبوو بەهۆی لێکەوتەکانی ڕاپەڕین و گواستنەوەی بەزۆر بۆ بەغدا.

یەکەم پاڵپشتی شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) بوو و تاکە کەسێک بوو کە پاڵپشتی بوو کە سەرەتا ئیعلانی مەڕجەعییەتی خۆی کرد لەو ساڵەدا و ئەمەش شەهید سەید سەدر خۆی لە هەندێک دیداری تۆمارکراویدا گوتوویەتی، بوونی ئەو لەلای بووە هۆی قەناعەتپێهێنانی زۆر کەس لە نێو حەوزەی عیلمییە و دەرەوەیدا کە بۆ شەهید سەید سەدر (قدس سره) بگەڕێنەوە تا ئەو کاتەی مەڕجەعییەتەکەی بڵاو بووەوە و فراوان بوو و شێخ یەعقووبی بوو بە کەسی دووەم دوای شەهید سەدر (قدس سره) لەم مەرجەعییەتە پەیامدارەدا.

شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) وەک ڕاگری زانکۆی ئاینیی سەدر دەستنیشانی کرد پاش ساڵێک لە دامەزراندنی کە بریتی بوو لە دامەزراوەیەک کە پڕحژەی یەکترتەواوکردنی نێوان حەوزەی عیلمییە و زانکۆ ئەکادیمییەکانی لە ئەستۆ بوو، بەڕێزی کەسی گونجاوی بۆ بەڕێوەبردن وبەئاکامگەیاندنی ئەم دەزگایە نەدۆزییەوە جگە لە سەماحەتی شێخ، لەبەر ئەوەی لە هەردوو بووارەکەدا ئەسپی خۆی تاو دابوو هەروەک ناوبراو (قدس سره) لە کاتی دەستنیشانکردنیدا لە مانگی سەفەری ساڵی ١٤١٩ ک. وای فەرموو.

ناوبراو (قدس سره) دەینرخاند و ئاماژەی بۆ دەکرد و هەندێک لەو وتانەشی لە پێشەکیی کتێبی (المشتق عند الأصوليين) و (قناديل العارفين) بڵاو کراوەتەوە. پێنج مانگ بەر لە شەهیدبوونی، بە دیاریکراوی ڕۆژی 5ی جەمادیی دووەمی ١٤١٩ک. بەرانبەر بە ٢٧/٩/١٩٩٨ز. شێخ یەعقووبیی بە جێگرەوەی خۆی دانا بە زاری خۆی لە دیدارێکی تۆمارکراودا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی دینیی سەدر (...و ئێستا دەتوانم بڵێم تاکە پاڵێوراوی حەوزەکەمان جەنابی شێخ محەمەد ئەلیەعقووبییە تا ئەو کاتەی خوای گەورە تەمەنم پێ دەدات و گەواهیی ئیجتیهادی بۆ دەدرێت، کەواتە پێویستە ئەو پاش من حەوزەکە بگرێتە دەست و من دەستبەرداری نابم).

شێخ یەعقووبی ڕاگەیاندنی ئیجتیهادی خۆی دوا خست بۆ ڕەچاوکردنی ئەدەبیاتی حەوزەی عیلمییە، بەڵام هەندێک لە توێژینەوەی ئیستیدلالیی خۆی بڵاو کردەوە کە لە ساڵی ١٤٢٠ک. نووسرابوون. پاش ئەوەی سەماحەتی ئایەتووڵا شێخ محەمەد عەلی کەڕامی (دام ظله الشریف) پێیانی زانی دانی بە ئیجتیهادیدا نا ساڵی ١٤٢٤ک. بەرانبەر بە ٢٠٠٤ ز. ناوبراو لەلایەن سەماحەتی ئایەتوڵلا شێج مونتەزیری (قدس سره) و سەماحەتی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد سادقیی تەهرانی (قدس سره) ئیجازەی ئیجتیهادی پێ درابوو، ئەوانیش لەلایەن سەید خووئییەوە (قدس سره) ساڵی ١٣٨٦ ک. ئیجازەی ئیجتیهادیان پێ درابوو، هەروەها لەلایەن کەسانی ترەوە. خودا لە کۆچکردووان خۆش بێت و زیندووەکانیش بپارێزێت.

تا شەهیدبوونی شەهید سەید سەدر لە زیلقەعدەی ١٤١٩ ک. بەرانبەر بە شوباتی ١٩٩٩ز. لەگەڵیدا بووە، هەر ئەویش سەرپەرشتیی خوێندنی نوێژی کرد لەسەر تەرمەکەی و  تەرمی دوو کوڕەکەی. لەو کاتەدا گڵ شاردییەوە کە پشتیوانانی لە ژمارەی پەنجەکانی دەت تێنەدەپەڕی لەو بارودۆخە ترسناکەدا و لە نێو جەللادە چەکبەدەستەکانی ڕژێمدا.

سەماحەتی شێخ یەعقووبی مەشخەڵی ئەو بزووتنەوە ئیسلامییەی هەڵگرت کە شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) لە عێراق هەڵی گیرساند و سەرپەرشتیی پایەکانی بزووتنەوەکەی گرتە ئەستۆ کە زۆربەی لایەنگران و شوێنکەوتووانین (قدس سره). پاش ئەوەی ڕژێم ڕێکارەکانی شەهید سەید سەدریان پەک خست، ئەم کاری بە ڕێکاری نوێ کرد کە نوێژی پیرۆزی هەینی لە پێش هەموویانەوەیە.

 

 

خوێندنی ئایینی:

لەبەر فراوانیی دەستکەوتی زانستی و ڕۆشنبیریی، بەڕێز شێخ یەعقووبی خوێندنی لە ئاستی ناوەندییەوە دەست پێ کرد (واتە ڕاڤەی کتێبی اللمعة و اصول الفقه للمظفر )قدس سره) لە زانکۆی دینیی نەجەف، ئەمەش بە تێڕوانینی ڕاگری کۆلێژەکە، خوالێخۆشبوو سەید محەمەدی کەلانتەر (قدس سره) بوو. قۆناغەکانی خوێندنی بە ماوەیەکی قیاسی بڕی بە تێکۆشان و جدییەت و هاوکات لەگەڵ خوێندنی باڵا، چووە ڕیزی خوێندنی (خارج الفقه) بە ویستی شەهید سەید سەدر (قدس سره). لە بابەتی (الاصول اللفظیة) لای بەڕێزیان بەشدار بوو لە شەوالی ١٤١٤ک. تا شەهیدبوونی لە زیلقەعدەی ١٤١٩ ک. هەروەها بەشدار بوو لە بابەتەکانی (الاصول العملیة) لای سەماحەتی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاقی فەییاز (١٤١٧-١٤٢١) خوێند و لە بابەتی فیقهدا لای ئایەتوڵڵا سەید سیستانی لە (١٤١٥- ١٤٢٠) ئامادە بووە و لای خوالێخۆشبوو میرزا عەلی غەرەوی (قدس سره) (١٤١٦- ١٤١٨) بەشدار بووە و ئەو بابەتانەی نووسیوەتەوە.

ساڵێک بەر لە چوونی بۆ حەوزەی عیلمییە لە زانکۆی نەجەف دەستی کرد بە وانەوتنەوە لە ڕیسالەی عەمەلیی شەهید سەید سەدردا (منهج الصالحین) بە شێوەی ئیستیدلالی و بەراوردکاری و شەهید سەدر لە یەکێک لە دیدارە تۆمارکراوەکانیدا ئەم وانەیەی بە یەکێک لە بەڵگەکانی زاناییی شێخ هەژمار کرد، لەو ڕووەوە کە شێخ یەعقووبی بەزۆری ڕای سەیدی شەهیدی پاڵپشتی دەکرد بە بەڵگە.

پاشان دەستی کرد بە وتنەوەی ئاستی ناوەندی (اللمعة واصول الفقه) و ئاستی باڵا (المکاسب والکفایة) و ئەڵقەی دەرسەکانی لە فراوانترینەکان بوون لەڕووی ژمارەی ئامادەبووانەوە و لەڕووی بەخشینیشەوە.

لە شەعبانی ١٤٢٧ ک.ەوە دەستی کردووە بە پێشکەشکردنی وانەکانی (خارج الفقه) و پرسە خیلافییەکانی وەک بابەتی وانەکان هەڵبژاردووە. بە شێوەیەک کە ئەو پرسانەی هەڵدەبژارد کە قووڵیی زانستییان هەبوو و جێگەی مشتومڕ بوون لە نێوان فەقیهەکاندا، بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری زانستیدا پێ بگات، وێڕای ئەوەی بەرهەمی عەمەلییشی هەبوو، ئێستا زیاد لە ٢٠٠ زانا و مامۆستای حەوزەی عیلمییە لە وانەکانیدا بەشدار دەبن. تا ئێستا زیاتر لە شەست پرسی گرنگی زانستی و عەمەلیی نووسیوە و ئەم توێژینەوانە بەدوای یەکدا لەژێر ناونیشانی (فقه الخلاف)دا چاپ دەکرێن و تا ئێستا یانزدە بەرگی لێ دەرچووە و دوانی تریش لەژێر چاپدان. لە تایبەتمەندییەکانی توێژینەوەکانی دەستبردنە بۆ ڕای گەورەپیاوانی پێشین و زانایانی هاوچەرخ لە هەردوو قوتابخانەی نەجەفی ئەشرەف و قومی پیرۆز.

ڕیسالەیەکی عەمەلیی هەیە بە ناوی (سُبُل السلام) بەرگی یەکەمی ساڵی ١٤٣٠ک. دەرچوو کە بەشی عیباداتی لەخۆ دەگرت و چەند جارێک چاپ کرایەوە و هەوڵ دەدات بەشی دووەمیشی تەواو بکات لە بەشی معامەلاتدا کە تا ئێستا (مختصر المعاملات)ی چاپ کردووە، هەروەک ڕیسالەیەکی عەمەلیی فراوانی چاپ کردووە لەبارەی مەراسیمی حەجەوە و چەند جارێک چاپ کراوەتەوە.

 

پڕۆژەکانی:

سەماحەتی شێخ یەعقووبی پێێ وایە زۆر لە چالاکییەکانی مەڕجەعییەت پێویستە لەلایەن دامودەزگاوە بەڕێوە بچن نەک لەلایەن تاکەکەسەوە، بەتایبەت کاتێک گۆرەپانی کار کە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە نیسانی ٢٠٠٣ز. بەرانبەر بە سەفەری ١٣٢٤ک. هاتۆتە گۆڕێ و دەرفەت هاتۆتە پێش بۆ بەڕێخستنی پڕۆژەی ئیسلامیی پیرۆز لە بوارگەلێکدا کە بەتەواوی قەدەغە بووە.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی ڕژێم بە کردەوە دەستی کرد بە دامەزراندنی ئەو دامودەزگایانە و کۆنگرەیەکی دامەزراندنی گرت بۆ دەستەیەک خوێندەوار لە ٣٠ نیسانی ٢٠٠٣ ز. بەرانبەر بە ٢٧ی سەفەری ١٤٢٤ک. ئەو دەستەیە کۆمەڵێک لە خوێندەوارانی حەوزەی عیلمییەی لەخۆ دەگرت، ئەوانەی چالاکیی کۆمەڵایەتیان هەبوو و گرنگییان دەدا بە وشیاریی پەیامداری و بزواندنی پڕۆژەی ئیسلام لە واقیعی ئوممەتدا تا قەناعەتی پێ بێنێت و تەبەنای بکات. ئەو بەڕێزانە جومگەکانی پڕۆژەکە بە گوێرەی تەخەسوسی خۆیان بەڕێوە دەبەن.

بەردی بناغەی ئەم بزاوتە پیرۆزە بریتی بوو لە خوێندکارانی زانکۆی ئایینیی سەدر کە پەروەردەی زانستی و ئەخلاقی و فیکرییان لە بەڕێزی وەرگرتبوو.

بەڕێزی سەردانی بەغدای کرد و سێ ڕۆژ لەوێ مایەوە و لە مەرقەدی پیرۆزی ئیمام کازم (ع) ئیمامەتی نوێژی هەینیی کرد لە ٢٢ی سەفەر بەرانبەر بە ٢٥/٤/٢٠٠٣. لەوێ هەزاران خەڵکی هان دا بەرەو ئەوەی پێویست بوو بەدەست بهێنرێت لە داواکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە ژێر سایەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا. داواشی لێ کردن ڕۆژی دووشەممەی دواتر ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوە ببەن بەرەو مەیدانی فیردەوس لە ناوەندی بەغدا بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەو داواکارییانە. ڕێپێوانەکە یەکجار زۆر بەربڵاو بوو و چەند کیلۆمەترێک فراوان بوو. لەو زیارەتەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایان وکەسانی ئەکادیمی کۆبووەوە و شوێنکەوتووانی خۆیی هان دا بۆ دروستکردنی حیزبێکی سیاسی کە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام ساڵی ٢٠٠٣ بەشدار بێت لە چالاکییە سییاسییەکاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانە ئامانجە مرۆیی و ئیسلامی و نیشتیمانییەکان و ڕۆڵی ڕابەرایەتیی هەبێت و بنەماکان بەرجەستە بکات. بەشێک لە پێشنیارە سیاسییەکانی و دیدگا و هەڵوێستەکانی بۆ دەستنیشانکردنی کێشە سیاسییەکان لە کتێبێکی گەورەدا لەژێر ناونیشانی (نصوص سیاسیة) کۆ کراونەتەوە، هەروەک کتێبێکی لەبارەی ئەخلاقی کاری سیاسی لەژێر ناونیشانی (نحو سیاسة نظیفة) چاپ کراوە.

بەڕێزی زۆر لە چینەکانی هان داوە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان و وەگەڕخستنی ڕۆڵەکانیان وەک مامۆستایان و دەرچووانی زانکۆ، لە قاڵبی (زانکۆییەکان) و ئەندازیاران لە قاڵبی (گردبوونەوەی ئەندازیارانی ئیسلامی) و ژنان لە بەشەکانی (پەیوەندیی کچانی موستەفا (صلی الله علیه وآله)) و چەندانی تر و لە مەوسووعەی (خطاب المرحلة) ئەدەبیاتی پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانە و ڕێکارەکانیان و ئامانجەکانیان دەبینرێت و بەڕێزیشی بەردەوام پاڵپشتیی ئەم ڕێکخراوانە دەکات.

 

جگە لە دەستەی خوێندەواران، هەندێک لەو دامەزراوانەی بە لوتفی خودا ئێستا هەن ئەمانەن:

1.     زانکۆی ئاینیی سەدر:

زانکۆکە ساڵی ١٤١٧ک./١٩٩٧ز. لەژێر چاودێریی شەهید سەید سەدردا (قدس سره) دامەزرا و مەبەست لێی ڕاکێشانی کەسانی خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی بوو بەرەو حەوزەی عیلمییە و لەخۆگرتنیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک کە چاوی بڕیبووە کۆکردنەوەی نێوان هەردوو جۆرەکەی خوێندن لەپێناو نوێکردنەوەی کەسایەتیی حەوزەوییەکان. ئەم بیرۆکەیە شەهید سەید سەدری یەکەم (قدس سره) دایهێنا و شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) جێبەجێی کرد و شێخ یەعقووبیی کرد بە ڕاگری زانکۆکە بەو پێیەی کە خاوەنی بڕوانامەیەکی ئەکادیمیی باش بوو و خاوەنی زانستی حەوزەوییش بوو لە ئاستێکی بەرزدا. بەڕێزی بە حیکمەت و ئازایەتییەوە پاش شەهیدبوونی ناوبراو درێژەی بە پڕۆژەکە دا. پاش ڕووخانی ڕژێم دەستپێشخەریی کرد بۆ کردنەوەی لقی زانکۆکە لە پارێزگاکانی دی کە ئێستا لە (٢٤) لق تێپەڕیوە.[1] و ژمارەی خوێندکارانی نزیکەی ٢٠٠٠ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێراق. شەش لقی لە بەغدایە و دووانی لە نەجەفی پیرۆز. بەڕێزی پەڕەوی ناوخۆی زانکۆکەی نووسیوە و بڕگەکانی میتۆدەکەی و چالاکییەکانی و شێوازی کارکردن بە وردەکارییەکانیی داڕشتووە لە کتێبی (جامعة الصدر الدينية :الهوية والانجازات). ماوەی خوێندن لە زانکۆکەدا هەشت ساڵە کە سێ ساڵی یەکەمی بریتییە لە کۆلێژی (ئاڕاستەکردنی دینی و چاکسازیی کۆمەڵایەتی) و سێ ساڵی دووەم (کۆلێژی پێگەیاندنی وانەبێژان)ە وساڵی حەوتەم و هەشتەم (کۆلێژی ئیجتیهادی سنووردار)ە. تیایدا هاوکات لەگەڵ خوێندن ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەشداربوون لە وانەکانی (خارج الفقه). تا ئێستا چەند خولێک دەرچووی پێگەیاندووە.

2.     زانکۆی زەهرا (علیها السلام) بۆ زانستە ئاینییەکان:

هاوشێوەی زانکۆی ئاینیی سەدرە لە وردەکاریی خوێندن و پەیڕەوی ناوخۆ و قۆناغەکانیدا، بەڵام تایبەتە بە خانمان. پاش ڕووخانی ڕژێم ساڵی ١٤٢٤ک. ٢٠٠٣ ز. دامەزراوە و ئێستا زیاد لە بیست لقی هەیە لە نەجەف و پارێزگاکانی تر و (٢٦٠٠) خوێندکار لەخۆ دەگرێت. سیستمی خوێندن لەم زانکۆیەدا سروشتی بەرپرسیارێتیی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا ڕەچاو دەکات.

3.     ڕێکخراوی خانمانی بانگخوازی پەیامدار:

ڕێکخراوەکە بریتییە لە دامەزراوەیەک کە لەڕێی لیژنەی ناوەندیی ڕێکخراوەکەوە پەیوەندیی هەیە بە نووسینگەی سەماحەتی مەڕجەعی دینی شێخ موحەمەد ئەلیەعقووبی (دام ظله) لە نەجەفی پیرۆز و لە پارێزگاکانی تریش لقی جیاوازی هەیە.

ئەم ڕێکخراوە لەپێناو پاڵپشتیکردنی مادی و مەعنەویی بانگخوازانی ژن وڕەخساندنی دەرفەتی بانگخوازی لە بوارە جیاوازەکاندا لە سەرجەم ناوچەکانی ئێراق کار دەکات و ڕێکخراوی پەیوەندیی کچانی موستەفا (صلی الله علیه وآله) بەری بناغەی ئەم ڕێکخراوەیە.

4.     دەزگای (البیت السعید):

وەک یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پێگەیاندنی مرۆڤی چاک، دەزگای (البیت السعید) دامەزرێنرا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورە کە ڕووی کردووەتە کۆمەڵگەی موسوڵمان لەم چەند دەیەیەی دواییدا، کە بریتییە لە کەڵەکەبوونی حاڵەتی تەڵاق و دوورکەوتنەوەی لاوان لە هاوسەرگیری و لاوازیی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان لەلایەن هاوسەردارانەوە بەهۆی بێئاگایی لە مافەکانی هەردوولا و نەبوونی دانایی لە بەڕێوەبردنی لانەی هاوسەری و بێئاگایی لە فەلسەفەی هاوسەرگیری و بنەماکانی سەرکەوتنی ژیانی هاوسەری. لێرەوە دەزگای (البیت السعید) خۆی یەکلایی کردەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و چارەسەرکردنی کەمیی ڕۆشنبیری لای هاوسەرداران، هەروەها لای ئەوانەی هەنگاو دەنێن بۆ هاوسەرگیری. ئەمەش لەڕێی بەڕێوەبردنی خولی پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوە و کۆنفرانس و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و وەڵامدانەوەی پرسیاری خەڵکی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێت. تا ئێستا چەند کتێبێکی بەسوود دەرچوون لەم بوارەدا و بەسەر هاوسەرە تازەکاندا دابەش دەکرێن لەپێناو پەروەردەکردنیان بە بەرپرسیارێتیی نوێیان.

5.     ئەنجوومەنی دانایان و پیاوماقووڵان:

گرنگیدان بە عەشایەر و پیاوماقووڵان و ناودارانی کۆمەڵگا لە کارە لەپێشینەکانی مەڕجەعییەتە. لەبەر ئەو ئامادەییە چالاکەی عەشایەر لە کۆمەڵگەی ئێراقدا هەیەتی، بەڵکو لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بە گشتی. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە دەزگایەک بونیات بنرێت کە گرنگی بە پێداویستییەکانی عەشایەرەکان بدات و شاند بنێرێت بۆ زیارەتیان و خولی فیقهی و ڕۆشنبیرییان بۆ بکاتەوە و هەوڵ بدات لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی واقیعی عەشایەری ڕوون بکاتەوە. هەروەها داوای هاوکارییان لێ بکات لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لابردنی خراپە بە هیوای گەیاندنی عەشایەرە بەڕێزەکانمان و کۆمەڵگە بە گشتی بە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن.

6.     ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە هاوچەرخەکان:

ناوەندەکە گرنگی بە ڕۆشنبیری و هزر دەدات و هەوڵ دەدات چارەسەر و پێشنیار بۆ کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخ بدۆزێتەوە و لە متمانەیەکی قووڵەوە بە توانای شارستانییەتی ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و پێشکەشکردنی نموونەیەک کە گونجار بێت لەگەڵ پێداویستییە هاوچەرخەکان بەبێ ئەوەی لە بنەماکان و سەوابتەکانی لا بدات. ناوەندەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی توێژینەوە و گرنگیپێدانە ڕۆشنبیرییەکان و خولی نووسینی توێژینەوەدا هەوڵ دەدات وشیاریی کۆمەڵایەتی بەرانبەر بە پرسگەلی ڕۆشنبیری و هزر بەهێز بکات و پرسگرێکی دواکەوتن و زاڵبوونی بەها ناڕەسەنەکان لە کۆمەڵگەدا. هەروەک ناوەندەکە باوەڕی وایە کە چارەسەرە ئیسلامییەکان لە ڕیشە گونجاوەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەم ڕووەشەوە هەوڵ دەدات لە ڕوانگە ئیسلامییە ڕەسەنەکانەوە دوور لە هەر جۆرە لایەنگیرییەک خۆی دابمەزرێنێت.

7.     خوێندنگەی ئاینیی ئەبرار(2):

دەزگایەکی زانستیی حەوزەوییە، ئامانجی پێگەیاندنی دەستەبژێرێکە لە خوێندەواران و نووسەران و بانگخوازان. خوێندنگەکە پەیڕەوی لە مەنهەجێکی بەهێز دەکات لە توێژینەوەی هزری ئیسلامی و ئەو زانستانەی پێوەی گرێ دراون. وانە قورئانی، حەدیسی و ئەخلاقییەکان و وانە هاوچەرخەکان لە مەنهەجی خوێندنگەکەدا جێگەیەکی تایبەتیان داگیر کردووە کە بەشدار دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی خوێندنی ئەم زانستانە لەم سەردەمەدا. سالی ١٤٣٩ک. ٢٠١٨ ز. دروست کراوە. ناونیشانی خوێندنگەکە: نەجەفی پیرۆز، بەرانبەر دەروازەی شەقامی شار

8.     دەزگای پێکگەیشتنی زانست و دین([3]):

دەزگایەکی لاوانە، ئاشتەوایی دروست دەکات لە نێوان زانست و دیندا و کار دەکات لە پێناو پێگەیاندن و پەرەپێدانی لاوان لەڕووی دینی و زانستی و ڕۆشنبیرییەوە لەڕێی بەرنامەی ڕاهێنان و گەشەپێدانی ئامانجدارەوە، هەروەها لەڕێی بەڕێوەبردنی توێژینەوەوە، لە پێناو دروستکردنی سەرکردەی شایستە بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و جومگەکانی پڕۆژەی پەیامدار، بەگوێرەی بنەماکان و مەنهەجی ئیسلامی پیرۆز و هیدایەتی ژیانی مەعسوومین (علیهم السلام) و ڕێنمایی و ئامۆژگاریی مەڕجەعییەتی پیرۆز. هەروەها کار دەکات لە پێناو برەوپێدانی پەیوەندیی چالاکی نێوان دامودەزگا دینییەکان و ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی بەتەنگەوەبوونی واقیعی کۆمەڵگا.

9.     دەزگای نوێژ کۆڵەکەی دینە (الصلاة عمود الدین):

بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی فەریزەی نوێژ و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ لە دونیا و ئاخیرەتدا، بە جۆرێک کە باشترین زیکری ئیلاهی و گرنگترینیەتی، لەبەر ئەمەش دڵنیایی و جێگیری دەبەخشێت لە دونیادا، خوای گەورە دەفەرموێت: (ألا بذكر الله تطمئن القلوب)، واتە: بەهۆی زیکری خوداوە دڵ ئارام دەگرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی کە نوێژ دروشمی هەموو مرۆڤێکی موسوڵمانە و ناسنامەیەتی کە پێویستە پارێزگاریی لێ بکات. لەم ڕوانگانەوە مەڕجەعییەتی مەزن داوای دامەزراندنی دەزگایەکی کرد کە گرنگی بە ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگا بدات لەڕووی گرنگیدان بە نوێژ و زەروورەتی بەجێگەیاندنی. [دەزگاکە] هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی مزگەوت لە هەموو جێیەک و بەرهەمەکانی نوێژ لە دونیا و ئاخیرەتدا ڕوون دەکاتەوە و هەموو شتێک کە پەیوەندیی بە نوێژەوە هەبێت ڕوون دەکاتەوە، چ واجب بێت یان موستەحەب، هەروەها ئادابەکانی و پێشەکییەکانی. بەم پێیە بوو بە دەزگای نوێژ.

10.دەزگای هەینی:

بریتییە لە دامەزراوەیەکی تایبەت، ئەرکەکەی بریتییە لە دامەزراندن،  بڵاوکردنەوە و بەڕێوەبردنی نوێژەکانی هەینی لە عێراق لەڕێی هەڵسەنگاندنی داواکانی بەجێهێنانی نوێژی هەینی و توێژینەوە لە هەڵوێستی شەرع پەیوەست بە بەجێهێنانی و ئامادەکردنی وتاربێژان و ئاڕاستەکردنیان بەو شتانەی لەگەڵ ڕێنماییەکانی دینی پیرۆزدا دەگونجێت، هەروەها ڕێنماییەکانی مەڕجەعییەتی پیرۆز و بەرەوپێشبردنی گوتاری ئاینی و نوێکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی.

11.دەزگای (فیض الزهراء علیها السلام) ([4]):

تایبەتە بە چاودێریی هەتیوان و هەژاران. دامەزراوەیەکی خێرخوازیی مرۆیی کۆمەڵایەتییە، گرنگی بە کاروباری کۆمەڵگا و خەڵکانی نەفسبەرزی گەلی ئێراق دەدات. ئەمەش لەپێناو بەشداربوونی دەزگاکەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی موئەسسەسات لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، وەک پێگەیاندنی ماددی و مەعنەویی هەتیوان و هەژاران وەک هەنگاوێک لەپێناو قووڵکردنەوەی ڕەهەندەکانی وجوودی شارستانیی چالاکی ئوممەتی ئیسلام. کە لە باکووری عێراقی خۆشەویستەوە درێژ دەبێتەوە تا ئەوپەڕی باشووری، بە زیاد لە (١٠٠) لق و نووسینگە لە سەرجەم پارێزگەکان. ئێستاش هەوڵ دەدات دەرگاکانی لە دەرەوەی عێراق بکاتەوە تا ببێتە دەروازەی بەخشین و گەشەپێدانی کوڕان و کچانی و هەموو ئەوانەی لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە موحتاجن و پەیوەندیی پێوە دەکەن. تا ئێستا نزیکەی (١٠٠٠٠) خێزان سوود وەردەگرن لە وتاری وشیاریی ڕۆشنبیری و چاودێریی تەندروستی و یاسایی و کۆمەڵایەتی، هەروەها لە هاوکاریی مادی و تاد. دامەزراندنی دەزگاکە لە ساڵی ١٤٣٤ ک. بەرانبەر ٢٠١٣ز. بوو. لە فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تۆمار کراوە و مۆڵەتی فەرمیی وەرگرتووە لە ٩/١٠/٢٠١٦ ز. بە ژمارە  (١١١٦١٠٠٢٨).

12.ناوەندی ئیمامی سادق (علیه السلام) تایبەت بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی تەخەسوسیی ئیسلامی:

یەکێکە لە ناوەندە تایبەتمەندەکان لە نەجەفی پیرۆز و لەسەر بنەمای پاڵپشتیکردنی ناوەندی ئیسلامی بە شێوەیەکی دروست کار دەکات لەسەر ئیسلام کە پەیامهێنەری ڕەحمەت بووە بۆ هموو جیهانیان. ناوەندەکە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانست و مەعریفەیە. هەرەوەها ڕاستکردنەوەی دیدگا و مەفاهیمە دینییەکان بە وەرگرتنیان لە سەرچاوە سەرەکییەکانیان، واتە قورئانی پیرۆز و سوننەتی شەریف. ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە قووڵاییی تەجروبەی دینی لە حەوزەی نەجەفی ئەشرەف کە پێشتر و ئێستاش پەناگای هەموو لایەنە ئاینییەکان بووە کە لە سەرجەم گۆی زەویدا بڵاو بوونەتەوە و پشتیوانیئەو خوێندکارە دینییانە و مامۆستا و ئەکادیمییانە بووە کە بەردەوام خۆراکی زانستییان لێ وەرگرتووە تا ئەو کاتەی لە سەرچاوەی زوڵالی ئەم حەوزە موبارەکەیان نۆشیوە. دەرگاشی بەسەر هەموواندا کراوە بووە لەپێناو بەئەنجامگەیاندنی ئامانجێکی هاوبەش کە هەموو پێغەمبەران و ڕەسوولان بانگەوازیان بۆ کردووە. ناوەندەکە لە پێنج بەش پێک هاتووە:

بەشی خوێندنە قورئانییەکان.

بەشی خوێندنە عەقیدەیی و فیکرییەکان.

بەشێ خوێندنە تایبەتمەندەکان بە ئیمامی مەهدی (علیه السلام)

بەشی فیقهی ئیسلامی

بەشی فرلسەفەی فیقهـ.

ناوەندەکە لە هەوڵی دامەزراندنی بەشی تردایە کە تایبەتە بە ئابووریی ئیسلامی و مێژوو و زانستی حەدیس و زمان و ئەدەبی عەرەبی.

13.کتێبخانەی شێخی وتاربێژان:

یەکێکە لە کتێبخانە گشتییەکان لە نەجەفی ئەشرەف. کتێبخانەکە ١٥٠٠٠ کتێبی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت لە سەرجەم بوار و تەخەسوسەکان. بە یەکێک لە کتێبخانە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت لە سەرچاوە و کتێبی گرانبەهای کۆندا. هەروەها بەشێکی زۆری لە نامە و توێژینەوەی زانکۆ تێدایە. بەشێکی تایبەتی هەیە بۆ بەرهەمەکانی شێخی وتاربێژان (محەمەد عەلی ئەلیەعقووبی (رحمه الله)) کە دیارترینیان بریتین لە کتێبەکانی ئەدەب و شیعر. کتێبخانەکە دەوڵەمەندە بەو گۆڤارە زانستیانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەرچوون.

14.خوێندنگەی (اعلام الهدایة الدینیة):

ئەم خوێندنگەیە هەوڵ دەدات بۆ پێگەیاندنی خوێندکارانێک کە ببنە ڕابەرانی خزمەتی دین و ڕێنوێنیی کۆمەڵگە، هەروەها پێگەیاندنی مامۆستایانی حەوزە و موجتەهیدان. تەنها خوێندکارانی ئەکادیمیی دەرچوو وەردەگرێت کە ئامادەیان کات و توانای وەرگرتنی زۆرترین زانست و جێبەجێکردنیان هەبێت لە واقیعدا. هەروەها لەگەڵ وانە حەوەوییەکاندا وانەگەلی وەک تەفسیر و زانستی قورئان و مێژوو و نەهجولبەلاغە و ... خراوەتە نێو وانەکانەوە کە یارمەتیدەری خوێندکارن بۆ تێگەیشتن لە واقیع و چارەسەری [کێشەکانی] بە شێوەیەکی قورئانی و حەدیسیی سەحیح.

15.ناوەندی فاتیمی بۆ توێژینەوە و گەشەپێدانی مرۆیی:

بەهۆی بەرەکەتی سەردانی ساڵانەی مەرقەدی پیرۆزی ئیمیری ئیمانداران عەلیی کوڕی ئەبووتالیب (علیه السلام) لە سێی مانگی جەمادیی دووەم، سەماحەتی مەڕجەؤی دینی شێخ محەمەد ئەلیەعقووبی (دام ظله) بە مەبەستی زیندوولردنەوەی یادی شەهیدبوونی سیدیقەی تاهیرە، فاتیمەی زەهرا (علیها السلام)، بەڕیزیان داوای دامەزراندنی ناوەندێکی کرد بۆ توێژینەوەی فاتیمەیی (تایبەت بە فاتیمە (س)) کە ئەرکی زانستیی توێکینەوە و نووسین و لێکۆڵینەوە لە ژیاننامەی سەیدەی تاهیرە (علیها السلام) و ناساندنی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی و ئینسانیدا لە ئەستۆ بگرێت. هەروەها وشیاری دەربارەی وردەکاریی ژیانی موبارەکیان زیاد بکات بە مەبەستی بەشداریی زانستیی بونیادنەر لە بەهێزکردنی لایەنی شارستانیی چالاکی ئوممەتی ئیسلامی. لەسەر ئەم بنەمایەش دامەزراندنی ناوەندی فاتیمی بۆ توێژینەوە و گەشەپێدانی مرۆیی f.c.s.h.d  لە ڕەبیعی دووەمی ١٣٣٤ ک. / شوباتی ٢٠١٣ ز. دەستنیشانکردنی کێشە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی بەهەند وەرگرت کە دەبنە ڕێگر لە ڕێی گەشەپێدانی کۆمەڵگەی عێراقی و ئیسلامی، بە پشتبەستن بە بەرنامەگەلی ڕێکخراو کە پێکگەیشتنی توانا زانستی و مرۆییەکان لە حەوزە و زانکۆ لەئەستۆ دەگرێت بە مەبەستی گەیشتن بە گەشەپێدانی ڕاستەقینە.

16.پەیمانگەی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان و توێژینەوە:

دەزگایەکی گەشەپێدانی ئیسلامییە، گرنگی دەدات بە گەشەپێدانی کارامەییی شەخسی و ڕابەرایەتی لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی مرۆڤدا و ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی کارامەییی مرۆڤە لە چوارچێوەی مەنهەجی زانستیی بەهێز کە پشت بە هزری ئیسلامیی ڕەسەن دەبەستێت لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپ و خولی پەروەردەیی و بەرنامەگەلی پێگەیاندنی سەرکردە لە چینە جیاوازەکان و دەزگا جیاوازەکاندا.

چالاکییەکانی:

١. ڕاوێژکاریی ئیداری.

٢. ئامادەکردنی پلانی ستراتیژی.

٣. بەڕێوەبردنی بەرنامەگەلی ئامادەکردنی سەرکردە.

٤. دیزاینی بەرنامەگەلی ڕاهێنانی.

17.دەزگاکانی ڕاگەیاندن:

‌أ)   کەناڵی ئاسمانیی نەعیم: کەناڵێکی ئاسمانیی دینییە. ئامانجی بڵاوکردنەوەیوشیاریی ئیسلامی و ڕێنماییەکانی ئەهلوبەیت (علیهم السلام) و ڕێنوێنیی ئەخلاقی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی بەسوودە، هەروەها چەند کێشەیەک چارەسەر دەکات لە کۆمەڵگەی عێراقیدا و بەرنامەکانی خۆی پەخش دەکات لە بەسرەوە و لە نەجەفی ئەشرەف و بەغدا نووسینگەی سەرەکیی هەیە و نووسینگەی لاوەکیی هەیە لە پارێزگاکانی تری عێراق. سەماحەتی مەڕجەعی دینی شێخ محەمەد ئەلیەعقووبی (دام ظله) چەند وتەیەکی هەیە دەربارەی گرنگیی ڕاگەیاندن و ڕۆڵی وشە لە ژیانی ئوممەتدا.

‌ب)کەناڵی ئاسمانیی بەیینات (تایبەت بە قورئانی پیرۆز) لە پێناو ناساندنی ئیسلام و قورئان بە ڕۆژئاوا کە بە عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی پەخش دەکرێت.

‌ج)  ڕادیۆی (البلاد) لە بەغدا.

‌د)    ڕادیۆی (الامل) لە بەسرە.

‌ه)      ڕادیۆی (سبل السلام) لە ناسرییە.

‌و)    ڕادیۆی (الرمیثة) لە پارێزگای سەماوە.

18.بۆنە دینییە گەورەکان:

یەکێک لە پڕۆژە دینییەکانی، دامەزراندنی زیارەتی فاتیمییە بەرەو مەرقەدی ئەمیری ئیمانداران (علیه السلام) ڕۆژی ٣ی جەمادی دووەمی هەموو ساڵێک بۆ زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدبوونی سدیقەی زەهرا (علیها السلام) کە زۆر ڕۆڵی هەیە لە بڵاوکردنەوەی وشیاریی پرسی فاتیمی و دەرخستنی کاریگەرییە گەورەکەی. بە جۆرێک کە دەیان هەزار لە ئیمانداران لە مەراسیمی ناشتنی ڕەمزیدا بەشدار دەبن بەرەو حەرەمی عەلەویی شەریف پاش ئەوەی سەماحەتی شێخ وتارێکیان بۆ دەدات لەژێر ڕۆشنایی بۆنەکە و واقیعی ژیان. ئەم بۆنەیە بۆ یەکەم جار داڵی ١٤٢٧ ک. ٢٠٠٦ز. بەڕێوە چوو.

دووەمیان: مەوکیبەکانی وشیاریی حوسەینییە تایبەت بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ کە یەکەم ساڵی دوای ڕووخانی ڕژێم پێک هێنرا لە شەوی عاشوورا لە کەربەلا و زیاد لە بیست هەزار خوێندکاری زانکۆ لە ڕێپێوانێکی ڕێکخراودا تێیدا بەشدار دەبن کە لە زانکۆی کەربەلاوە دەردەچێت بەرەو ڕەوزەی پیرۆزی حوسەینی و عەباسی. هەر زانکۆیە لافیتەکەی بە ناوی خۆیەوە بەرز دەکاتەوە و کۆلێژەکانیش بە هەمان شێوە. خوێندکارەکان لە گرووپی گەورەگەورەدا خۆیان ڕێک دەخەن کە هەریەکەیان بە ناوێک یان تایبەتمەندییەک لە بنەماکان و ڕێنماییە پیرۆزەکانی ئیسلام ناو دەنرێت. ئاستی فراوانی وەلائی خوێندکارانی زانکۆ بۆ سەماحەتی شێخ یەعقووبی ڕوونە. لیژنەکان خزمەتگوزاریی خواردن و جێی حەوانەوە لە هەردوو موناسەبەکەدا پێشکەش دەکەن. بۆنەکە پێش کەوت و بوو بە (پێکگەیشتنی زانست و دین) یان (پێکگەیشتنی زانکۆکان و حەوزەی عیلمییە) و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، پاشان بوو بە مەوکیبی وشیاریی خوێندکاری و بە شێوەی گرووپی گەورە گۆڕان بۆ مەوکیبی تەعزێ لە زیارەتی فاتیمییەدا لە سێی جەمادیی دووەم.

 

 بەرهەمەکانی

بەرهەمەکانی بەڕێزی فرەچەشنن، لەپێناو لەخۆگرتنی پێداویستییە زانستی و فیکری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان. لە لایەنی حەوزەویدا کتێبی (فقه الخلاف)ی نووسیوە کە تا ئێستا یانزدە بەرگی لێ دەرچووە و تیایدا گرنگترین پرسە خیلافییەکانی تێدا هێناوە و توێژینەوەی قوڵی تێدا کردوون و گەیشتووە بە ئەنجامی وا کە هەموو لایەک ناچار دەکات کە دانی پێدا بنێن و ناوەڕۆکەکەی وەرگرن. هەروەها کتێبی (المشتق عند الاصولیین)ی بە دوو بەش نووسیوە کە بریتییە لە نووسینەوەی توێژینەوەکانی مامۆستاکەی، سەید سەدر (قدس سره)، هەروەها کتێبی (الریاضیات للفقیه) کە بریتییە لە بەرگێکی گەورە کە بێوێنەیە لەو بوارەدا و تیایدا باسی ئیستیدلالاتی بیرکاریی قووڵی کردووە لەسەر بابەتە فیقهی و ئوسوڵییەکان. هەروەها کتێبی (المعالم المستقبلیة للحوزة الشریفة) کە تیایدا هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەکەی خۆی بۆ چاکسازیی حەوزەی عیلمییەی تێدا ڕوون کردووەتەوە. هەروەها ڕێنوێنی بۆ خوێندکاران و وتاربێژان لە کتێبی (وصایا ونصائح الی الخطباء وطلبة الحوزة الشریفة).

 سەبارەت بە قورئانی پیرۆز و تەفسیری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسیی قورئان، بەڕێزی کتێبی (قبسات من نور القرآن) نووسیوە کە تێیدا ڕاڤەی هەندێک ئایەتی قورئانی تێدایە و ڕادەی سوودبینینی ئوممەتی تێدایە بە مەبەستی قووڵکردنەوەی پەیوەندیی کۆمەڵگە بە سەرچاوەکانی وەحیی ئیلاهییەوە.

لە پێناوی پەروەردەکردنی سەرکردە و چاکسازانی ئوممەت، کتێبی (الاسوة الحسنة)ی نووسیوە کە بریتییە لە وانەگەلێک لەبارەی پێگەیاندنی خود کە لە سیرەی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله) وەرگیراوە. هەروەها کتێبی (دور الائمة في الحیاة الاسلامیة) کە یەک بەرگە و دەربارەی ڕێکارەکانی کاری کۆمەڵایەتییە و لە سیرەی ئیمامانی مەعسووم وەرگیراوە. هەروەها (شکوی القرآن) کە تیایدا گەورەیی قورئان باس دەکات وەک چارەسەرێک بۆ چاکسازیی ئوممەت و هیدایەتی پاش ئەوەی لە دوو کتێبی پێشتردا گەورەیی چارەسازی ڕوون کردۆتەوە کە بریتییە لە پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وآله وسلم) و ئیمامانی مەعسووم و شێوازی کارکردنیان. پاشان کتێبی (شکوی المسجد) و (شکوی الامام) و (شکوی العالم)ی دوابەدوای ئەوانە نووسی بەو پێیەی هەموویان ڕەگەزەکانی هێزی ئوممەت و گەشەسەندنین.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی تێزی (الفقه الاجتماعي) کە داوا لە ڕاکێشانی سەرنجی فوقەها دەکات بۆ لای، زیاد لە بیست کتێب چاپ کراوە کە تیایدا توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەدوێنێت وئەم کتێبانە نووسراون: فیقهی کارمەندان، کرێکاران، ڕاوچی، سەرتاش، بەرگدروو، زێڕەنگەر، شۆفێر، پۆلیس، مامەڵە بە دۆلار، پزیشکان و دەرمانخانەکان و جووتیاران و تاد. پاش ئەوەی هۆکارەکانی ئەم تێزە و سەرچاوەکانی و چۆنیەتیی جێبەجێکردنیی نووسیوە لە کتێبی (الاسس العامة للفقه الاجتماعي).

گرنگیی بە لاوان داوە و کتێبی (فقه صلبة الجامعات) و (الحوزة وقضایا الشباب)ی نووسیوە و بە چاودێریی ئەو کتێبی (دروس للصبي المسلم) و (دروس للفتی المسلم) و چیرۆک و داستانی جۆراوجۆر چاپ کراوە.

هەروەک چۆن گرنگیی بە ڕۆشنبیرکردنی ژن و وشیارکردنەوەی داوە و لەم بوارەدا کتێبی (فقه المرأة المسلمة) و (دور المرأة في بناء العراق الجدید) و (الخطابة النسائیة بین الواقع والطموح)ی نووسیوە و بە چاودێریی ئەو کتێبی (رفقا بالرجال یا قواریر) و (الاربعون حدیثا في قضایا المرأة) و (فلسفة تشریعات المرأة)ی نووسیوە.

تیۆریاکانی و پڕۆژە سیاسییەکانی و هەڵوێستە کانی لە ڕووداو و بابەتە جیاجیاکاندا لە زنجیرەیەک کتێبدا لەژێر ناونیشانی (خطاب المرحلة) نووسیوە و تا ئێستا یانزە بەرگی لێ دەرچووە و ژمارەی وتارەکانی لە چوارچێوەی زنجیرەی (خطاب المرحلة) گەیشتۆتە (٥٩٣) وتار –جگە لە لێدوان و وتە و سەرنجە پەرشوبڵاوەکان- کە دەسپێکی لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕووخانی ڕژێم بوو تا  ئایاری ٢٠١٩ ز.

چالاکییەکی تری کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیی بۆ تەرخان کردووە بریتییە لە دەستنیشانکردنی دیاردەکانی لادان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەرکردنیان بە شێوەی بەیاننامە و فەتوای تێروتەسەل کە ئامۆژگاری و ڕێنمایی و ئاوڕدانەوە لە کاریگەرییە خراپەکانی لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیی و فیکرییەوە لەخۆ دەگرێت. بڵاوکراوەکانی لەم بوارەدا لە سەردەمی ڕژێمدا بە هەزار دانە دابەش دەکران و بووبوونە جێی نیگەرانی وەک بە ڕاشکاوییش باسیان کردبوو. لەم بوارەدا چەند ئەڵقەیەک لە کتێبی (ظواهر اجتماعیة منحرفة)ی بڵاو کردەوە و چواردە کتێبی تریشی لە زنجیرە کتێبی (نحو مجتمع نظیف) و (احذر في بیتک الشیطان) و (فقه العائلة) و (الزواج والمشکلة الجنسیة) و تاد. چاپ کردووە.

 پاش ئەوەی ڕۆژئاوا دەسپێکی (پێکدادانی شارستانییەتەکان)ی ڕاگەیاند لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی موسوڵمان پاش ڕووداوەکانی (١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١)، بەڕێزیان سەرکردایەتیی پڕۆژەیەکی کرد بۆ ڕوونکردنەوەی بنەماکان و بەشە گرنگەکانی هەردوو شارستانییەتەکە و لەپێشتریی شارستانییەتی ئیسلام  لە کتێبی (نحن والغرب) کە حەوت کتێبی لێ دەرچوو.

وتاری زۆریشی هەیە لەبارەی تەزکیەی نەفس و ئەخلاق و گەڕانەوە بۆلای خوای گەورە و کتێبی (قنادیل العارفین)ی چاپ کردووە کە یەک بەرگە و دتایدا نامەگۆڕینەوەکانیی لەم بوارەدا لەگەڵ شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) لە هەردوو ساڵی ١٩٨٦- ١٩٨٧ تێدا کۆ کردۆتەوە.

کتێبێکیشی هەیە (من وحي الغدیر) کە تێیدا دیفاعی زانستیی لەم پرسە عەقیدەییە گرنگە کردووە هەروەها کتێبی (من وحي المناسبات) کە بریتییە لە کۆمەڵە وتارێک لە بۆنە جیاوازەکاندا.

هەروەک چەند سیرە و ژیاننامە و توێژینەوەی مێژووییی نووسیوە وەک (الشیخ موسی الیعقوبي: حیاته- شهره) و (هل للخنساء اربعة بنین استشهدوا دي معرکة القادسیة) کە وەک پاڵپشتیی ئوممولبەنین دایکی عەباسی کوڕی ئەمیری ئیمانداران و براشەهیدەکانی لە کەربەلا نووسیویەتی. هەروەها کتێبێک لەبارەی جەعفەری تەیارەوە.

کتێب و نامیلکەی تریشی هەن کە هێڵی گشتیی بیری دیاری دەکەن کە پاشان هەندێک لە خوێندکارە خوێندەوارەکانی داوای نووسینەوەیان کردووە لەژێر چاودێریی بەڕێزی و پێداچوونەوەی و ڕێکخستنەوەی و ژمارەیەکی بەرچاوی لێ دەرچوو و هەمووی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی یان چارەسەری حاڵەتی شەخسی نووسراون بە بیر و هزری وردی بە فەزڵی خودای گەورە.

(فقه الخلاف):  تا ئێستا یانزدە بەرگی لێ دەرچووە و دووی تریشی لەژێر چاپدایە و وتارەکانی (االبحث الخارج في الفقه)ی زۆی تۆمار دەکات کە لە نەجەفی ئەشرەف پێشکەشی دەکات. شێوازی باسەکان کە بەڕێزی (دام ظله) هەڵی بژاردووە بریتییە لە توێژینەوە لە پرسە خیلافییەکاندا کە بریتییە لە تاکە مەنهەجێک لە نەجەفی ئەشرەف کە بەڕێزی پرسگەلێکی هەڵبژاردووە کە بووە بە مەیدانێکی پێشبڕکێی زانستیی قووڵ و ورد لەنێوان فوقەهادا سەرەڕای لایەنی تر وەک بابەتی ڕۆژانە کە زۆری پرسیار لەبارەوە کراوە و توێژینەوەی ئەکادیمیی زانستە هاوچەرخەکانیش لەخۆ دەگرێت.

(خطاب المرحلة): یانزدە بەرگی لێ دەرچووە کە وتارەکانی سەماحەتی مەڕجەع و لێدوانەکان و هەڵوێستەکانی بەرانبەر ڕووداوەکان و بەیاننامەکانی و ڕێنماییەکانی بۆ ئوممەت لە گرتنەدەستی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و پاڵپشتیکردنی و درێژەپێدانی لە عێراق پاش شەهیدبوونی سەید سەدری دووەم (قدس سره) ساڵی ١٩٩٩ز. تۆمار دەکات و وتارەکانی بەگوێرەی مێژوو ڕێک خراوە بە جۆرێک کە لاپەڕەیەکی گرنگی مێژووی ئێراق و بزووتنەوەی ئیسلامی دەنوێنێت.

(الأسوة الحسنة للقادة والمصلحين): یەک بەرگە و سیرەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وآله) دەخاتە ڕوو بە توێژینەوەیەکی شیکاری لەگەڵ وەرگرتنی وانە و عیبرەت.

( دور الأئمة في الحياة الإسلامية): دوو بەرگە بە هەمانی میتۆدی ئەوەی سەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیرەی ئیمامانی مەعسووم (علیهم السلام) و ئامانجە هاوبەشەکانیان کە هەوڵیان داوە بۆ جێبەجێکردنی. بەرگی یەکەم لێدوانەکانی شەهید سەید سەدری دووەم (قدس سره) لەخۆ دەگرێت.

 

 (المعالم المستقبلیة للحوزة العلمية): یەک بەرگە و زیاتر لە ٢٠٠ لاپەڕەیە، سەماحەتی مەڕجەع (دام ظله) هێڵکاریی کشتیی پڕۆژەی چاکسازیی حەوزەی عیلمییەی تێدا نووسیوە. شەوی لەدایکبوونی سدیقەی تاهیرە ٢٠ی جەمادی دووەمی ١٤٢٠ ک. لە نووسینەوەی ئەم بیرۆکانەی بووەوە، واتە چەند مانگێک پاش شەهیدبوونی شەهید سەید سەدری دووەم.

  (الریاضیات للفقیه): یەک بەرگە و کتێبێکی بێوێنەیە لە بابەتی خۆیدا. بنەماکانی بیرکاری بۆ ژمارەیەکی زۆر لە پرسە فیقهییەکان لە بابەتگەلی جۆراوجۆردا ڕوون دەکاتەوە.

(المشتق عند الأصوليين): بەرگێکە و دوو بەشە. نووسینەوەی وتارە ئوسوڵییەکانی شەهید سەید سەدری تێدایە (قد سره) لە بابەتی موشتەقدا، سەید لە چوارچێوەی خولە ئوسوڵییەکەی خۆیدا چاپی کردبوو. (منهج الاصول).

(الشهید الصدر الثاني کما اعرفه): بەرگێکە و بیرەوەرییەکانی سەماحەتی شەهید سەید سەدری دووەمی تێدایە (قد سره)، هەروەها نامیلکە و توێژینەوەی ئاڵوگۆڕپێکراو لە نێوانیاندا و مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ هەردوو ساڵی ١٩٨٥ – ١٩٨٦.

(قنادیل العارفین): بەرگێکە و نامە ئاڵوگۆڕپێکراوەکانی نێوان سەماحەتی شێخ و شەهید سەید سەدری دووەمی (قد سره) تێدایە لەبارەی تەزکییەی نەفس و سلووکی بەرەو خوای مەزن. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧.

(ثلاثة یشکون): بەرگێکی گەورەیە و سێ کتێب لەخۆ دەگرێت لە ٤٨٠ لاپەڕەدا، سێ جار چاپ کراوەتەوە. کتێبەکە حەدیسێکی پیرۆز ڕاڤە دەکات دەربارەی سکاڵای قورئان و مزگەوت و ئیمام (علیه السلام) و هەریەکەشیان بە کتێبێکی سەربەخۆ چاپ کراون.

لە بنەڕەتدا زنجیرەیەک وتار بووە کە بۆ خوێندکارانی حەوزەی عیلمییەی پیرۆز لە نەجەفی ئەشرەف پێشکەش کراوە لە ڕێکەوتی ١٦ی موحەڕەمی ١٤٢٢ی ک. بە بۆنەی سەرەتای ساڵی  نوێی خوێندن.

(الفقه الاجتماعی): سێ بەرگە و پرسیاری شەرعیی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت کە سەماحەتی شێخ لەو ڕوانگەیەوە نووسیویەتی کە لەژێر ناونیشانی (بنەما گشتییەکانی فیقهی کۆمەڵایەتی) خستوویەتیە ڕوو.

 (نحن والغرب): کتێبێکە بنەماکان و لایەنە گرنگەکانی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و لەپێشتریی شارستانییەتی ئیسلام ڕوون دەکاتەوە. پاش ئەوەی (پێکدادانی شارستانییەتەکان) لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی موسوڵمان ڕاگەیەندرا پاش ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ کتێبەکە دەرچوو.

(من نور القرآن): کتێبێکە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی نەبەوی ئەو بابەتانەی وەرگرتووە کە پەیوەندیی بە پرسە عەقیدەیی، ئەخلاقی، فیکری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە. کەسێک کە بەدوای ئەم بابەتانەوەیە (ئەم وەرگیراوانە) بە شێوەیەکی هاوڕێک دەستی ناکەوێت چونکە لە بارودۆخی جیاواز و بە هۆکاری جیاواز نووسراون و هەمووی بە شێوەی تەفسیر نەنووسراوە و زۆربەی نووسینەوەی وتە ڕاستەوخۆکانی جەنابی مەڕجەعن کە بەپێی پێویستی و سروشتی ئامادەبووان و بۆنە جیاوازەکانی وەک جەژن و یادی مەعسوومان (ع) پێشکەش کراون.

(الفقه الباهر في صوم المسافر): ئەمە باسگەلێکی فیقهی خیلافە و کۆ کراوەتەوە و کتێبێکی سەربەخۆی لێ پێک هاتووە لە بابەتە ئیستیدلالییەکاندا لە بابەتی ڕۆژووی ڕێبوار و گرتنەوەی ڕۆژووەکە. ئەم کتێبە جیادەکرێتەوە بە قووڵیی زانستی و فرە لەخۆگرتن و مەوسووعیبوون و بەراوردکاریی ڕاوبۆچوونەکان و گریمانەکان و جورئەتی زانستی و تێکەڵکردنی زانستەکان وەک ئوسووڵ و ڕیجال و عەقیدە و مێژوو و زانستە ئەکادیمییەکان لە بۆتەقەیەکدا، هەروەها گونجاندنی پرسگەلی جۆراوجۆر لە مەنزوومەیەکی موتەکامیلدا، تایبەتمەندیی تریشی هەیە.

 (سبل السلام): ڕیسالەیەکی عەمەلیی سەماحەتی شێخە لە بەشی عیبادات و گرنگترین ئەحکامەکانی شەریعەت ڕوون دەکاتەوە. کتێبەکە هەرچەند لەسەر مەنهەجی فوقەهای هاوچەرخ ڕۆیشتووە، بەڵام لە هەناویدا نموونەگەلی گونجاوی لەخۆ گرتووە بۆ ڕۆشنبیریی هاوچەرخ و ڕوونکردنەوەی هەندێک پرسیش. هەروەک کتێبەکە هەندێک ئامۆژگاری و بابەتی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ لەخۆ دەگرێت بۆ پڕکردنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی حوکمی شەرعی. ٥ جار چاپ کراوەتەوە.

(شکل تعلق الزکاة بالمال): کتێبەکە لە چوارچێوەی زنجیرە باسێکی هەڵبژاردەدایە لە مەوسووحەی (فقه الخلاف) کە وانەکانی خاریجی فیقهی بەڕێز مەڕجەعی دینی، شێخ محەمەد یەعقووبی (دام ظله) تۆمار دەکات. باسەکە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی چۆنیەتیی پەیوەستبوونی زەکات دەکات بە سەرمایەوە کە تیایدا واجب دەبێت و ناساندنی ئەو چۆنیەتییە  زەروورییە بۆ دامەزراندنی ڕێسا لە ڕیزکردنی چەند لێکەوتە و لق و پۆیەکی، بە چاوپۆشین لە دەلیلە تایبەتەکانی وەک جەوازی مامەڵەکردن بە سەرمایەی زەکات پێش دەرکردنی و لەئەستۆگرتنی ئەوەی لێی بەفیڕۆ چووە، هەروەها مافی بەدەستهێنانی گەشە و شتی هاوشێوە. سەرەتا باسەکە بە شێوەی سەربەخۆ لە ژمارەکانی (٨٧، ٨٦، ٨٥)ی گۆڤاری فقه اهل البیت (علیهم السلام) لە بابەتی توێژینەوە ئیجتیهادییەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

(إجزاء الوقوف في عرفة مع العامة عند الاختلاف في الهلال): کتێبەکە لە چوارچێوەی مەوسووعەی (فقه الخلاف)دایە کە وانەکانی خاریجی فیقهی بەڕێز مەڕجەعی دینی، شێخ محەمەد یەعقووبی (دام ظله) تۆمار دەکات و پرسی دروستیی بەجێهێنانی مەناسیکی حەج دەکات وێڕای ڕاجیایی لەسەر بینینی هیلال لای ئێمە کە بە بەڵگەی شەرعی جێگیر دەبێت و لای ئەوانەی بە ڕای قازیی عاممە لایان جێگیر دەبێت. ئەوەش ڕوونە کە وەستان لە عەرەفە لەو واجبانەیە کە وەستاوەتە سەر کاتێکی دیاریکراو کە بریتییە لە نۆی زیلحەججە و مەرجی دروستیی ئەوەیە کە لە کاتی موعتەبەری شەرعییدا بێت.

بەشی یەکەمی باسەکە سەرەتا بەشێوەی سەربەخۆ لە ژمارە ٩٠ی گۆڤاری (فقه اهل البیت)([5]) (علیهم السلام) لە بەشێ توێژینەوە ئیجتیهادییەکان بڵاو کراوەتەوە.

(ميراث اولاد الاولاد): یەک بەرگە و ١٦٦ لاپەڕەیە لە بڵاوکراوەکانی (دار الصادقین)ە ساڵی ٢٠١٦. یەکێک لە باسە گرنگەکان لەخۆ دەگرێت کە سەماحەتی مەڕجەع (دام ظله) پێشکەشی خوێندکارانی خاریجی فیقهی کرد لە نەجەف. باسەکە گرنگیی زانستیی وەرگرتووە لەڕووی قووڵی و بەهێزیی باسەکانیەوە و داهێنان تێیدا بەتایبەت کە بابەتی بنەماچێکردنە کە فوقەها لێی نەدواون تا بگەن بە ئەنجامەکانی. بەڕێزی پرۆسەی هەڵێنجانی فیقهیی بە ڕێکارگەلێک دەوڵەمەند کردووە کە کەس ئاوڕی لێ نەداوەتەوە لە کاتی ئیستیدلالی قسەی پێچەوانەی ئیجماع. پرسەکە گرنگیی زانستیی هەیە لەبەر خستنەبەرباسی پرسی کۆمەڵایەتی کە حوکمی شەرعی تێیدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و گرفت دەبێتەوە کە بریتییە لە بێبەشبوونی منداڵی منداڵ لە میراتی کاتێک منداڵی ڕاستەوخۆ هەبێت کە ڕەنگە هەتیو و بچووک و لاواز و موحتاج بن. توێژینەوەکە لە گۆڤاری فیقهیی (فقه اهل البیت) (علیهم السلام) ژمارە ٨٨ بڵاو کراوەتەوە.

 

(ارث الزوجة من العقار): یەک بەرگە و لە ٣٢٥ لاپەڕەدایە لە بڵاوکراوەکانی (دار الصادقین)ە ٢٠١٦. کتێبەکە لەبارەی پرسی میراتیی ژنەوەیە لە موڵکدا کە بریتییە لە یەکێک لە چەند پرسی تر کە سەماحەتی مەڕجەع (دام ظله) لە کتێبی (المیراث) لێی کۆڵیوەتەوە و گەورە فەقیهانی ئەم بوارە وەسفی بابەتەکەیان کردووە بەوەی یەکێکە لە باسە ئاڵۆزەکانی ئەم بوارە، لەبەر ئەوە بەڕێزی دەستی کردووە بە توێژینەوە تێیدا لەبەر ئەوەی توێژینەوە لەم بوارانەدا مەلەکەی ئیجتیهاد قووڵ دەکاتەوە و بزاوتی هەڵگۆزین پەرە پێ دەدات.

توێژینەوەکە لەم پرسەدا زیاد لە بیست هەفتەی دەرسی درێژەی کێشا و بەڕێزی پێشنیاری داهێنەرانەی پێشکەش کردووە بۆ تێگەیشتن لە لایەنەکانی دەرچوونی ئەو حوکمە لە ئەهلوبەیتەوە (علیهم السلام) هەروەک باسەکە توێژینەوەی زانستیی بەرزی لەخۆ گرتووە.

 

 

 

 

 



[1] – ئێستا هەی لەژێر ناوی (جامعة باقر العلوم) (عليه السلام)

[2] – وێڕای ئەم خوێندنگایە، هەندێک خوێندنگەی دینیی تریش هەن لە نەجەفی ئەشرەف وەک خوێندنگەی ئیمامی جەواد (علیه السلام) کە زیاد لە دە ساڵە دامەزراوە و قۆناگی پێشکەوتووی خوێندنی هەیە. هەروەها زانکۆی ئیمامی باقر (علیه السلام) کە زیاد لە پێنج ساڵە دامەزراوە و ژمارەی خوێندکارەکانی دەگاتە (٢٠٠) خوێندکار لە قۆناغە جیاجیاکاندا. خوێندکار لەسەر ڕژێمی کۆرس بەشداری ئیمتیحان دەبێت. لە کووفەی پیرۆزیش خوێندنگەی وەک خوێندنگەی ئیمامی سادق (علیه السلام

 [3] – لە شێوەی ئەوە دەزگای پێکگەیشتنی زانست و دینی ژنانە هەیە.

[4]  سەندیکای سەیدە عەلەوییەکانیش پێوەی پەیوەست بوون.

[5] – گۆڤارێکی فیقهیی پسپۆڕیی بەهێزە، لەلایەن دزگای فیقهی ئینسکلۆپیدیای مەعاریفی فیقهی ئیسلامی بەپێی مەزهەبی ئەهلوبەیت دەردەچێت. ئەندامە لە ناوەندی تۆمارکردنی زانستەکان لە جیهانی ئیسلامدا  isc) ) لەژێر چاودێریی ئایەتوڵڵا سەید مەحموودی شاهروودی.